ئێڕان لەم هەنگاوەیدا سەرکەوتوو بوو


ژیان: وەرگیراوە لە هەژماری ئارام رەفعەت

وەک چاوەروان کراو بوو، شیعەکان لە پەرلەمانی عێراقدا بڕیاری دەرکردنی (چونە دەرەوە)ی هێزەکانی بێگانە (ئەمریکا)ی تێپەڕاند. تێپەڕاندنی بڕیارەکە، جارێکی تر هەژموونی ئێران بەسەر شیعەکان و وابەستەی شیعەکانی بە ئێران سەلماندەوە، ئەگەر کوشتنی قاسم سلێمانی و پرۆکسییە عێڕاقییەکەی (ئەبوو مەهدی) بە گۆڵێک بۆ ئەمریکا هەژمار بکرێت، ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێڕاق گۆڵێ نییە بۆ ئێران، بەڵکو پەناڵتییەکە و لەبەرژەوەندی ئەودا.

بڕیارەکەی شیعەکانی عێراق پەناڵتییە بۆ ئێران نەک گۆڵ، چونکە بڕیارە نەک یاسا. لە یاسای پەرلەماندا حکومەتی عێڕاق پابەندە بە جێبەجێکردنی یاساکە، بەڵام بڕیارەکانی پەرلەمان حکومەت پابەند نییە.. ئێستا تۆپەکە لەدەست ئێراندایە و وەستاوەتە سەر ئەوەی چٶن حکومەتی عێڕاق (شیعەکان) ناچار دەکات پابەند بن بە بڕیاری پەرلەمانەکەیان و تا چەند دەتوانێت ئەمریکا ناچار بکات عێڕاق جێبهێڵێت.

هەر وەک چۆن دەرکەوت کە ئێران دەستی باڵای هەیە بەسەر پەرلەمانتارە شیعەکانی عێڕاقدا، بەهەمان شێوەش بەسەر حکومەتە شیعییەکەی عێڕاقیشدا. لەبیرمان نەچێت، ئەم کۆبونەوە و بڕیارەی پەرلەمانە لەسەر خواستی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیری کار بەرێکەری شیعەکان بوو، بیر لەوە مەکەنەوە ئەم بڕیارە بۆ کوردیش سوودی هەیە و دەتوانێت بەکاری بێنێت بۆ دەرکردنی سوپای داگیرکەری تورک لە باشور. ئەو بڕیارە تایبەتە بە ئەمریکا و پەرچەکردارە بۆ کوشتنی قاسم سولێمانی و دوور و نزیک پەیوەندی بەهێزەکانی تورک، یان تۆڕەکانی ئیتیلاعات لە باشور نییە. جگە لەوە هێزەکانی تورک لەسەر داوای بنەماڵەیەکی کوردی حاکم هاتونەتە باشور.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە