پۆلیسی سلێمانی: هەر هاوڵاتیەک تەقە بکات دەستگیردەکرێت


ژیان:
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لە شەوی سەری ساڵدا هەر هاوڵاتیەک تەقە بکات یان سەرپێچییەكی یاسایی تر ئەنجامبدات دەستگیردەکرێت و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە، ئامادەباشی تەواویان کردوە لە ڕێگەی تەواوی هێزەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە، بۆیە دڵنیایی دەدەین بەهاوڵاتیان، بەوەی هەموو رێكارێكمان بەدانانی مەفرەزە لەسەرجەم شەقام و كۆڵانەكان گرتۆتە بەر بۆ پاراستنی سەرو ماڵیان و بەڕێكردنی پشویەكی ئارام بۆ هەموان.

پۆلیسی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە تەقەكردن و هەر سەرپێچییەكی یاسایی تر، و دەشڵێت" مەفرەزەكانمان لەسەرجەم شوێنەكان بڵاوەیان پێكراوە ودەستبەجێ‌ كەسی سەرپێچیكەر دەستگیردەكرێت و ڕوبەروی یاسا دەكرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە" هاوڵاتیان دەتوانن لەكاتی بەدیكردنی هەر ڕوداوێكی نەخوازراودا پەیوەندی بەهێڵە گەرمەكانی پۆلیسی سلێمانییەوە بكەن 104 بەشی پۆلیسی فریاكەوتن ، 105 بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان" .