پۆڵا تاڵەبانی داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەکات


ژیان:
ئەندامێکی ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی رایدەگەیەنێت، پێویستە بە زوترین کات کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بکرێت بۆ دانانی پەیڕەوی ناوخۆ و دەستنیشانکردنی کەسەکان بۆ شوێنەکان و دەستبەکاربوونیان.

پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی ئەئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمان کوردستان لە نوسینێکدا بۆ (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ناردوە دەڵێت" رۆژەڤی سیاسی و ئابووری دوو گەرموگوڕترین بابەتی گورەپانی ناوخۆ و دەرەوەن، بەهۆی رەوشی عێراق ،خەڵکی هەرێمی کوردستان کەوتووتە دڵەڕاوکێ تا ڕادەیەک، چونکە پاشەڕوژەکەی خۆی بە رۆنی نابینێت". 

دەشڵێت" لەم ساتەدا وڵات پێویستی بە عەقڵی سیاسی پێگەیشتوو و بریاردەرە بوێرەکان هەیە، وەک دەزانین یەکێتی نشتیمانی کوردستانیش یەکێکە لەهێزە کاریگەرەکانی بریاربەدەست لە هەرێم، کەواتە ئەمرۆ پێویستمان بەبڕیاری یەکێتییە بۆ دوارۆژی ئەم وڵاتە".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکردوە" پێویستە ببە زوترین کات کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بکرێت بۆ دانانی پەیڕەوی ناوخۆ و دەستنیشانکردنی کەسەکان بۆ شوێنەکان و دەستبەکاربوونییانە، تاوەکو لەم دۆخە هەستیارەدا  بەستراتیژێکی بەهێزەوە ڕۆڵی خۆیی بگێڕێت وەک هێزێکی کاریگەر لە کوردستان و عێراق بۆ پاراستنی دەستکەوت و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان".