جموجووڵی چەكدارانی داعش گەیشتووەتە پردێ


‌ژیان: هێما چۆمانی

ئەندامێكی شاندی پارتی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، هۆشداریی لە پەرەسەندنی چالاكی و جموجووڵەكانی داعش دەدات و دەڵێ‌، پێشتر داعش 30 كیلۆمەتر لە خواروو و رۆژئاوای كەركووك بوو، بەڵام ئێستا بەرەو پردێ‌ و دووز، كەركووكیشیان تێپەڕاندووە".

شاخەوان عەبدوڵڵا, ئەندامی شاندی پارتی بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکووک, هەڵكشانی ئاستی ململانێ نێوخۆییەكانی عێراق لەلایەك و گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لەسەر خاكی عێراق، بە مەترسی  سەرهەڵدانەوەی بەهێزی گرووپە تووندئاژۆكان دەزانێ‌ و  دەڵێ‌، چەكدارانی داعش سوودی زۆریان لەو ناكۆكییانە وەرگرتووە "ئێستا دۆخی ئەمنی کەرکووک لە ئاستێکی زۆر خراپدایە, تەنانەت گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی ساڵی2005 ". 

رووداوەكانی بۆردوومانكردنی سەربازگەی (كەی وەن) لە كەركووك و دواتر وەڵامی تووندی ئەمریكییەكان بە هێرشكردنە سەر بارەگایەكی حیزبوڵڵای عێراق و  پاشتریش هەڵكوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی هێنایە دەنگ و راگەیێندراوێكی لە بارەی پەرەسەندنی گرژییەكانەوە بڵاوكردەوە و لە راگەیێندراوەكەدا، بە ئاماژەدان بە هەرەشە بەردەوامەكانی داعش لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان، مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی كوردستانی, بەپێویست زانیوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانەوە دەست (ژیان) كەوتوون، چەكدارانی داعش لە هەوڵی بەردەوامی خۆرێكخستنەوەدان و هێزەكانی پێشمەرگە بۆ رووبەروو بوونەوەی ئەو هێزانە، پێویستیان بە هێز و پشتیوانی هاوپەیمانان هەیە. لە دواهەمین كۆبوونەوەی سێ  سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان و لایەنە كوردستانییەكانیشدا، بە هەمانشێوە جەخت لەسەر پاراستی رۆڵی هاوسەنگانەی هەرێمی كوردستان و مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە ناوچەكە كراوەتەوە.

بەبڕوای شاخەوان عەبدوڵڵا، حكومەتی بەغدا سەركەوتوو نابێت لە كۆنتڕۆڵكردنی ئارامیی ناوچەكە بەهۆی ئەوەی, ئەو هێزانەی ئەركی ئاسایشپارێزیی پارێزگای كەركووك و دەوروبەری پێسپاردوون، خەڵكی پارێ.گاكانی دیكەن و شارەزاییان لە حوگرافیاكەی نییە "تەنیا چارەسەر ئەوەیە هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش بگەڕێنەوە و  ئاسایش و ئەمنییەتی كەركووك بپارێزن".

دوواهەمین هێرشی چەكدارانی داعش لە ناوچەی گەرمیان بوو كە لە درەنگانی شەوی دوارۆژەكانی كۆتایی ساڵی 2019 پەلاماری بنكەیەكی هێزەكانی ئاسایشیاندا لە نزیك ناحیەی  كوڵەجۆ (30 كلم رۆژئاوای كەلار لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بۆ ماوەیەك رووبەروو بوونەوە لەنێوان هەردوولا روویدا و سەرەنجام  دوو كارمەندی ئاسایش بوونە قوربانی، كە یەكێك لەوان لێپرسراوێتی هەبوو. 

باڵانبۆ کۆکۆییو ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەیە لە پەرلەمانی کوردستان، ئەو پێیوایە داعش لە هەرشوێنێك سەرهەڵدەدات كە بۆشایی ئەمنی هەبێت "کۆتای بە هێزی سەربازیی داعش هاتووە, نەک بە هێزی نوستووی داعش".

ناوبراو گوتیشیی, ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانان ڕێکەوتنێکمان هەیە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی تیرۆر "ئەو بارو دۆخەی لە نێوان ئەمریکا و ئێران هاتە کایەوە, کەمێک کاریگەری لەسەر ناوچەکە دروستکردووە,پەرلەمانی عێراق بریاری لەسەر ئەوەدا هێزە ئئەمریكی و ئەوروپییەکان لە ناوچەکە بکرێنە دەرەوە. بەڵام ئایا وڵاتانی دراوسێ بوار دەدەن عێراق بگەڕێتەوە سەرپێیەكانی خۆی و  خۆی بتوانێ‌ ئاسایش و ئارامی خۆی بپارێزێت".

وتیشی: ئەگەر ئێمە لە ڕووی سەروەری خاکی عێراق سەیری بکەین و بۆ سەرجەم ئەو وڵاتانە  و ئەو هێزانە بێت کە هاتوونەتە خاکی عێراق و وە حکومەتی عێراقی خۆی توانای ئەوەی هەبێت سنوورەکان بپارێزێت، هیچ هێزێکی سەربازی یان سیاسی یان کەسی دەوڵەتێکی دیکە بەبێ ئاگاداری دەوڵەتی عێراق نەیەتە خاکی عێراقەوە ئەمە کارێکی باشە و عێراق دەگەیەنێتەوە ئەو ئاستەی ببێت بە دەوڵەتێکی  سەربەخۆ، بەڵام ئەو وڵاتانەی دراوسێی عێراقن هەرگیز ڕێگە بەوە نادەن ئەم وڵاتە بچێتەوە سەر پێی خۆی.

فەرماندەی یەكەكانی 70 ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە هاوكات ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیە، دەڵێ‌ ئەوان بە وردی چاودێری رەوشەكە دەكەن و لە ئامادەباشیدان. مستەفا چاوڕەش، گوتیشی "هەر کاتێک زانیمان بارودۆخەكە ناسەقامگیر و نائاساییە، هێزی زیاتر رەوانەی ئەو ناوچانە دەكەین كە داعش جمجووڵی تێدا دەكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بەرپرسێكی پۆلیسی ناوخۆیی كەركووك، بۆ (ژیان) جێگیربوونی خێزانە داعشییەكان, یان ئەوانەی هاوسۆزی داعشن لە كەركووك و دەوروبەری، كارئاسانی زۆرتری بۆ گرووپەكانی داعش كردووە "چەكدارانی داعش لە قەزاو ناحییەكانی كەركووك جووڵەی چەكدارییان فراوان بووە و چالاكی تیرۆریستی ئەنجامدەدەن، لە ناوخۆی كەركووكیش شانەی نوستویان هەیە و, بەردەوام خەریكی رێكخستنەوەی خۆیانن".  

شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی شاندی پارتی بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکوکو باسی رەسنووسی نوێترین رێككەوتنامەی سەربازی دەكات كە بڕیاربوو لە نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان واژۆبكرێت بۆ ئیدارەدانی سەربازیی هاوبەشی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان  "بەڵام بە هۆی ئاڵۆزییە ناوخۆییەكانی عێراق و شەری ئێران و ئەمریکا, ئەم مەلەفە دواكەوت".