رێبوار كەریم وەلی: یان شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت یان كودەتا دەكرێت


ژیان: 
رۆژنامەنوسێكی نزیك لە پارتی و سەرۆكی هەرێم چەند نهێنی و شیكارێك لەسەر نامەكەی سەرۆك كۆمار و كۆنگرەی یەكێتی ئاشكرا دەكات و دەڵێت پێویستە ئەو ئەندامانەی لە كۆنگرەی یەكێتی دەرنەچون خۆیان نەكەنە پاڵەوانی سۆشیال میدیا. 

رێبوار كەریم وەلی، رۆژنامەنوسی نزیك لە پارتی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دواین وتاریدا رایگەیاند: حیساباتی سەرۆك بەرهەم ساڵح، لە دوای ناردنی نامەكەی بۆ پەرلەمانی بەغدا كە تێیدا ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو دەست لەكار بكێشێتەوە، زۆربەیان گرتی، خۆی لای شەقام خۆشەویست كرد، ملكەچی گوشارەكان نەبوو، خۆی وەك سەرۆك كۆمارێكی بەهێز نیشاندا. 

 ئەو لە وتارەكەیدا كە 3 تەوەرە باسی ئەوەشی كردووە "ئەوەی ئەوجارە لە حیسابدا نەبوو ئەوە بوو كە بەشێكی بەهێزی پارتی لەگەڵ شیعە و سوننە، ئەو ئامادەییەی سەرۆك بەرهەم و دانپێدانانی خۆی بە رەفتاركردن پێچەوانەی دەستوور بقۆزنەوە و بیخەنە رۆژەڤی پەرلەمان و گەلەكۆمەی سیاسی".

ئەو پێشبینیشی كردووە دەستلەكار كێشانەوەی هەرسێ سەرۆكایەتیەكە كە جار جارە باسی لێوە دەكرێت ئەگەر سەر بگرێت ئەوا "ئیتر دەوڵەت كۆتایی دێت و، یان شەڕی ناوخۆ روودەدات، یانیش كودەتایەكی سەربازی بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی دەسەڵات دێتە ئاراوە."

 ئەو پێشبینی دەكات كە "سەرۆك بەرهەم ئەم چوار ساڵە تەواو ناكات. هەڵبژاردنی پێشوەختە لە پێشە و دواتر هەرسێ سەرۆكایەتییەكە دەگۆڕدرێن. ئەوەی ماوە بیكات ئەوەیە لە رۆژانی داهاتوو، ئاگرەكە هەڵداتە ناو كۆشی پەرلەمانەوە و ناوێك بنێرێ بۆ سەرقاڵكردنی كوتلەكان و ورووژاندنی شەقام لە پەرلەمان. بەوەش ئامانجی خۆی دەپێكێت و رەنگبێ سەرۆكایەتیی كابینەیەكی بچوككراوەی حكومەتی بەغدا بكات تا هەڵبژاردن".

 ئەو لە بەشی دووەمی وتارەكەیدا وەسفێكی زۆری یەكگرتوو دەكات و بە بونیاد نەری چەندین شێوازی كار و بەرهەمهێنەری ژمارەیەكی زۆر میدیاكای رێهاتوو دەزانێت و پێیوایە یەكگرتوو باشترین و مەعقولترین حزبی سیاسیە لە هەرێمی كوردستاندا. 

لە بەشی شێهەمی وتارەكەشیدا رەخنە لەو ئەندامانەی یەكێتی دەگرێت كە لە هەڵبژاردنەكانی كۆنگرەدا دەرنەچوون و دەڵێت "كۆنگرەی یەكێتی، بەشێكی زۆر لە سەركردایەتیی پێشوو وا بە شان و باڵی كۆنگرەیاندا هەڵدەدا، وەكو ئەوەی كۆنگرە دارعەسای سیحریی پێبێت. كە چوونە ناو ململانێ و دەنگیان نەهێنا، هەریەكە هەوڵ دەدات عوزرێك بۆ دەرنەچوون بدۆزێتەوە". 

ئەو لەو بارەیەوە رونیشی دەكاتەوە كە "یەك ناوی نەنووسراوە، یەك تا نیوەڕۆ یەكەم بووە و دوای نیوەڕۆ دەرنەچووە و یەكێك تەكەتولی نەبووە و چاوەڕێی هەڵوێستە دەنا دەیتەقێنێتەوە و...هتد. راستییەكەی ئەو قسانە پارە ناكەن" داواش دەكات ئەو ئەندامە دەرنەچوانە خۆیان نەكەنە پاڵەوانی سۆشیالمیدیا.