پارتى و یەکێتى لەژێر بارى گرەوى ئەمریکا و ئێران دەردەچن؟

"دوا پەیامى ئەمریکا بۆ کورد ئەوەبووە، لەناوچەکە دەمێننەوە"

ژیان:

گرەوى ئێران و ئەمریکا لەعێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەسەر "ئایندەى سوپاى ئەمریکا"یە لەناوچەکە، ئێران بەهەموو تواناى هەوڵى ئەوەدەدات سوپاى ئەمریکا لەناوچەکە بکاتە دەرەوە، ئەمریکاش بەڕوونى لەدانیشتنەکانى لەگەڵ بەرپرسەکانى کوردى ئەوەى وتووە "سوپاى ئەمریکا لەناوچەکە دەمێنیتەوەو بەردەوام دەبێت لەسەر ئەرکەکانى".

لەم ماوە کەمەدا قاسم سولەیمانى فەرماندەى فەیلەقى قودسى سوپای پاسداران لەبەغداد کوژرا، ڕەنگە سەخترین ماوەبێت لەبەردەم هەرێمى کوردستان کەوتووەتە ژێر فشارى ئەمریکاو ئێران بۆ لایەنداریکردنیان وەکو بەرەى شەڕ.

٣ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٠، ئێوارەى ئەو ڕۆژەى سولەیمانى و موهەندیس کوژران مایک پۆمپیۆ ئەندازیارى کوشتنى سولەیمانى و وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا پەیوەندیکرد بەمەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانى کوردستان مەسعود بارزانى، پۆمپیۆ داواکارى ئەوەبوو کورد نەچێتە ژێربارى داواکارى ئێران و شیعە بۆ دەرکردنى هێزەکانیان لەعێراق، پۆمپیۆ لە پەیوەندى تەلەفۆنى لەگەڵ بارزانى باوکوکوڕ دڵنیایى وەرگرت کوردستان لەبەرەى ئەمریکایە نەک ئێران. 

ئاژانسى هەواڵى "تەسنیم"ى ئێرانى کە ئاژانسێکى فەرمى ئێرانەو تایبەتە بەڕونکردنەوەى سیاسیەتى دەرەوەى ئێران، لەڕاپۆرتێکى پڕهێرش و پلارى سیاسى دا زۆر بەڕوونى هێرشى کردە سەر بارزانیەکان "بەدووڕ"و وەسفى کردن بەتایبەتیش فۆکەسیان لەسەر نێچیرڤان بارزانى بوو، چونکە نێچیرڤان بارزانى بە ئەندازیارى ڕازیکردنى لایەنە کوردییەکان دادەنرێت لەوەى نەیهێشت کورد بچێتە ناو پەرلەمانى عێراق و دەنگ بۆ دەرکردنى سوپاى ئەمریکا بدات.

ئاژانسە ئێرانیەکە ناڕاستەوخۆ نیگەرانى ئێرانى پیشان دەدا، بۆ ئەوەى کورد بەتایبەت پارتى بەرەى ئەمریکاى هەڵبژاردووە نەک ئێران، ئەمەش بۆ ئێرانیەکان جێگەى هەڵوەستە لەسەرکردن بوو، بۆیە عەلى خامنەیى چەندجارێک ئەوەى وتووە: "لەئەمریکا و هاوکارەکانى خۆش نابن".
بۆچى هەولێر؟
دورترین ئامانجى ئەمریکا لەئێرانەوە هەولێربوو، بەڵام ئێران هەولێرى بەئامانج گرت و دوو موشەکى ئاڕاستەى (فڕۆکەخانەى هەریر)کرد کە بنکەیەکى نوێیەو ساڵى ٢٠١٤ کرایەوە بۆ  هێزەکانى ئەمریکاو هاوپەیمانان لەهەولێر.

ئێران لەبارەى بەئامانجگرتنى فڕۆکەخانەى هەریر لەڕێگەى ئاژانسى فارس نیوزى سوپاى پاسدران، ئەوە دەڵێت: "فڕۆکەخانەکە بووەتە ناوەندێکى هەواڵگرى و سەربازى بۆ سوپاى ئەمریکا ئیسرائیل، بۆیە بەئامانج کراوە".

بەووتەى چەند بەرپرسێکى سیاسى و سەربازى هەرێمى کوردستان، دوو ئامانج لەپشت هێرشەکەى ئیرانەوە بووە بۆ سەر بنکەکە سەربازییەکەى ئەمریکا لەهەولێر، یەکەمیان پیشاندانى بەرپرسانى ئەمریکا کە ئەگەر لەبەغداد نائارامبن ناتوانن لە هەولێر ئارام بگرن، چونکە بەگوێرەى زانیارییەکان بەشێکى زۆرى بەرپرس و دیپلۆماتکارە گرنگەکانى ئەمریکا دواى چۆڵکردنى باڵوێزخانەى بەغداد کشاونەتەوە هەولێر، دووەمیشیان بۆ بەرپرسانى پارتى و هەولێربوو کە "داڵدەدان و پاراستنى ئەمریکیەکان" ئاسان نیە و توشى زیانتان دەکات.
دوا پەیامى ئەمریکا و ئێران بۆ کورد چى بوو؟
هەفتەى ڕابردوو ئەمریکیەکان بەنهێنى و ئاشکرا جوڵەى دیبلۆماسى گرنگیان لەهەرێم ئەنجامداوە و بەردەوامن، تەنانەت لەئاستى باڵا دەیڤدشینکەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژھەلاتی ناوەراست لەگەڵ بەرپرسە کاریگەرەکانى هەرێمى کوردستان دانیشتووە، ئەو یەک پەیامى ڕوونى هەڵگرتووە، ئەویش "ئەمریکا لەناوچەکە دەمێنێتەوە کارەکانى بەردەوامى پێدەدات، هاوکارو پارێزەرى دۆستەکانى دەبێت".

هاوکات ئێرانیەکان، لەدواى پەیامى خۆیاندا جەختیان لەسەر ئەو ئامانجەى وڵاتەکەیان کردووەتەوە بۆ کورد بەپێویستیان زانیوە کورد پشگیرى ئەو بڕیارەى پەرلەمانى عێراق بکات کە داواى دەرکردنى هێزە بیانیەکان دەکات لەخاکى عێراق، هاوکات هاتنى عادل عەبدولمەهدى سەرۆکوەزیرانى کاربەڕێکەرى عێراق یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانى گەیاندنى ئەو پەیامەو وەرگرتنى ڕاى فەرمى بەرپرسانى پارتى و یەکێتى بوو.
یەکێتى و پارتى لەبەردەم بژاردەى سەختدا
یەکێتى و پارتى بەدرێژایى مێژووى دروستبونیان بەناچارى هاوسەنگیان لەنێوان بەرژەوەندى هێڵە ناکۆکەکانى ناوچەکە پاراستووە، ئەگەرچى ڕادەى نزیکى و دووریان لەدواى ساڵانى ١٩٩١ وە تائێستا لەئێران تورکیا جیاواز بووە بەڵام مامەڵکردنیان یەک شت بوو، ئەویش ئەوەبووە "دڵیان لاى ئەمریکا، بەڵام مامەڵەى ناچارییان لەگەڵ ئێران و تورکیا" بووە.

ئێستا کە دۆخەکە لەگەڵ ئەمریکاو ئێران گەیشتووەتە ئاستى خۆ یەکلایى کردنەوە، یەکێتى و پارتى ئەو سیفاتە درێژماوە سیاسیەى خۆیان لەدەست نادەن، بەڵام جەمسەرگیرى ئێران و ئەمریکا ڕەنگە دۆخەکە بۆ ئەو دوو حیزبە ئاڵۆزبکات، چونکە بەدرێژای مێژووى ئەو دوو پارتە پاش ڕووخانى بەعس دروستبوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەرگیز ئێران و ئەمریکا نەگەشتوون بەم دۆخەى ئێستاو پارتى و یەکێتیان نەخستووەتە ژێر فشارى یەکلایکەرەوە، بۆیە یاریکردن لەنێوان ئەمریکا و ئێران و دەرچوون لەژێر بارى ئەو گرەوەى کردوویانە لەسەر ئایندەى هێزەکانیان لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست قورسە.