خۆپیشاندەران دووبارە دانانەوەی عادل عەبدولمەهدی بە سەرۆک وەزیران رەتدەکەنەوە


ژیان:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بڕوا ناکەم وا بە زوویی پرسی دانانی کەسێک بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق یەکلایبکرێتەوە، کە خواستی شەقامی لەسەر بێت. دەشڵێت، خۆپیشاندەران دووبارە دانانەوەی عادل عەبدولمەهدی رەتدەکەنەوە.

حەسەن ئاڵێ، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت" وەک فراکسیۆنە کوردییەکان عادل عەبدول مەهدی بە دۆستی کورد دەزانین، بەڵام ئێمە ناتوانین پێشنیاری دانانەوەی بکەین، ئەگەر پێشنیارێکی لەو جۆرەش هەبێت پشتگیری مانەوەی دەکەین".

سەبارەت بەوە کە ئایا شەقامی عێراقی قبوڵی دەکات، جارێکی دیکە عادل عەبدولمەهدی ،ببێتەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، خۆپیشاندەران تا ئێستاش رەتیدەکەنەوە کەسێک ببێتە سەرۆک وەزیرانی حکومەت، پێشتر لە حزب و حکومەتدا بێت، بۆیە پێم وانییە بەو داوایە رازی ببن.

دەشڵێت" تا ئێستا کەسێکی دیاریکراو بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دیارینەکراوە، بۆیە ئەم کێشەیە زۆر ئاڵۆزە لە نێوان شەقام و لایەنە سیاسییەکان و، تەنانەت خودی ناو ماڵی شیعەش، بۆیە بڕوام نییە جارێ وا بە زوویی ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە.