هەسەدە: هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بەردەوامن


ژیان: 
هێزەكانی سوریای دیموكراتی رایگەیاند، هێرشەكانی سوپای توركیا و چەكدارانی سەر بەو وڵاتە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بەردەوامن و بەوهۆیەشەوە زیانی لە موڵك و ماڵی هاوڵاتیانداوە.

هێزەكانی سوریای دیموكرات لە راگەیەنراوێكدا  لەبارەی هێرش و دەستدرێژیەكانی سوپای توركی لە رۆژئاوای كوردستان دەڵێت "هێرشەكان بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بەردەوامە و ئەوەش بە مەبەستی بەرفراوانكردنی پانتایی ناوچە داگیركراوەكانیان و چۆڵكردنی ناوچە مەدەنییەكان."

هەسەدجە ئەوەی راگەیاندووە كە گروپە چەكدارەكانی سەر بە سوپای توركیا، هێرشیان كردووەتە سەر گوندەكانی تل حرمل و ئوم شەیفا و عەبدولحەی لە سنوری سەرێكانی و لە ئەنجامدا زیانێكی زۆری مادی بەر موڵك و ماڵی هاوڵاتییان كەوتووە.

هەسەدەە رونیدەكاتەوە سوپای توركیا بە هاوەن و چەكی قورس هێرشیان كردە سەر ناوچە مەدەنییەكان لە گوندی خربەت بەقەرا و ئەریدییە و گەنتەری سەر بە شارۆچكەی عەین عیسا، لە ئەنجامی هێرشەكاندا زیانێكی زۆری مادی بەر ناوچەكە كەوتووە و ژمارەیەك لە دانیشتووانی ناوچەكەش بە ناچاری ئاوارە بوون.