ئەنچیلۆتی بە فەرمی بووە ڕاهێنەری ئێڤەرتۆن


ژیان:

ڕاهێنەر نوێیەکەی یانەی ئێڤەرتۆن ئاشکرابوو.

ئیدارەی یانەی ئێڤەرتۆن ڕایگەیاند: کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی بەفەرمی ئەرکی ڕاهێنەرایەتی یانەکەیان لە ئەستۆ دەگرێت و بۆ ماوەی ٤ ساڵ و نیو گرێبەستیان لەگەڵدا ئەنجامداوە.

ئێڤەرتۆن لەدوای دوورکەوتنەوەی مارکۆ سێلڤای ڕاهێنەری پێشوویان چەندین گفتوگۆی لەگەڵ ڕاهێنەرانی دیکەی وەک ئۆنای ئێمری و دەیڤد مۆیس و مارسیلینۆ ئەنجامدا، بەڵام دوای دوورکەوتنەوەی ئەنچیلۆتی لە یانەی ناپۆلی توانی بیگرێت بە ئامانج و بەشێوەیەکی فەرمیی بگەنە ڕێککەوتن.

ڕۆژنامە ئینگلیزییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەنچیلۆتی بەپێی بەو ڕێککەتننامەیەی لەگەڵ ئیدارەی یانە نوێیەکەیدا واژۆی کردووە دەبێتە یەکێک لەو سێ ڕاهێنەرەی کە زۆرترین داهاتیان هەیە لەسەر ئاستی جیهان.

ئەنچیلۆتی تەمەنی ٦٠ ساڵە و یەکێک لە دیارترین و بەئەزموونترین راهێنەرەکانی تۆپی پێیە، ئەمە جاری دووەمە لە پرێمەرلیگدا کاردەکات، دوای ئەوەی لەساڵی ٢٠٠٩ تاوەکو ٢٠١١ راهێنەرایەتی یانەی چێڵسی کرد.