ئەمریکا بە دوای گەنجێکی کورد دا دەگەڕێت

پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ دۆزینەوەی تەرخانکردووە

جیهاد سیروان مسته‌فا، ئه‌و گه‌نجه‌ ته‌مه‌ن ٣٨ ساڵه‌ كورده‌یه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی رێكخراوی  ئه‌لقاعیده‌، خراوه‌ته‌ پله‌ی یه‌كه‌م له‌ لیستی داواكراوانی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی ئه‌مریكا (FBI)، بڕی ٥ ملیۆن دۆلار خه‌ڵاتیش دانراوه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌ر زانیارییه‌ك له‌باره‌یه‌وه‌ ئاشكرا بكات.

ژیان_ بنكۆڵكاریی: رێكخراوی ئه‌لقاعیده‌ له‌دوای دامه‌زراندییه‌وه‌ له‌ساڵی ١٩٨٨ له‌ شاری پیشاوه‌ر له‌ پاكستان له‌لایه‌ن ئوسامه‌ بن لادن، ئه‌بو ئه‌یمه‌ن ئه‌لزه‌واهری و عه‌بدوڵڵا یوسف عه‌ززه‌م و، چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی تره‌وه‌، بووه‌ یه‌كێك له‌و رێكخراوانه‌ی‌ زۆرترین چالاكی تیرۆریستی له‌ جیهاندا ئه‌نجامدا، به‌تایبه‌تیش له‌ ئه‌مریكا. هه‌ربۆیه‌، پاش تێپه‌ڕینی نزیكه‌ی ٣٢ ساڵ به‌سه‌ر ته‌مه‌نی ئه‌م رێكخراوه‌دا، سه‌ركرده‌ و شوێنكه‌وتووه‌كانی له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهانه‌وه‌ به‌گشتی و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ به‌تایبه‌تی، به‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ی تیرۆر ناوده‌برێن و چالاكییه‌كانیان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌كراون، به‌ڵام كه‌منین ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هێشتا شوێنی بیروباوه‌ڕه‌ تیرۆریستیه‌كانی ئه‌م رێكخراوه‌ ده‌كه‌ون و مه‌یلیان بۆی هه‌یه‌، جیهاد سیروان مسته‌فا، یه‌كێكه‌ له‌و گه‌نجه‌ كوردانه‌ی، ‌ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كانی ئه‌م رێكخراوه‌، گرنگی تایبه‌تی پێده‌درێت له‌لایه‌ن ئه‌بو ئه‌یمه‌ن ئه‌لزه‌واهیری، سه‌ركرده‌ی رێكخراوه‌كه‌وه.‌

چیرۆكی جیهاد سیروان مسته‌فا،  له‌ ٢٨ی كانونی یه‌كه‌می ساڵی ١٩٨١ ده‌ستپێده‌كات، كاتێك له‌ شاری واكوشا سه‌ربه‌ ویلایه‌تی واشنتن له‌ باوكێكی كوردی ڕۆژئاوای كوردستان به‌ناوی سیروان حه‌لیم مسته‌فا و دایكێكی ئه‌مریكی به‌ناوی سومه‌ییه‌، له‌دایكبووه‌. بووه‌ته‌ كوڕی دووه‌م و منداڵی كۆتایی خێزانه‌كه‌ی. دواتر، ئه‌م خێزانه‌ كۆچیانكردووه‌ بۆ شاری ساندیاگۆ له‌ ویلایه‌تی كالیفۆڕنیا، له‌وێ جیهاد خراوه‌ته‌ به‌ر خوێندن و به‌رده‌وامبووه‌ له‌ خوێندنه‌كه‌ی تاوه‌كو به‌شی ئابووری له‌ زانكۆی ساندیاگۆ ته‌واوكردووه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٥، هه‌مان ساڵ له‌ ئه‌مریكا هه‌ڵاتووه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ رێكخراوی ئه‌لقاعیده‌-ه‌وه‌ كردووه.‌

جیهاد زمانه‌كانی ئینگلیزی، عه‌ره‌بی و سۆماڵی به‌باشی ده‌زانێت. له‌ڕووی خێزانییشه‌وه‌ خاوه‌نی سێ هاوسه‌ر و ١٦ منداڵه‌. یه‌كێك له‌ هاوسه‌ره‌كانی، هاوسه‌ری پێشووی یه‌كێك له‌ نزیكترین هاوڕێكانی خۆی بووه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕێكدا كوژراوه‌، پاشان جیهاد هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كردووەتەوە.‌

ته‌ها حسان، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری ئیسلامی ساندیاگۆ كه‌ جیهاد یه‌كێك بووه‌ له‌ ئه‌ندامه‌كانی، له‌ باره‌ی  كه‌سایه‌تی ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌ی رێكخراوی ئه‌لقاعیده‌ ده‌ڵێت: "كاتێك یه‌كه‌مین جار له‌ هه‌واڵه‌كانه‌وه‌ وێنه‌كه‌یم بینی و زانیم  له‌ تیرۆر تێوه‌گلاوه،‌ شۆك بووم. جیهاد زۆربه‌ی كات له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی په‌یوه‌ندی باشبوو، زۆر حه‌زیشی به‌ یاری باله‌ بوو".

ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی ئه‌مریكا، ورده‌كاریی شێوه‌ی و ڕوخساری جیهاد-ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌ "جیهاد خاوه‌نی چاوێكی شینه‌، كێشی كه‌مه و ته‌نیا ٧٠ كیلیۆگرامه‌، قژی قاوه‌ییه‌ و خاوه‌نی ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مه‌ریكییه".‌

ئه‌وه‌ی له‌ چیرۆكی ژیانی تایبه‌تی جیهاد دا زۆر جێگه‌ی سه‌رنجه‌،  بریتیه‌ له‌ چیرۆكی  خێزانه‌كه‌ی به‌گشتی و باوكی به‌تایبه‌تی، چونكه‌ باوكی جیهاد به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای (سیمیتار سیكیوریتی) بووه‌،‌ كۆمپانیاییه‌كی تایبه‌تی دابینكردنی ئاسایشه‌، له‌ ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٦ پاسه‌وان بووه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خزمه‌تگوزاریی ئاسایش و لێكۆڵینه‌وه‌ی كالیفۆڕنیا، هه‌ربۆیه‌ پاشئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی وه‌ك تیرۆریست ناسێندراوه‌ و زانیارییه‌كانی پێگه‌یشتووه‌، تووشی نه‌خۆشی دڵ بووه‌، دواتر له‌ ساڵی ٢٠١٨ به‌هه‌مان نه‌خۆشی و به‌دیاریكراوی به‌هۆی (جه‌ڵته‌ی دڵ)ه‌وه‌، گیانی له‌ده‌ستداوە.

سه‌ره‌تای تێوه‌گلانی جیهاد به‌كاری تیرۆریستییه‌وه‌، تاڕاده‌یه‌ك ناڕوونه‌ تاوەكو ئه‌و كاته‌ی‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٥ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هه‌ڵاتووه‌، تاكه‌ زانیاریی كه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، بریتییه‌ له‌ راپۆرتێكی ئاژانسی فۆكس نیوزی ئه‌مریكی كه‌ ئاشكرایده‌كات "جیهاد له‌ته‌مه‌نی ٢٣ ساڵیدا، واته‌ ته‌نیا ساڵێك به‌ر له‌ ته‌واوكردنی زانكۆ، له‌ كاری تیرۆریستییه‌وه‌ تێوه‌گلاوه".‌

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی حكومه‌تی ئه‌مریكا وه‌ ده‌ستكه‌وتوون "جیهاد پاش ئه‌وه‌ی ئه‌مریكای به‌جێهێشتووه‌، یه‌كه‌م وڵات كه‌ سه‌ردانیكردووه‌، وڵاتی یه‌مه‌ن بووه‌. پاشان ده‌ستیكردووه‌ به‌ دانانی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێك له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدانی قاعیده‌، دواتر به‌هۆی چالاكییه‌كانییه‌وه‌ له‌ساڵی ٢٠٠٦، چه‌ندین وڵاتی ئه‌فریقیا گه‌ڕاوه‌، له‌ كۆتاییدا له‌ ساڵی ٢٠٠٨ په‌یوه‌ندی به‌ بزووتنه‌وه‌ی گه‌نجانی سۆماڵ كردووه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ رێكخراوه‌كانی سه‌ربه‌ قاعیده‌ و له‌ سۆماڵ چالاكییه‌كانی ئه‌نجامده‌دات".

سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌واڵگری ئه‌مریكی كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ له‌باره‌ی رۆڵ و كاریگه‌ری جیهاد له‌نێو رێكخراوه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "جیهاد یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی گروپه‌كانی سۆماڵ و به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ردوو به‌شی بنه‌بڕكردنی سیخوڕی و بۆمبه‌ دانراوه‌كان (ته‌وقیتكراوه‌كان)ی بزووتنه‌وه‌ی گه‌نجانی سۆماڵه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ زۆرترین پارێزگاریی لێ ده‌كرێت و زۆرترین پاسه‌وانی هه‌یه‌"، زیاتر له‌ناو رێكخراوه‌كه‌دا به‌ناوه‌كانی (ئه‌حمه‌د گورای، ئه‌حمه‌د، ئه‌بوو ئه‌نور موهاجیر، ئه‌بوو عه‌بدوڵڵا موهاجیر) ناسراوه.‌

هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌واڵگری له‌ ئه‌فریقیا، له‌باره‌ی رۆڵ و كاریگه‌ری ئێستای جیهاد، ده‌ڵێت: " ئێستا جیهاد له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی گه‌نجانی سۆماڵ و رێكخراوی قاعیده‌وه‌ به‌تایبه‌تی پارێزگاریی لێده‌كرێت. هێنده‌ باڵاده‌سته‌ كه‌ راسته‌وخۆ راوێژكاری و ئامۆژگاریی پێشكه‌ش به‌  سه‌ركرده‌ پله‌ یه‌كه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گه‌نجانی سۆماڵ ده‌كات له‌ بابه‌ته‌كانی: داڕشتنی ستراتیژییه‌ت، په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان، به‌قاچاغبردن و هاورده‌كردنی مادده‌ی ته‌قێنه‌ره‌وه‌، به‌رهه‌مهێنانی میدیایی و به‌ئامانجگرتنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ مه‌یلیان به‌لای رێكخراوه‌كه‌یاندا هه‌یه".‌

په‌یوه‌ندی نێوان جیهاد و ئه‌بوو ئه‌یمه‌ن ئه‌لزه‌واهیری، یه‌كێكه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ وایكردووه‌ ده‌زگا هه‌واڵگری و لێكۆڵیینه‌وه‌ییه‌كانی ئه‌مریكا زۆرترین گرنگی پێبده‌ن، چونكه‌ له‌ ساڵی ٢٠١١دا  بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ڤیدیۆیه‌كدا ده‌ركه‌وت له‌ژێر ناوی ئه‌بوو عه‌بدوڵا موهاجیر. ئه‌وه‌ی وایكرد ئه‌و ڤیدیۆیه‌ زۆرترین كاردانه‌وه‌ دروستبكات ئه‌وه‌بوو،‌ جیهاد له‌ ڤیدیۆكه‌دا وتی :"من وه‌ك نوێنه‌ری زه‌واهیری و براكانمان له‌ ئه‌لقاعیده‌ قسه‌ده‌كه‌م"، له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانیشیدا، باسی رۆڵی ئوسامه‌ بنلادنی كرد و وتیشی: "ئێمه‌ رۆڵی خۆشه‌ویستمان شێخ ئوسامه‌ بنلادنمان له‌بیر ناچێت، خودای گه‌وره‌ لێی خۆشبێت". هه‌ربۆیه‌  ئێستا به‌ یه‌كێك‌ له‌ كه‌سه‌ نزیك و متمانه‌پێكراوه‌كانی ئه‌بوو ئه‌یمه‌ن ئه‌لزه‌واهیری داده‌نرێت.

له‌دوای ئه‌م ده‌ركه‌وتنانه‌ی و چالاكبوونی و به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی "جیهاد به‌هۆی چالاكییه‌كانییه‌وه‌ زیانی به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا گه‌یاندووه‌"، (ئێف ئب ئای) ئەمریکی،ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی ئه‌مریكا، ناو و وێنه‌ی جیهادی وه‌ك "داواكراوی پله‌یه‌ك" بڵاوكرده‌وه‌ و، بڕی ٥ ملیۆن دۆلاری ته‌رخانكرد بۆ هه‌ركه‌سێك، هه‌ر زانیارییه‌كیان پێبڵێت كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ جیهاد-ه‌وه‌ هه‌بێت.

ئیرین وێستفاڵ، كارمه‌ندی سه‌رپه‌رشتیاری تایبه‌ت له‌ ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی ئه‌مریكا، له‌باره‌ی داواكراوه‌ پله‌ یه‌كه‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئێمه‌ باوه‌ڕمانوایه‌  جیهاد له‌ باشووری سۆماڵه‌ كه‌ گروپه‌ تیرۆریستیه‌كانی تێدان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، ئێمه‌ نازانین كه‌ شوێنی مانه‌وه‌ و ژیانی به‌ته‌واوه‌تی كوێیه".‌

هاوكات سكۆت برونه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی ساندیاگۆی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی ئه‌مریكا له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "جیهاد ئێستا، پله‌باڵاترین هاووڵاتی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی خاكه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كان كارده‌كات و مەترسی دروستدەكات ".

بزوتنه‌وه‌ی گه‌نجانی سۆماڵ كه‌ جیهاد یه‌كێكه‌ له‌ به‌رپرسه‌كانی، یه‌كێكه‌ له‌ رێكخراوه‌كانی سه‌ربه‌ گرووپی ئه‌لقاعیده‌، له‌نێوان ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١ توانیویانه‌ زۆرینه‌ی ناوه‌ڕاست و باشوری سۆماڵ كۆنترۆڵ بكه‌ن. به‌گوێره‌ی داتاكانی حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌‌ "ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌  له‌ ساڵی ٢٠٠٨ه‌وه‌ به‌رپرسه‌ له‌ كوژرانی هه‌زار و ٨٩٢ كه‌س له‌ ته‌واوی ئه‌فریقا دا".