قائانى سەردانى عێراق دەکات و هێڵى نوێى حەشد دیاریدەکات


ژیان

ئیسماعیل قائانى، سەرۆکى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسداران و جێنشینى قاسم سولەیمانى بڕیاریداوە لەماوەیەکى نزیکدا سەردانى عێراق بکات، ئەوەش لەکاتێکدایە بەفەرمانى سەرۆکایەتى دەستەى حەشدى شەعبى، دووبارە ئەو هێزە سەرقاڵى خۆڕێکخستنەوەیە و شوێن گۆڕکێ دەکەن.

بەگوێرەى چەند هەواڵێک دزەیان پێکراوە، ئیسماعیل قائانى، فەرماندەى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسداران بڕیارە لەماوەیەکى نزیکدا سەردانى عێراق بکات، بەڵام دیارنیە چۆن و کەى دێت.

بە وتەى سەرکردەیەکى دیارى هاوپەیمانى فەتح، قائانى لەسەردانەکەى بۆ عێراق لەگەڵ بەرپرسانى حەشدى شەعبى کۆدەبێتەوە، ئەو سەرکردەیە وتى: "قائانى لە ئێران چاوى بە بەرپرسانى حەشد کەوتووەو بەڵێنى ئەوەى پێداون رێگاکەى سولەیمانى تەواودەکات".

بەگوێرەى بروسکەیەکى خێرا، لە سەرۆکایەتى دەستەى حەشدى شەعبى "فالح فەیاز"  ڕۆژى یەک شەممە دەرچووە، داوایکردووە هەموو ئەو سەرکردەو هێزانەى نزیکن لە ئێرانەوە پێویستە شوێنى مانەوەیان بگۆڕن، دەستەى پاسەوانیان لەگەڵ ژمارە تەلەفۆنەکانیان گۆڕانکارى بەسەردابهێنن.

بروسەکەکە ئاماژەى بۆئەوەکردووە، ئەگەرى بەئامانج گرتنى هێزەکانى حەشدى شەعبى لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە هەیە.

بەگوێرەى زانیارییەکان لەماوەى ٤٨ کاتژمێرى رابردوودا حەشدى شەعبى سەرجەم چەکە قورسەکانیان و کۆگاکانى چەکیان گواستووەتەوە بۆناو بنکەکانى سوپاى عێراق ئامادەکارى ئەمنى توند لەوبارەیەوە دەگرنەبەر، خۆیان ئامادەدەکەن بۆهەر ئەگەرێکى هێرشى ئاسمانى رووبەڕویان دەبێتەوە.

بەرپرسە باڵاکەی بزوتنەوەى فەتح، وتى: "زۆرینەى ئەو جوڵە سەربازییەى هەبووە هەمووى حەشدى شەعبى دروستیکردووە".

عادل کرعاوى، وتەبێژى بزوتنەوەى ئەنساروڵا ئەوفیا لەلێدوانێکى بۆ (عەرەبى ئەلجەید)، هەواڵى جوڵە سەربازییەکانى حەشدى شەعبى پشتڕاستکردووەتەوە و ئاماژەى بۆ ئەوەکردووە، جوڵە سەربازییەکان "گرتنبەرى ڕێوشوێنى بەپەلەیە"، بۆ ڕێگرتن لەهەر ئەگەرێک کە هێزەکانى حەشدى شەعبى و بەرپرسەکانى بکرێنە ئامانج.

"ئەو سەرکردەیە جەختى لەسەر زانیارییەک کردووەتەوە کە لە "باڵوێزخانەى ئەمریکاوە" دەستیان کەوتووە، ئەمریکیەکان بەنیازن سەرکردەکانى حەشدى شەعبى بکەنە ئامانجى هێرشەکانیان".

بەرپرسێکى ناوچەیى لەشارى قائمى سەر بەپارێزگاى ئەنبار، ئاماژەى بۆئەوەکردووە ، لەماوەى دووڕۆژى ڕابردوودا چەند سەربازگەیەکى حەشدى شەعبى گواستراونەتەوە بۆ ناوچە نێشتەجێبونەکان، لەوانەش بارەگاى سەربازى حەشد (نزیکى پرسى فۆسفات) و بارەگاى نزیک (کێڵگەى نەوتى عوکاز)، ئەو بەرپرسە ناوخۆییەى قائم وتى: "حەشدى شەعبى، بارەگاکانیان دەبەنە ناوچە چڕەکانى دانیشتوان، لەوانەش گەڕەکەکان لەترسى ئەوەى  لەلایەن فڕۆکەوە بەئامانج نەگیرێن یان داعش بیانکاتە ئامانج".

لیوا تەحسین خەفاجى، وتەبێژى سەرکردایەتى هێزە هاوبەشەکانى عێراق ئەو هەواڵانەى بەدرۆخستەوە، "حەشدى شەعبى" بنکەکانیان بگوازنەوە ناو سوپاى عێراق و، وتى"هەموو جوڵەیەکى سەربازى بەتەنسیق دەکرێت لەگەڵ ئێمە، لەئێستادا حەشد جوڵەى نەکردووە".

لەبارەى ئەو دۆخەى کە بۆ هێزەکانى حەشدى شەعبى هاتووەتە پێشەوە، هاشم هاشمى، شارەزاى کاروبارى سەربازى حەختى لەسەر ئەوەکردەوە، ئەو جوڵانەى حەشدى شەعبى لەترسى بەئامانجگرتنى سەرکردەکانیانە لەلایەن ئەمریکاوە ئەوەش بەگوێرەى زانیارییەکانى هەواڵگرى ئێرانى "ئیتڵاعات".

هاشمى، لەبارەى ئیدارەدانى مەلەفى ئێران لە عێراق بڕواى وایە قائانى لە قاسمى سولەیمانى سەرکەوتووترە، چونکە قائانى جەخت لەسەر تۆڕى ڕێکخراو دەکاتەوە کە سیستمێکى زۆر کۆنە".