شۆفێری پاسەكەی ڕووداوەكەی دەربەندیخان گیانیلەدەستدا


دوێنێ‌ بەهۆی پێكدادانی دوو ئۆتۆمبێل لەجۆرەكانی بارهەڵگر و پاسێك، نزیكەی 10 كەس برینداربون، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شۆفێری پاسەكە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانیلەدەستدا.

ژیان _ چۆمان عوسمان: ڕێژەن بورهان بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆی دەربەندیخان بە(ژیان)ی ڕاگەیاند:شۆفێری پاسەكە ناوی دیار ئەحمەد ،تەمەنی 23 ساڵبوو،بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانیلەدەستدا.

بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆی دەربەندیخان وتیشی: ئۆتۆمبێلێكی جۆری "پاس" ی هێڵی كەلار_سلێمانی، لەسەر ڕێگای  نێوان دەربەندیخان_سلێمانی لەگەڵ بارهەڵگرێك پێكیاندادابوو، بارهەڵگرەكە بەهۆی تێپەڕاندنی هەڵەوە بووەتە هۆكاری ڕووداوەكە، لەئەنجامدا ١٠ كەس لەسەرنشینانی پاسەكە برینداربوون بەهۆی سەختی برینەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە فریاكەوتنی سلێمانی  كرابون،سێ لەو بریندارانە بەهۆی برینی سەخت بوون.

بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆی دەربەندیخان ئاماژەی بۆئەوەكرد، لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و نالەباری كەشوهەوا شۆفێران خێراییەكانیان كەم ناكەنەوە و زۆرجار هەڵەی هاتووچۆ لەوانەش "تێپەڕاندن" ئەنجام دەدەن، ئەوەش ڕووداوی هاتووچۆی لێدەكەوێتەوە.

بەڕێوبەری پۆلیسی هاتووچۆی دەربەندیخان  هۆكاری ڕووداوەكە "تێپەڕاندنی هێڵەكانی هاتووچۆیە".

ئەمەش لە كاتێكدایە ڕێگای نێوان كەلار_سلێمانی بە ڕێگای مەرگ ناودەبرێت، بەهۆی خراپی و نالەباری ڕێگاكەوە.لەماوەی ڕابردوودا زۆرترین ڕوداوی هاتوو چۆلەو ڕێگا ڕویداوە.