کتێبی ژنە نووسەرەکانی کورد بڵاودەکرێتەوە


ژیان:

کتێبی ژنە نووسەرەکانی کورد کە چیرۆکی ژیان و مێژووی تایبەت بە بیست نووسەری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەخۆ گرتووە بڵاودەکرێتەوە.

لەو بارەیەوە زامدار ئەحمەد، نوسەری کتێبەکە بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند" ئەو کتێبە تایبەتە بە ژنە نووسەر و وەرگێڕەکانی کورد، کە بیست نووسەری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەخۆ گرتووە، کە ئەمانەن: "كوردستان موكریانی، شوكریه‌ ڕه‌سووڵ، سۆزان جه‌مال، مه‌هاباد حه‌سه‌ن، به‌یان سه‌لمان، شیرین. ك، ڤینۆس فایه‌ق، کنێر عەبدوڵڵا، گەلاوێژ خان، شیرین تاھیر، زێنه‌ب یوسفی، كازیوه‌ ساڵح، باران، چنار نامیق، چنوور نامیق، شلێر ڕه‌شید، نازەنين عوسمان، فه‌وزیه‌ ساڵح، زارا ستاوه‌ند، شیلان گه‌یلانی".

دەشڵێت" بەداخەوە تا ئێستا سەبارەت بە ژنانی نووسەری کورد، کتێب و نووسین کەمە، ئەگەر کەسێک بیەوێ دەربارەی ژنانی نووسەر و وەرگێری کورد زانیاری وەچنگ کەوێ، هیچی بەردەست نییە، لەکاتێکدا زانیاری باش و زۆر لەبارەی ژنە نووسەرەکانی زۆربەی وڵاتانی دیکە بەردەستە، بۆ وێنه‌: ژنانی ئەمریکی، ئەروپی، فارسی، تورکی و عەرەبی". 

ئاماژەی بەوەشکرد،ئەم کتێبە خانمه‌ نووسەر و وەرگێڕە زیندووه‌كانی لەخۆگرتووە، بەمشێوەیەش ویستوومانە مۆدیل و ڕەوتی "زیندوو کوژی مردوو پەرست" بگۆڕین، هەروەهائەو نووسەر و وه‌رگێڕانه‌ی لە سەرووی دە کتێبیان بڵاوکردۆتەوە لەچوارچێوه‌ی كتێبه‌كه‌دا بوونی هەیە. 

ئەو نوسەرە ئامەژئەی بەوەشکرد" ڕیزبه‌ند و دانانی خانمه‌ نووسه‌ره‌كان له‌ژێر بنه‌مای ژماره‌ی كتێبه‌كانیان دانراوه‌، كتێبه‌كانیشیان به‌شێوه‌ی ڕیزبه‌ندی له‌كۆنه‌وه‌ بۆ نوێ دانراوه‌ و ناساندن بۆ کتێبەکانین کراوە، هه‌روه‌ها چه‌ند كتێبێكی چه‌ند نووسه‌رێك له‌سه‌ده‌ی پێشوو چاپكراوه و له‌بازاردا نه‌ماوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ته‌نیا ناوی كتێبه‌كه‌مان هێناوه‌ و ناساندنمان بۆی نه‌كردووه‌.‌ هاوكات، به‌شێك له‌ تێكستی نووسه‌ر و وه‌رگێڕه‌كانمان داناوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زمانی نووسینی ئه‌و خانمانه‌ ئاشنابن". 

ناوبراو لە بارەی کتێبەکەوە وتیشی"ئەم کتێبە دەبیتە بەرگی یەکەم، لە داهاتوودا کار لەسەر بەرگی دووەمی کتێبەکە دەکرێ، کە چەندین نوسەری دیکەی کورد دیکە لەژێر بنەمای بەرگی یەکەم لە بەرگی دووەم دادەنرێ".

وتیشی" ئەم کتێبە لە دووتووێی ۳٥۰ لاپەڕە لە چاپخانەی چوارچرا-سلێمانی چاپکراوە.. لە سلێمانی لە کتێبخانەکانی ڕەهەند و چوارچرا، لە هەولێر لە کتێبخانەکانی فێربوون و مەم و زین دەست دەکەوێت".