سۆران بووەتە دەروازەی هاوردەكردنی ماددەی هۆشبەر

"ئالودەبووانی ماددە هۆشبەرەكان وەك بازرگانەكانی، مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت"

ژیان: شەماڵ ناوپردانی

ڕێژەی بەكارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان بەردەوام لە زیادبووندایە و بەوتەی لایەنە پەیوەندیدارەكانیش قەزای سۆران بووەتە یەكێك لە دەروازەكانی هاوردەكردنی ئەو ماددانە بۆ ناو هەرێم.

بە پێی چەند ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان دەست ژیان كەوتوون، "لە ساڵی 2006 لە سنووری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك تەنیا 38 كەس لەسەر بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان دەستگیركراون، لەگەڵ ئەوەشدا نزیكەی سێ كیلۆ ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.
 بەڵام لە ساڵی 2018 دا بەشێوەیەكی بەرچاو ئامارەكان بەرزبوونەتەوە، بەجۆرێك ژمارەی دەستگیركراوان بۆ 940 كەس و ماددەی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراویش گەیشتوەتە  405 كیلۆگرام.

بەو پێیەش بێت ساڵانە ژمارەی دەستگیركراوان نزیكەی 24% و بڕی ماددەی هۆشبەری كۆنتڕۆڵكراویش 134% زیادیكردووە.

بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤی سۆران دەڵێت، بەشێك لە كارەكانیان پرسی ماددە هۆشبەرەكانەو هۆشداری ئەوە دەدات ئەگەر بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر رێگای پێ نەگیرێت ئەوە چاوەڕێی مەترسی گەورەی دەكرێت.

جەواد محەمەد بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤی سۆران بۆ ژیان ووتی : بەداخەوە رێژەی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرەكان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا بەكارهێنانی ئەو ماددانە بەشێوەیەكی شاراوە و زۆر خێرا تەشەنە دەكات و خەریكە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە.

بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤی سۆران ئاماژەی بەوەكرد، ئەوان سنورێكی فراوانی هاوبەشیان لەگەڵ ئێران هەیە، لەلایەن ژمارەیەك لە باندی تایبەتەوە دەهێنرێتە ناو هەرێمەوە.

سۆران بووەتە مەڵبەندێكی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر، چونكە شاری سۆران رێژەیەكی زۆر ئێرانی تێدا دەژین ئەمەش ئەو دەرفەتەیان قۆزتوەتەوە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر فراوان بكەن لە سۆرانەوە بۆ شارەكانی تری هەرێم و ووڵاتانی دیكە. جەواد محەمەد وای وت.

 لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا یاسایەكی تایبەت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كەسانەی كە ئالودە بوون دەرنەكراوە و هاوشێوەی بازرگانەكان مامەڵە لەگەڵ بەكارهێنەران دەكرێت.

بەپێی ئەو ئامارانەی لە بەردەستدان نزیكەی ۱۰ هەزار كەسی توش بوو بە ماددەی هۆشبەرەكان لە شارەكانی هەرێم بونیان  هەیە.

دەرباز ساڵەح لێكۆڵەر لە بواری ماددە هۆشبەرەكان دەڵێت: هەرێمی بە بەشێك لە كەوانەی زێڕینی ماددە هۆشبەرەكان دادەنرێت كە لە پاكستانەوە دەستپێدەكات و بۆ وڵاتانی رۆژئاوا درێژ دەبێتەوە و دەڵێت، هەرێم وەك ترانزێتی گواستنەوەی ئەو ماددانە بەكاردێت. 

هێزەكانی ئاسایش بەرپرسی رووبەڕووبونەوەی ماددە هۆشبەرەكانن و بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەتیان بۆ كراوەتەوە، ژیان هەوڵیدا بۆچوونی ئاسایشی سۆران وەربگرێت، بەڵام بێ ئەنجام بوو.