٣٠ رۆژ زیاتر تێپەڕیوە دابەشکردنی مووچە دەستیپێنەکردوە


ژیان:

هەرچەندە وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە بە ٣٠ رۆژ جارێک مووچە دابەشدەکرێت، بەڵام ٣٠ رۆژ زیاتر تێپەڕیوە و تا ئێستا دەنگی دابەشکردنی مووچە نییە و وەزارەتی دارایش هیچ رونکردنەوەیەکی نەداوە.

بە پێی مانگەکانی رابردوو بێت دەبێت لە ٥ی هەموو مانگێک دابەشکردنی مووچە دەستپێبکات، بەڵام تا ئێستا مووچە دابەشنەکراوە و وەزارەتی دارایش هیچ رونکردنەوەیەکی نەداوە، تەنها لە ڤایبەر گروپێک هەیە مانگانە خشتەی دابەشکردنی مووچەی تێدا بڵاودەکرێتەوە، بێ ئەوەی وەڵامی هیچ پرسیارێکی دیکەی رۆژنامەنووسان بدرێتەوە لەو گروپەدا.

ژیان پەیوەندی کرد بە ئەحمەد عەبدولرەحمان، وتەبێژی وەزارەتی دارایی لەسەر دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ قسەیەک لەسەر ئەو باباتە بکات و وتی" ئەوەی پەیوەندی بە مووچەوە هەبێت لەو گروپی ڤایبەرە دادەنرێت، لە کاتێکدا ئەو گروپە تەنها خشتەی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی تێدا بڵادەکرێتەوە و وەڵامی هیچ پرسیارێکی رۆژنامەنووسان نادرێتەوە سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە".

سەبارەت بەوەی کەئایا ئەو مووچەیەی دابەشدەکرێت هی مانگی ١٠ی ساڵی رابردووە یاخود هی مانگی یەکی ئەمساڵە وتەبێژی وەزارەتی دارایی وەڵامی نەدایەوە.

هەرچەندە هەندێک زانیاری باس لەوەدەکەن کە سبەینێ سێ شەممە دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بڵاونەکراوەتەوە.