هەرێم؛ لەڕێگەی ئامێریکەوە سزای ئەو کەسانە دەدرێت کە مۆبایل بەکاردێنن لەکاتی شۆفێری


ژیان:

وتەبێژی هاتووچۆی هەرێم دەڵێت: دەیانەوێت لە رێگەی ئامێرێكەوە سزای ئەو كەسانە بدەن، كە لە كاتی شۆفێریدا مۆبایل بەكاردەهێنن.

ئەسعەد كەریم، وتەبێژی ھاتوچۆی ھەرێم ڕایگەیاندووە: کۆنگرۆڵکردنی دیاردەی بەکارهێنانی مۆبایل کارێکی ئاسان نیە لە هەرێمی کوردستاندا و بەشێکی زۆر لە شۆفێران بەهۆی بەکارهێنانی مۆبایلەوە لەکاتی شۆفێریدا ڕووداوی نەخوازراویان دروستکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە: بەپێی یاسا و رێنماییەكان، بەكارھێنانی مۆبایل لەناو ئۆتۆمبێلدا قەدەغەیە و لە كاتی بەكارھێنانیدا سزاكەی ٤٠ ھەزار دینارە.

ناوبراو بە ماڵپەری فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە: ھاتوچۆی ھەرێم لە پلانیدایە رێگری لە بەكارھێنانی مۆبایل بكات و بڕیارە لە رێگەی ئامێرێكەوە ژمارەی مۆبایلی ھەموو ساڵیانەكانی ئۆتۆمبێل بخرێنە نێو ئەو ئامێرەوە و لەلایەن ئەفسەرانی ھاتوچۆە بەكار دێت.

بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی هاتووچۆ، بەجۆرێک دەتوانن کۆنترۆڵی ئەو کەسانە بکەن کە لەکاتی شۆفێریدا مۆبایل بەکاردەهێنن و ئەو ئامێرەی باسی لێدەکەن ھەم ژمارەی مۆبایل و ھەمیش ژمارەی ئۆتۆمبێلەكە لەناو ئامێری بەردەست كارمەندی ھاتوچۆ نزیک لە ئۆتۆمبێلەکەوە ھەیە و لە رێگەی ناردنی نامەیەكەوە بۆ ژمارە مۆبایلی ئەو کەسەی سەرپێچیەکەی کردووە سزا دەدرێت.