كەس ژمارەكانی هەڵەبجە ناكڕێت

فرۆشیارێكی ئۆتۆمبێل بۆ ژیان: هەر ئۆتۆمبێلێك تابلۆی هەڵەبجەی بەستبێت نرخەكەی هەرزانترە

ژیان: كۆچەر عەزیز

تا ئێستا دووجار زیادكردنی ئاشكرا بۆ تابلۆ تایبەتەكانی پارێزگای هەڵەبجە ئەنجام دراوە، بەڵام هیچیان لێ نەفرۆشراوە، فرۆشیارییەكی ئۆتۆمبێلیش دەڵێت: هەر ئۆتۆمبێلێك تابلۆكەی كرابێتە هەڵەبجە نزیەكی 500 دۆلار لە نرخەكەی دادەبەزێت، هاتوچۆی شارەكەش دەڵێت، تا ئێستا تەنها ٤٠ كەس تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەی گواستوەتەوە بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتییەكەیان. 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەڵەبجە تا ئێستا هیچ ئامارێكیان لەسەر ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە لانییە كە لە سنوری پارێزگاكەدا بوونیان هەیە، بەڵام تا ئێستا ژمارەیەكی كەم لە هاوڵاتیانی پارێزگاكە تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانیان بۆ هاتوچۆی شارەكەیان گواستوەتەوە. 

وریا حەمە كریم، هاوڵاتیەكی هەڵەبجەیە و تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەی كردووە بە پارێزگای هەڵەبجە، ئەو بە (ژیان)ی وت: بە رۆژێك تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەی لە سلێمانییەوە گۆڕیوە بۆ هەڵەبجە، بڕی 65 هەزاری تێچووە. 

ئەو هاوڵاتییەی هەڵەبجە دەنگۆی ئەوەی بەر گوێ كەوتووە لە پێشانگاكاندا ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆی هەڵەبجەیان بەستووە نرخەكانیان هەرزانترە، بەڵام لەبەر خۆشەویستی بۆ شارەكەی ئامادە نییە بە هیچ نرخێك تابلۆكەی بگۆڕێتەوە. 

وریا مستەفا، ماوەی چواردە ساڵ زیاتر دەبێت لە پێشانگایەكی شارەكە كار دەكات بۆ (ژیان) وتی: بەشێكی زۆر لە هاوڵاتیان ژمارەی سلێمانیان پێ باشترە لە هەڵەبجە، كاتیك دێن ئۆتۆمبێل دەكڕن زیاتر داوای تابلۆی سلێمانی دەكەن تا هەڵەبجە، چونكە نرخی ئۆتۆمبێلەكە لە ٣٠٠ دۆلارەوە تا ٥٠٠ دۆلار لە نرخە راستەقینەكەی خۆی دادەبەزێت". 

دەشڵێت" تا ئێستاش ژمارەی هەڵەبجە نەهاتووەتە پێشانگاكان بۆ فرۆشتن، چونكە تەنها چەند هاوڵاتییەكی كەم تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەیان كردووەتە هەڵەبجە ئەوانیش بۆخۆیانە و نایفرۆشنەوە". 

تابلۆ تایبەتەكان نافرۆشرێن

لە سەرەتای ساڵی 2019 تا ئێستا دووجار لە زیادكردنی ئاشكرادا هەوڵی فرۆشتنی تابلۆ تایبەتەكانی پارێزگاكە دراوە بەڵام تائێستا كڕیاریان نییەو دیاریش نیە كەی زیادكردنی سێهەم ئەنجام دەدرێت. 

بەڕێوەبەری هاتوچۆی شارەكە پێیوایە گرانی نرخەكان هۆكاری سەرەكی نەفرۆشتنی ئەو تابلۆیانە بووە، حەسەن عەبدوڵا، بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەڵەبجە بە (ژیان)ی وت" ئەو نرخانە لە وەزارەتی ناوخۆ دانراون، ئێمەش كاتێك ژمارەیەكمان خستە موزایەدەوە لەبەر زۆری نرخەكەی كڕیاری نەبوو، بۆیە نووسراومان كردووە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، بۆ ئەوەی ئەو نرخانە بگۆڕن كە دانراوە بۆ ژمارەكان، بەڵام ئەوان لە وەڵامی نوسراوەكەدا، رەزامەند نەبوون لەسەر كەمكردنەوەی نرخەكان." 

دەشڵێت" هەموو ژمارەكان نرخەكانیان زۆرە، زۆربەی ژمارەكان تا ١٠ هەزار خراوەتە موزایەدەوە  دوای ژمارەی ١٠ هەزاریش نایابەكان دەخرێنە موزایەدەوە، ئەگەر وابێت بەوشێوەیە بێت نافرۆشرێن". 

هێشتا دیار نییە كەی وەزارەتی ناوخۆ جارێكی تر زیادكردنی ئاشكرا بۆ تابلۆكان ئەنجام دەدات و چ گۆڕانكاییەك لە نرخەكاندا ئەنجام دەدات، عەمید ئەسعەد كەریم، وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم بۆ (ژیان) وتی: تا ئێستا بڕیارێكی لەوجۆرە نەدراوە لە داهاتوودا بەرنامەیەكی بۆ دادەنرێت كە وابكرێت كارەكە بە رێكوپێكی بەڕێوە بچێت، دەبێت چارەسەر بكرێت لە پلاندا هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا چارەسەر بكرێت. 

بەپێی ئەو زیادكردنانە تا ئێستا ئەنجامدراون، نرخی ژمارە 1 بە ملیارێك دینار دیاریكراوە، لە ژمارە 2  تا ژمارە 9 نرخەكەی بە ٦٠٠ ملیۆن دینار دیاریكراوە،  ژمارە ٩ بۆ ٩٩  بە ٣٠٠ ملیۆن دینار و ژمارە ٩٩ بۆ هەزار بە ٢٠٠ ملیۆن دینار، دیاریكراوە، دوای ژمارە هەزاریش نرخەكان هەر دەخرێنە موزایەدەوە، ئەگەر بەو شێوەیەش بێت نافرۆشرێن.
ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی شارەكە پێشنیازیان بۆ وەزارەتی ناوخۆ كردووە ژمارە پێنج هەزار و ١٩٨٨ نەدرێتە هیچ كەسێك، بەڵكو لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە دابنرێن. 

بەپێی یاسا ئەگەر تابلۆكان لە زیادكردنی سێهەمدا نەفرۆشران وەزارەتی ناوخۆ دەبێت نرخەكان داببەزێنێت یان شێوازێكی دیكە بۆ خستنەروویان ئاشكرابكات لەو بارەیەوە سامی جەلال، بریكاری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە (ژیان)ی وت، بەپێی یاسا دەبێت سێ جار نرخەكان بخرێنە زیادكردنی ئاشكراوە ئەگەر كڕیاریان نەبوو، ئەو كاتە دەبێت نوسراومان بۆ  بكرێت، ئێمە وەك وەزارەتی ناوخۆ پێداچوونەوە دەكەین، رەزامەندی ئەنجومەن وەربگرین بۆ كەمكردنەوەی نرخەكان، یان رێگەیەكی دیكە بۆ فرۆشتنیان.

پارەی تابلۆكانی هەڵەبجە بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی هەڵەبجە دابیندەكرێت، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە (ژیان)ی راگەیاند، هەڵەبجە پێویستی بە خوێندنگە و نەخۆشخانە و رێگاوبان و سێكتەری كشتوكاڵی هەیە، بۆیە بەنیازبوون داهاتی ئەو تابلۆیانە بۆ ئەو پرۆژانە و چەندین پرۆژەی دیكە خەرج بكرێت.

پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت: "لە یەكەم جار و دووەم جاردا نزیكەی ٧٠٠ ملیۆن دیناریان دانا بۆ ژمارە یەك ئێمە دەمانەوێت بۆ جاری سێیەم لەگەڵ وەزیری ناوخۆ میكانیزمێكی دیكە دابنێین بۆ فرۆشتنی و داهاتەكەش بۆ پارێزگای هەڵەبجە خەرج بكرێت".

ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە وتیشی: تا لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ نەگەینە رێككەوتن لەسەر فرۆشتنیان بۆ ئەوەی لە جاری سێیەمدا بە تەواوی بفرۆشرێن، بۆچی تابلۆی ژمارە یەك-ی سلێمانی و هەولێر نرخەكەیان چوار ملیۆن دینارە بۆچی هی پارێزگای هەڵەبجە ملیۆنێك دینارە نەبێت.