لەگەڵ نەمانی قەیرانی دارایی، هێشتا بێكاری بەرۆكی گەنجانی هەرێمی بەرنەداوە

حكومەتی هەرێم تەنانەت ئاماری بێكارانیشی لەبەردەستدا نییە

ژیان: سۆزان فەتاح

هەرچەندە ژمارەیەك لەو كۆمپانیا و كارگانەی داخرابوون دەستیان بە كاركردن كردووەتەوە، بەڵام هێشتا رێژەی بێكاری لە ئاستێكی بەرزدایە و وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمیش هیچ ئامارێكی بێكارانی لەبەردەستدا نیە.

رێباز حەیدەر، گەنجێكی تەمەن ٢٥ ساڵە ماوەی چەند ساڵێكە كۆلێژی ئاداب بەشی زمانی كوردی تەواو كردووە، بەڵام تا ئێستا بێكارە، ئەو بە ژیان-ی ووت: تا ئێستا نەمتوانیووە كارێكی تایبەت بەخۆم هەبێت.

ئەو گەنجە بەشێك لە هۆكارەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە لە ئێستادا بۆ كاركردن خواست لەسەرخانمان زیاترە بە بەراورد لە پیاوان دەشڵێت: ئەو مەرجانەی لەلایەن خاوەن كارەكانەوە پێویستیانە، مەرجی زۆر و داواكاری قورسیان هەیە كە لەتوانای هەموو كەسدا نیە.

رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان ئاستی بەرزە، بەڵام هیچ ئامارێكی ورد لەو بارەیەوە لەبەردەستدا نیە، حكومەتی هەرێم وەزارەتێكی تایبەتمەندی بە پەیداكردنی هەلی كار هەیە كەچی ئامارێكی بێ‌ كارانی لەبەردەستدا نییە، هەر بۆیە پێناچێت پلانێكی ئەوتۆی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە هەبێت.

لە رووی سەلامەتی تەندروستییەوە لقی سلێمانی یەكێتی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان بەشێكی بیناكەی داوە بە كەرتی تایبەت

چالاك ڕەئوف، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان، بۆ ژیان ووتی: تائێستا نە ئێمە و نە حكومەت داتایەكی فەرمیمان لە بارەی ژمارەی بێكارییەوە لەبەردەستدا نیە، بەڵام بەڕێژەیی دەتوانین بڵێین بێكاری لەئاستێكی بەرزدایە لەهەرێمی كورستان بەتایبەتیش لە سلێمانی. 

سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی سەندیكاكانی كرێكاران هۆكارەكەی بۆهاتنی كرێكارانی بیانی بەشێوەیەكی نایاسایی بۆ هەرێمی گەڕاندەوە، بەو پێیەی ئەو كرێكارانە بەبڕە پارەیەكی كەم كاردەكەن، ئەمەش هۆكارێك بووە بۆ لاوازكردنی هێزی كاری ناوخۆ، "كرێكارێكی خۆماڵی ناتوانێك بە بڕە پارەیەكی كەم ئیش بكات".

سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكاكە باس لەوەشدەكات: ئەو كرێكارانەی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە بەناوی گەشتیارەوە دێن و لێرە كرێكاری دەكەن هەموو مانگێك دەچنەوە سەر سنوورەكان و مۆڵەتەكانیان نوێ دەكەنەوە، ئەوەش بەشێكە لە زیادبوونی رێژەی بێكاری لەم ناوچەیەدا. 

"وەك سەندیكای كرێكارانی كوردستان، حكومەت بەپێی یاسای كار مەمەڵە لەگەڵ ئێمەدا دەكات كە یاسای ٧١ ی ساڵی ١٩٨٧ی عێراقی، چونكە تائێستا ئێمەش و دامەزراوەكانی تریش كە پەیوەندیدارن بەم بابەتەوە وەزارەتی كارو بەڕێوەبەرایەتیەكان بەم یاسایە مامەڵە لەگەڵ ئێمە دەكەن، بەڵام بەداخەوە ئەم یاسایە وەك خۆی جێ بەجێ ناكرێت رێنماییەكانی ناو یاساكەش وەك خۆی جێبەجێ ناكرێت. " چالاك رەئوف وای وت.

حكومەتی هەرێم وەزارەتێكی تایبەتمەندی بە پەیداكردنی هەلی كار هەیە كەچی ئامارێكی بێ‌ كارانی لەبەردەستدا نییە

هیچ یاسایەك نییە رێگری لە هاتنە ناوەوەی كرێكاری بیانی بكات

ئەو رەتیشی دەكاتەوە هیچ رێنمایی و دەقێكی یاسایی هەبێت رێگری لە هاوردەكردنی كرێكارانی بیانی بكات، ئەوەش رووندەكاتەوە بەئاسانی مۆڵەتیان پێ دەدرێت و كرێكارەكان لە دەرەوەی كوردستانەوە هاوردە دەكرێن و ئەم كارەش وەزارەتەكان دەیكەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ژیان كەوتووە ئەو كارگە بچووكانەی لە كاتی قەیرانی داراییدا داخران كۆمەڵێك كێشەی یاساییان هەیە كە تا ئێستا بەشێوەیەكی گونجاو نەكەوتوونەتەوە سەر كار و كرێكارەكان بخەنەوە سەر ئیش بۆیە هەموویان لە ئێستادا ژمارەی كرێكارەكانیان بۆ نیوە كەم كردووەتەوە. 

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، بە هۆكاری نەبوونی داتایەكی دروست ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێك لەسەر ئەو پرسە بۆ ژیان بدات، جگە لەوە عارف حیتۆ بەڕێوەبەری گشتی كارو دەستەبەری كۆمەڵایەتیش ئامادە نەبوو لەسەر ئەو بابەتە لێدوانی هەبێت.

حكومەت گرێبەستی كاری نەكردوەتە مەرجی سەرەكی لەگەڵ خاوەن كار كاتێك تەندەرەكان دەدات بە كۆمپانیا گەورە و بچوكەكان ئەوەش وایكردووە خاوەن كارەكان كرێكاری بیانی بەكاربهێنن و كرێكاری ناو هەرێم بێ كار بمێننەوە.

لە رووی سەلامەتی تەندروستییەوە لقی سلێمانی یەكێتی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان بەشێكی بیناكەی داوە بە كەرتی تایبەت و كراوە بە نەخۆشخانەیەكی تایبەت، هەر كرێكارێك هەڵگری پێناسی سەندیكا بێت بە رێژەی لە سەدا ٢٠دڵنیایی تەندروستی بۆ كردووە.