ئیسرائیل چەند جارێك هەڵكوشتنی سولەیمانی بۆ رەخساوە بەڵام جێبەجێی نەكردووە


ژیان:
رۆژنامەیەكی بەریتانی رایگەیاند كە كوشتنی فەرماندە ئێرانیەكە رووداوێكی مەترسیدارە و ئیسرائیل پێشتر چەند جارێك هەلی كوشتنی بۆ رەخساوە، بەڵام ئەو كارەی نەكردووە.

رۆژنامەی تەلیگرافی بریتانی، لەبارەی كوشتنی كوشتنی قاسم سولەیمانی، لە گورزێكی ئاسمانیی ئەمریكیدا، بە یەكێك لە گەورەترین پێشهاتەكان لەماوەی چەند دەیەی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێت و پێیوایە ئەو رووداوە وەك بەرمیلێكی باروت وایە.

رۆژنامەكە ئاشكرای كردووە ئیسرائیل چەند جارێك هەلی كوشتنی قاسم سولەیمانی، بەردەست بوو، بەڵام ئەوەی نەكرد، ئەمەش بەهۆی دەرئەنجام و لێكەوتەكانی لەناوبردنی بەهێزترین باڵی ئێران لەجیهاندا، ئەویش قاسم سولەیمانییە، كە كەسێكە جگە لە عەلی خامنەیی، هیچ كەسێكی دیكە ئەو هێزەی نییە لە ئێران.

ئەو رۆژنامەیە دەشڵێت ئەم كوشتنە لەڕووی گرنگی ستراتیجی و لێكەوتەكانی مەترسی كوشتنی ئوسامە بن لادن، سەركردەی رێكخراوی (ئەلقاعیدە) و ئەبوبەكر بەغدادی، سەركردەی رێكخراوی (داعش) تێدەپەڕێنێت.

رۆژنامەكە كە راپۆرتێكی لەبارەی ئەو رووداوە و پێشبینی كاردانەوە و لێكەوتەكانی بڵاوكردووەتەوە دەڵێت: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران چەند مانگێكە بە بەردەوامی تێكەڵی رووبەڕووبوونەوەی مەترسیدار بوونەتەوە، بەڵام كوشتنی قاسم سولەیمانی، مەترسییەكی گەورەیە.