پێنج ساڵ بەسەر كۆچی دوایی كەریم كابان تێپەڕی


ژیان:
ئەمڕۆ پێنج ساڵ بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەندی بەنێوبانگی كورد، "كەریم كابان" بەڕێوەچوو.

هونەرمەند نەمر کەریم کابان ناوی تەواوی (عەبدولکەریم جەلال مەحمود عەزیز کابان)ە لە ساڵی ١٩٢٧ لە گەڕەکی شێخانی شاری سلێمانی لەدایکبووە و زیاتر لە نیو سەدەیە کاری هونەری ئەنجامداوە وە یەکێکە لە گۆرانیبێژەکانی ناسراوی کورد کە ساڵانێکی زۆر لە بواری ھونەریدا کاری كردووە.

لە ساڵی ١٩٤١ یەکەمین گۆرانی وتووە و لەو ئێزگەیەی کە ئینگلیزەکان لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی دایان نابوو. لەساڵی ١٩٤٥ لە بەغدا دەبێتە بەڕێوەبەری بەشی کوردی لەرادیوی بەغدا، لە ١/٧/‌١٩٤٥ لەشاری بەغدا ئاھەنگێکی گەورەدەگێرێت، ھەرلەم ساڵەشدا یەکەم بەرھەمی خۆی بڵاوکردەوە کەبریتی بوو لە ٨ گۆرانی و دیارترینیان گۆرانیی (یاران وەسێتم، شەو) بووە.

كەریم كابان، برای گۆرانیبێژی كۆچكردوو (قادر كابان)ە و بە بنەماڵە دەنگخۆش و هونەرپەروەر بوون. كابان یەكێكە لە گۆرانیبێژانی دیار و ناسراوی كورد كە خاوەنی ریتم و دەنگێكی تایبەتمەندە لە گۆرانی و میلۆدیی كوردیدا.

کەریم جەلال کابان، لەماوەی تەمەنیدا خزمەتێكی بەرچاوی بە ھونەری كوردی كردووە، دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی لە 14/1/2016 کۆچی دوایی کرد.