خەڵك لێدوانی بەرپرسان دەكەنە نوكتە

٢٥٠ دینارەكەی هەڤاڵ ئەبوبەكر، فەیسبووكی گەرمكرد

ژیان: سۆزان فەتاح

هەركاتێك بەرپرسێكی هەرێم لێدوانێك لەسەر دۆخێكی دیاریكراو دەدات، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەیان توانج لە سەری دروست دەكرێت و لە ناو هاوڵاتیاندا ئاڵوگۆڕ دەكرێت، نوێترین لێدوانی بەرپرسانی حكومەت كە بووەتە جێی توانجی هاوڵاتیان لێدوانێكی پارێزگاری سلێمانییە كە داوا دەكات، خێزانەكان 250 دینار بكەنە دەغیلەوە تا بتوانن بەرمیلێك نەوتی پێبكڕن.

ئەگەر قاسم سولەیمانی رۆژی هەزار تمەنی كۆبكردایەتەوە ئێٍستا دەیتوانی ئۆتۆمبێلیكی گوللە نەبڕ بكڕێت و خۆی بپارێزیت، ئەمە یەكێكە لەو توانجانەی لەسەر لێدوانەكەی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاڵوگۆڕ دەكرێت.

پارێزگاری سلێمانی لە بەرانبەر دابیننەكردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان، لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنییدا پێشنیازی ئەوەی بۆ خێزانەكان كرد دەتوانن رۆژانە ٢٥٠ دینار بكەنە دەغیلەیەكەوە و لە كۆتاییدا بەرمیلێك نەوتی پێبكڕن.

یەكێك لەو گەنجانەی توانج لەسەر لێدوانی بەرپرسان بڵاودەكاتەوە ناوی عومەر عەلی-یە، ئەو بە ژیانی وت، كەسایەتییە سیاسییەكان ئاگاداری ژیانی خەڵك نین و بێباكانە قسە لەسەر ژیانی خەڵك دەكەن، خەڵكیش هیچ دەسەڵاتێكی نییە نا چارە لەو رێگەیەوە كەمێك دڵنەوایی خۆی بداتەوە و هۆكارێكیشە بۆ دڵخۆشكردنی خەڵكی تر.

ئەو وتیشی: نوكتە و تەنز بەشێكە لە شێوازی دەربڕین لە رابردوودا لە رووبەڕبوونەوەی رژێمە دیكتاتۆرەكاندا بەكارهاتووە، جگە لەوەی تا ئێٍستاش رێگای تەنز بەشێكە لەو رێگایانەی لە چوارچێوەی ئەدەبیات و راگەیاندندا كاری لەسەر دەكرێت. 

ئەو لەسەر لێدوانەكەی پارێزگاری سلێمانی دەڵێت ئیتر دەغیلە دەكڕین و ڕۆژانە ٢٥٠دینار كۆدەكەینەوە بۆ كڕینی نەوت، بەڵام ئەگەر تا ساڵەكە تەواو دەبێت پارەی بەرمیلە نەوتەكە تەواو نەبوو دكتۆر هەڤاڵ چۆن پارەكەی تری تەواو دەكات؟ ئەوەش وەك پرسیارێكی تەنز ئامێز ئاڕاستەی پارێزگاری سلێمانی كرد.

كاریگەری تەنزەكان لە ناو هاوڵاتیاندا بەندە لەسەر ئەو بابەتەی تەنزی لەسەر دروستكراوە، لێدوانەكەی پارێزگاری سلێمانی لە كاتێكدا بوو هاوڵاتیانی پارێزگاكە نزیكەی دوو ساڵە هیچ بڕە نەوتێكیان وەرنەگرتووە و پارێزگارەكەشیان پێشنیاری دەغیلەی بۆ كردوون.

لەو بارەوەیە هەڤاڵ ئەبوبەكر ئامادە نەبوو نە گوێ لە توانجانە بگرێت كە لە سەر لێدوانەكەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاڵوگۆڕ دەكرێن نە لەسەر ئەو بابەتە لێدوان بدات و وتی: مەشغوڵم كاتم نییە لێدوان بدەم.

توێژەرێكی كۆمەڵایەتی رەخنە لەو شێوازەی توانج گرتن دەگرێت و پێیوایە هۆكارێكە بۆ ئەوەی رێگر بێت لە سەركەوتنی ئەو كەسانەی نوێن و ئامانجی سەركەوتنیان لە بەردەمە. 

ئارام جومعە، توێژەری كۆمەڵایەتی، بە ژیان-ی ووتی: خەڵكی ئێمە لەبری ئەوەی بیر لە ژیانی خۆی بكاتەوە بیرلە دروستكردنی نوكتە دەكاتەوە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نا هۆشیاری كۆمەڵگە و ئەگەر بێت و یاسایەك هەبێت بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەو كەسانەی ئەمكارانە دەكەن بڕواناكەم كەسێك هەبێت بتوانێت ئەو كارە بكات. 

ئەو باسی لەوەكرد ئەو كەسانەی پێش دەكەون و ناوبانگ دەردەكەن ئەو  نوكتەكردن و گاڵتە كردنانەیان وەك كۆسپ دێتە سەر رێگە بۆیە پێموایە بابەتێكی ئاساییە خۆیان دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بكەن. 

ئەو كۆمەڵناسە وتیشی: زۆركات كەسێك لە رێگەی راگەیاندنەكانەوە قسەیەك دەكات، بەڵام ئەو قسەیە بەڕێڕەوێكی تردا دەڕوات لەوكاتەشدا پێویستە ئەو كەسە روونكردنەوە بدات لەسەر ئەو بابەتە.

بەستنەوەی رووداوە گەرمەكانی رۆژ بە یەكترەوە لە رێگەی توانجەكانەوە بووەتە بابەتی سەرەكی ئەو كەسانەی توانج لە بەرپرسان دەگرن، هەفتەی رابردوو كوشتنی قاسمی سولەیمانی و هێرشە موشەكییەكانی ئێران بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان بابەتی گەرمی میدیاكان بوو.

لە دوای كوشتنی سولەیمانی و هاوڕێكانی چەندین نوكتەی جیاواز لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە یەكێك لەوانە دەڵێت: قەیس خەز عەلی یەكێك لە سەركردەكانی حەشد داوای دادگاییكردنی ئەو دوو فڕۆكەوانە ئەمریكییەی كرد كە سولەیمانی و هاوڕێكانیان بۆردومانكرد، لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆردومانی كردووە گەر دەتانەوێت پاترییەكانتان بۆ دەنێرین.