جارێکیتر داوای دیداری ئۆجالان رەتدەکرێتەوە


ژیان:
کەسوکاری رێبەری پەکەکە جارێکیتر داوای سەردانی دورگەی ئیمراڵیان کرد، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریەوە رێگریان لێکرا دیدارەکە ئەنجام بدەن.

ئەمڕۆ محەمەد ئۆجالان، برای عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانی کراوی پەکەکە و مەزڵوم دینچ، پارێزەری ڕێگەپێدراوی بنەماڵەکەیان، بۆ ئەوەی سەردانی دورگەی ئیمراڵی بکەن سەردانی داواکاری گشتیی کۆمارییان لە بۆرسا کرد.

هەرچەندە پارێزەرو بنەماڵەکەی هەفتانە داوای دیداری ئۆجالان دەکەن، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریەوە رەتدەکرێتەوە دیدار ئەنجام بدرێت.  

هاوکات خانەوادەی زیندانیانی دیکەی زیندانی ئیمرالی؛ حامیلی یڵدرم، عومەر خەیری کۆنار و ڤەیسەڵ ئاکتاش، لە ڕێگەی پاریزەرەکانیانەوە داوای بینیی کەسوکاریان کردووە بەڵام ئەوانیش وەڵام نەدرونەتەوە.

کەسوکاری عەبدوڵا ئۆجالان دوایین جار ١٢ی مانگی ٨ی ٢٠١٩بوو لە زیندانی ئیمرالی چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا و دوای ئەوە هەموو داواکارییەکانیان بۆ دیدار ڕەتکراوەتەوە.