مۆری فەرمانگەکانی حکوومەت ساختە دەکرێت


ژیان:

بەڕێوەبەری کاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت: چەند کۆمپانیایەک مۆر و کڵێشە و نووسراوەکانی چەند فەرمانگەیەکی حکومەت ساختە دەکەن و بەشێکیشیان دەستگیرکراون.

کارزان عەلی بەڕێوەبەری کاری هەولێر ڕایگەیاندووە "بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ئێمەی لە حاڵەتی دەستبەسەرداگرتنی مۆرێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە کۆمپانیایەک ئاگادارکردەوە، دوای بەدواداچوونمان دەرکەوت کۆمپانیاکە مۆرەکەی ساختە کردووە و لە رابردوودا بەکاریهێناوە بۆ خۆدزینەوە لە باج و رسومات".

دەشڵێت: ئەو کەسانەی ساختەکارییەکەیان کردووە دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکەیان ناوە و رێکارە یاساییەکان گیراونەتە بەر.

ناوبراو ئەوەشی بە ئاژانسی ئانادۆڵۆ وتوە "بەپێی زانیارییەکانی کە هەیە، ئەو کەسانە مۆری ١٦ فەرمانگە و کڵێشەی حکوومییان ساختە کردووە و مامەڵەکانی خۆیانیان لە کارتی نشینگە و ڤیزا پێ رایی کردووە و لە حاڵەتێکدا دەبوو لەلای ئێمە دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ بکرێت و ئینجا کارتی نشینگەیان پێ بدرێت یان بۆیان تازە بکرێتەوە".