ئەندام پەرلەمانە کوردەکان هێرشدەکەنە سەر ڕۆحانی

هۆکارەکەی بزانە

ژیان:

ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانی کورد لە پەرلەمانی ئێران هێرشی توند دەکەنە سەر سەرۆک کۆماری ئێران و دەڵێن: تۆ بەرپرسی لە کوژرانی دوو برا کۆڵبەرەکەی مەریوان.

نوێنەرانی پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی رۆژئاوا نامەیەکی کراوە ئاڕاستەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران دەکەن و تێیدا ئاماژە بەوە دەکەن: حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی وڵات بە بڕیاری بەفەرمی نەنانسی کاریی کۆڵبەری و داخستنی ڕێڕەوە سنوورییەکان بووەتە هۆی کوژران و ڕەق هەڵاتنی کۆڵبەران لە سنوورەکان.

دەشڵێن: بەجێگەی ئەوەی دەرفەتێکی لەبار تر بۆ خەڵکانی سەرسنوور فەراهەم بکەیت، بڕیاری کارناسانە و ڕێڕەوە سنوورییەکان دادەخەن و ئەواش تینی بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە هێناوە تا پەنا ببەنە بەر کاری کۆڵبەری کە رۆژانە بە دەیان کەس دەبنە قوربانی لەو ڕێگەیەدا.

لە کۆتاییدا وتوویانە: جەنابی سەرۆک کۆمار ئێوە بەرپرسی سەرەکی هەژاری و نەبوونی و کوژران و ڕەق هەڵاتنی خەڵکی بێ تاوان لە سنوورەکان و دەبێ لەبەردەم یاسا و دیوانی دادی خوداییدا وەڵامدەر بن.

ئەو نامەیەی ئەندام پەرلەمانە کوردەکانی ئێران لەکاتێکدایە، لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا دوو برای کۆڵبەر کە خەڵکی گوندی نێ-ی مەریوان بوون لە ڕێگای کۆڵبەریدا لەناو بەفردا ڕەق هەڵاتن و ئەو ڕووداوەش کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە لەسەر ئاستی ناوخۆییی و هەرێمی.