حکومەت دوو بڕگەی دیکەی بۆ پڕۆژە یاسای چاکسازی زیادکرد


ژیان:
لەسەر پێشنیازى پەرلەمانى کوردستان، حکومەتى هەرێم دوو بڕگەى نوێی بۆ پڕۆژەیاسای چاکسازى موچە و خانەنشینى پەسەندکرد کە تایبەتن بە کەمترین موچەى خانەنشینى و شایستەى دارایی موچەخۆران.

ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمی کوردستان، دواى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت" ئەنجومەنی وەزیران دوای ڕاوێژ لەگەڵ لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمان، دوو بڕگەی نوێی بۆ پڕۆژەیاساى چاکسازى پەسەند کرد کە یەکێکیان تایبەتە بە پاراستنی گشت شایستە داراییەکانی مووچەخۆران لە ئەژمێرێک کە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە رێنماییەک رێکیدەخات".

بە پێی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕگەیەکی دیکە کە بۆ پرۆژەکە زیادکراوە بریتییە لە" ئەولەویەتدانی حکومەت بە پێداچوونەوە بە کەمترین مووچەی خانەنشینی، لە دەرئەنجامی ئەو بڕە پارەیەی کە چاوەڕوان دەکرێت بگەڕێتەوە لە دوای چوونە بواری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی پاش تەشریعکردنی لەلایەن پەرلەمانی کوردستان".

" ئێمە بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ گرژی و ئاڵۆزبوونی زیاتری بارودۆخی عێراق و ناوچەکە نین، چونکە زەمینە بۆ سەرهەڵدانەوەی تووندوتیژی زیاتر و چالاکی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەرەخسێنێ بە تایبەتی داعش، هەرێمی کوردستانيش بە هاوکاری هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" ئەنجوومەنی وەزیران وادەڵێت.

لە کۆتای راگەیەندراوەکەشدا دەڵێت" حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکانی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ پاراستنی مافە دەستووریی و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".