سلێمانی؛ ٣٧ پڕۆژە مۆڵەتی كاركردنیان لێسەندراوەتەوە


بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی،لە ماوەی ١٦ ساڵدا،327 مۆڵەتی كاركردن  بە ١٢سێكتەری بازرگانی دراون، هەر لەو ماوەیەدا ٣٧ پڕۆژە، مۆڵەتەکانیان هەڵوەشاوەتەوە  کە بەبڕی ٥ ملیار و ٢٤ ملیۆن و ٩٩٩هەزار و ٨٦٦دۆلار بووە. 

ژیان_سلێمانی: بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی، ئاماری كار و چالاكیەكانی بڵاوكردەووە لە ماوەی ئەو ١٦ ساڵەدا مۆڵەتی كاركردنی بە ١٢سێكتەری، بازرگانی، پیشەسازی، كشتوكاڵی، خزمەتگوزاری، گەشتیاری، گەیاندن، نیشتەجێی، وەرزشی، تەندروستی، بانكەكان، گواستنەوە و فێركاری  داوە كە ٣٢٧ پرۆژەیە.

عەزیز سەعید، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: سەرجەم پرۆژە مۆڵەت پێدراوەكانی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٩، بریتیە لە ٣٢٧ پڕۆژە كە بە بڕی ٢٣ ملیار و ٩٤ ملیۆن و ٢٥٠هەزار و ٤٧٣ دۆلار بووە.

سەرجەم پرۆژە مۆڵەتپێدراوە كارپێكراوەكانی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٤-٢٠١٩، بریتیە لە ٢٩٠ پڕۆژە كە چوونەتە بوواری جێبەجێكردنەوە بە بڕی ١٨ ملیار و ٦٠ ملیۆن و ٢٥٠هەزار و ٦٠٧ دۆلار.

عەزیز سەعید، باسی لەوەكرد، بارودۆخی كوردستان، قەیران، ململانێ، شەڕی داعش و پارچەكانی دیكەی كوردستان بە تایبەت رۆژئاوا و ململانێكانی عێراق و دەوڵەتانی دیكە، بووەتە هۆیەك بۆ كشانەوەی بەشێكی زۆر لە پڕۆژەكان، هەروەها شاری سلێمانی بە ڕێژەی ٦٠٪ پڕۆژەكانی پیشەسازیی بووە.
سەرجەم مۆڵەتە هەڵوەشاوەكانی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٤-٢٠١٩، بریتیە لە ٣٧ پڕۆژە، بە بڕی ٥ ملیار و ٢٤ ملیۆن و ٩٩٩هەزار و ٨٦٦دۆلار بووە.