"داهاتی یەك مانگ هاوردەكردنی هێلكەی قاچاخ نۆ ملیۆن دۆلارە"


ژیان: گەرمیان خالید گڕاوی

هاوردەكردنی هێلكە بە قاچاخ لە خاڵە سنوورییەكانی هەرێمەوە بەردەوامە و شەوان چەندین كۆنتێنەر هاوردە دەكرێن بێ ئەوەی پشكنیان بۆ بكرێت و باجی گومرگیان لەسەر دابنرێت.

بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بە ژیانی راگەیاند، لە تێكڕای خاڵە سنوورییەكانی هەرێمەوە رۆژانە و شەوانە ئەو هێلكانە لە توركیا و ئێرانەوە هاوردە دەكرێن لەكاتێكدا لەلایەن دەستەی گومرگی عێراقەوە قەدەغە كراوە.

بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم، لە خاڵە سنوورییەكان ئاسانكاری بۆ ژمارەیەك بازرگانی بەرپرس دەكرێت و لەلایەن هێزی چەكداری تایبەتەوە پاسەوانی دەكرێن.

بەرپرسەكەی كشتوكاڵ باسی لەوەكرد، مەترسی گەورە لەسەر ئەمجۆرە هاوردەكردنە ئەوەیە هیچ پشكنینێكی بۆ ناكرێت و نازانرێت سەرچاوەی هێلكەكە كوێیە، پاشان هیچ گومرگێك ناكرێت.

مەترسی گەورە لەسەر ئەمجۆرە هاوردەكردنە ئەوەیە هیچ پشكنینێكی بۆ ناكرێت و نازانرێت سەرچاوەی هێلكەكە كوێیە

لەو بارەوە ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوبەری گشتی گومرگی هەرێم، ووتی "هاوردەكردنی هێلكە بە قاچاخ لە خاڵە سنوورییەكانەوە پەیوەندی بەمنەوە نیەو وەڵامی نادەمەوە، بەڵكو ئەوە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە هەیە، وەڵامم نییە."

سەرۆكی حكوومەت لە بابەتەكە ئاگادار كراوەتەوە

عەلی حەمە ساڵەح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە ژیانی وت، ماوەی سێ مانگە لەسەر ئەم پرسە كاردەكەن، بەڵام هیچ ئەنجامێكیان دەست نەكەوتووە.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەكرد لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم خۆیان لەو پرسە دەدزنەوە و وتی: "وەزارەتی كشتوكاڵ خۆی لێ بێ بەری دەكات خاڵە سنوریەكانیش كە دەڵێن پەیوەندی بە ئێمەوە نییە."

عەلی حەمە ساڵەح وتیشی "رۆژانە بە بەرچاوی ئێمەو حكومەتەوە هێلكە، جگەرە چەندین كاڵای تر، داخڵ دەكرێ، حكومەتی هەرێم لێی بەرپرسە."، ئەوەش ناشارێتەوە بەشێك لە بەرپرسان ئەو كاڵایانە بە زەبری چەك داخڵ دەكەن.

بەپێی زانیارییەكانی ئەو پەرلەمانتارە داهاتی یەك مانگی هێلكەی قاچاغ نۆ ملیۆن دۆلارە و چەند بەرپرسێكی باڵاو هێزی ئەمنی لەو دۆسیەیە تێوەگلاون دەشڵێت، "سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت، وەزیرەكان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و داراییمان ئاگاداركردووەتەوە.

دەستگیركردنی باندێكی لە خاڵی سنووری باشماغ راگەیاند كە ئاسانكارییان بۆ بردنە دەرەوەی بە قاچاغی دەیان تۆن خواردنەوەی كحولی كردووە لە ناو تەنكەری نەوتدا

ئەمە لە كاتێكدایە، حكومەتی عێراق ناوەڕاستی ساڵی رابردوو بە مەبەستی پشتیوانیكردن لە بەرهەمی ناوخۆیی هاوردەكردنی هێلكەی لە تەواوی خاڵە سنوورییەكانی عێراقەوە قەدەغە كرد.

هاوكات هەفتەی رابردووش بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا دەستگیركردنی باندێكی لە خاڵی سنووری باشماغ راگەیاند كە ئاسانكارییان بۆ بردنە دەرەوەی بە قاچاغی دەیان تۆن خواردنەوەی كحولی كردووە لە ناو تەنكەری نەوتدا.

بەپێی راگەیەندراوەكەی ئاسایش، حەوت كارمەندی بەشی سۆناری مەرزی باشماخ دەستگیركراون و دانیان بەوەداناوە چەندینجار ئاسانكارییان بۆ هەناردەكردن و هاوردەكردنی مادەی قاچاخ كردووە.