ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی: ھەموو ئەوانەی سەر بەپارتی نین بازرگانی مادەی ھۆشبەر و قاچاغچین


ژیان:
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی گیان لەدەستدانی پێشمەرگەکەی یەکێتی لە زیندانی ئاسایشی هەولێر گومانی هەیە و پێشنیارێکیش بۆ چارەسەرکردنی ئەو رووداوانە دەخاتە ڕوو.

بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتی گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەبارەی گیان لەدەستدانی پێشمەرگەکەی یەکێتی لە ناو زیندانی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: بێ گومان نابیت گومان لە ھەموو ھەنگاوێکی پولیس و ئاسایش و دادگای نەھێشتی تاوان و پزیشکی دادوەری بکرێت. بەڵام ئەم حاڵەتانەی لە ناوچەی جێ نفوسی پارتی روو دەدەن گومان لای ھەمووان دروست دەکەن.

ناوبراو باسی ئەوەشی کرد "جێگای پرسیارە کە ئایا ھەموو ئەوانەی سەر بەو پارتە نین بازرگانی مادەی ھۆشبەر و قاچاغچی و پیاوکوژن و ھەموو ئەوانەشی ئەندامی ئەو پارتەن لە راستە راستترن؟".

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی دەشڵێت "من لەگەل ئازار و ئەشکەنجەی ھیچ کەسێک نیم بەڵام بۆ ئەشکەنجەدان بۆ غەیری پارتی ھەیە و بۆ ئەندامانی ئەو پارتە ھەموو بنەماکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ مافی مرۆڤ پەیرەو دەکرێت؟ ئایا ئەمە مایەی گومان نیە؟".

بڵێسە لە نوسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە دەشڵێت "ئایا ئەمە دڵەراوکی و ترس لای کەسانی بێلایەن و سەر بە ئەحزابی تر دروست ناکات؟ لاری تێدانیە کە نامتمانەیی ھەیە و بەلارێدا بردن ھەیە لە کەیسی دادگاو لێکۆلینەوە دا."

ئەو پێشنیار دەکات "ھەموو ئەو دام و دەزگایانەی کە تاێبەتمەندن بە نەھێشتنی تاوان و بەدواداچوون و دادگایی کردنیان و پزیشکی دادوەری، ئەندامانی ئەو دوو حزبەی تێدابێت".