قایمقامیەتی سلێمانی وەڵامی پەرلەمانتارێک دەداتەوە


ژیان:
قایمقامیەتی سلێمانی رەتیدەکاتەوە هیچ پاقلە فرۆشێکیان دەستگیرکردبێت، حەبی پاراسیتۆڵی تێدا بەکارهاتبێت بۆ کوڵاندن و قسەی پەرلەمانتارێک رەتدەکاتەوە.

لیژنەهاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند "ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە لەلایەن ئەندام پەرلەمانێکەوە لەرێی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکرایەوە کە لیژنەکانی تەندروستی و قائیمقامیەتی سلێمانی دەستیان بەسەر پاقلە داگرتبێت بە حەپی (پاراسیتۆڵ) کوڵێنرابێت".

لە راگەیەندراوێکدا قایمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە "ئەوەش ڕەتدەیکەنەوە كە هیچ حاڵەتێكی وەها لەلایەن لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانیەوە تۆماركرابێت وهیچ بڕە پاقلەیەكی كوڵاویش دەستی بەسەردا نەگیراوە."

قایمقامیەت ئەوەشی رونکردوەتەوە "بەمەستی سەلامەتی تەندروستی هاوڵاتیان ئەو خواردەمەنیانەی رۆژانە دەیکڕن و دەیخۆن، قائیمقامیەتی سلێمانی لەڕێی (٣٨) لیژنەوە لەبەرەبەیانێکی زوەوە تا درەنگانێکی شەو چاودێری وردی بازاڕو شوێنەگشتییەکان دەکات".

ئەوە لە کاتێکدایە لە پەڕەی سۆران عومەر، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى بڵاویکردووەتەوە، تیایدا وتویەتی لیژنەکانی تەندروستی و قائیمقامییەتی سلێمانی پاقلەفرۆشێکیان ئاشکراکردووه کە بۆ هەر مەنجەڵێک پاقلە بڕی ١٢ حەبی پاراسیتۆڵی تێکردووە و بەقسەی خۆی بەو شێوازە ئاسانتر دەکوڵێت.