ئێران رێگری لە 90 ئەندامی ئەنجومەنی شورا دەكات خۆیان كاندید بكەنەوە


ژیان:  
تا ئێستا لە ئەنجومەتی چاودێری ئێران 90 ئەندامی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمان) كە خۆیان كاندید دەكەنەوە رەتكراوەتەوە و ئامارەكەش ئەگەری گۆڕینی هەیە.

عەباس عەلی كەدخودایی، وتەبێژی ئەنجومەنی چاودێری ئێران، رایگەیاند: 90كەس لە نوێنەرانی ئێستای ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمان)، لەلایەن دەستەی چاودێری ئەنجومەنی چاودێری ئێرانەوە شایستەییان ڕەتكراوەتەوە.

ناوبراو ئەوەشی رونكردەوە، هۆكاری ڕەتكردنەوەی شایستەیی ئەو پەرلەمانتارانە گەڕاندووەتەوە بۆ گەندەڵی ئابوری، پێشبینیشی كرد لە قۆناغی دووەمی تاووتوێ كردنی شایستەییەكان لەوانەیە ئامارەكە بگۆڕدرێت. 

هاوكات بەشێك لە میدیا ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران باس لەوە دەكەن ئەو ئەندامانە بەهۆكاری سیاسی رەتكراونەتەوە و لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە رێگریان لێدەكرێت. 

بڕیارە ٢١ی مانگی داهاتوو لە ئێران هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمان) بەڕێوەبچێت و هەڵبژاردن بۆ 292 ئەندامی ئەنجومەنەكە دەكرێت.