هێزێكی ئەمریكی وێرانكەر ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوە


ژیان: 

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند لە ئەگەری هەر وەڵامێكی ئێران بۆ كوشتنی فەرماندەی فەیلەقی سوپای قودسی سوپای پاسداران هێزێكی وێرانكەر ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوە. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، رایگەیاند: هەر كاردانەوەیەكی ئێران لەسەر كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی قودسی ئێران، رووبەڕووی هێزێكی ئەمریكی وێرانكەر دەبێتەوە.
سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێكیدا بۆ رادیۆیەكی ناوخۆی وڵاتەكەی دەڵێت "باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، قاسم سولەیمانی وەك تیرۆریست پۆلێن كرد، بەڵام هیچی نەكرد جگە لەوەی 150 ملیار دۆلاری دا بە ئێران". 
ناوبراو وتیشی "سولەیمانی فەرماندەیەكی سەربازیی راستەقینەیە و ئەو تیرۆریستەیە كە بەرپرسە لە كوشتنی هەزاران كەس" هەر بۆیە هێرشمان كردە سەری و لەناومان بردهەرچەندە دەبوو 15 ساڵ پێشتر لە ناو ببرایە. 
ئەو لێدوانەی ترەمپ لە كاتێكدایە كە بەرپرسێكی سەربازی رایگەیاندووە فرۆكەی بی 52 یان رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە و ئامادەن بۆ هێرش كردنە سەر ئێران ئەگەر ئێران هێرش بكاتە سەر هێزەكانمان. 
پێشتریش لە هێرشێكی كتوپڕدا فرۆكەیەكی بێ فرۆكەوان لە بەرەبەیانی 3ی ئەم مانگە لە نزیك فرۆكەخانەی بەغداد بۆردوومانی هەریەكە لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسی كرد و لەگەڵ چەند كەسێك لە هاوكارەكانی كوشتیانن.