پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ‌ بۆ شاسوار عەبدولواحید"٥٢ ملیۆن دۆلارەكە بدەرەوە بە حكومەت"


ئەندامێكی فراكسیۆنی نەوی نوێ‌، لەپەرلەمانی كوردستان، وەڵامی شاسوار عەبدولواحید دەداتەوە و دەڵێت: پارە شەیتانە و كە تێكەڵی سیاسەت كرا سەردەكێشێت بۆ فڕت و فێڵ و تەڵەكەبازی و چەواشەكردنی خەڵك.

ژیان _سلێمانی : سیروان بابان لە ڕاگەیەندراوێكدا وەڵامی شاسوار عەبدولواحید دەداتەوە ڕای دەگەیەنێت:" بەداخەوە لە ناو نەوەی نوێدا كێشە سەریهەڵدا،هۆكاری سەرەكی كێشەكان ئەوەبوو كە شاسوار عەبدولواحید وەك بەڵێنی بە ئێمە دابوو كە واز لە بازرگانی و گرێبەستە بازرگانییەكان بهێنێ، بە پێچەوانەوە نەك وازینەهێنا بەڵكو فراوانتریكرد و پەلی هاویشت بۆ بەغداد و دەرەوەی وڵات. وەك دەڵێن، پارە شەیتانە و كە تێكەڵی سیاسەت كرا سەردەكێشێت بۆ فڕت و فێڵ و تەڵەكەبازی و چەواشەكردنی خەڵك. كەس نییە نەزانێ سەرچاوەی هەموو كێشە و نەهامەتیەكانی وڵاتەكەمان تێكەڵكردنی سیاسەت بوو بە پارە و بازرگانی". 

ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ دەڵێت" بۆ چارەسەركردنی كێشەكان تكامان لە شاسوار عەبدولواحید كرد، حەقی خەڵكەكە لە پشكەكانی چاڤێ لاند بگێڕێتەوە و ٥٢ ملیۆن دۆلارەكە بداتەوە بە حكومەت و هەروەها وەك بەڵێنی پێداین واز لە بازرگانی بهێنێت. بەڵام نەك هەر بە گوێی ئامۆژگارییەكانی ئێمەی نەكرد، بەڵكو كەوتە رێكەوتنی نهێنی ژێر بە ژێر و دەستتێكەڵكردن لەگەڵ دەزگایەكی جاسوسی ناوخۆ تاكو مەلەفەكانی دادگای بۆ هەڵپەسێرن".

ڕوودەكاتە دەمی شاسوار عەبدولواحید ودەڵێت: برای بەڕێز، ئەو پارەیەی تۆ بە رێكەوتنی ژێربەژێر وەرتگرتوە هەزاران جار زیاترە لە هەمو خانەنشینی هەموو پەرلەمانتاران پێكەوە، چ جای بگات بە موچە و خانەنشینی كەمئەندامان و فەرمانبەرانی حكومەت. ئەگەر تۆ و كۆمپانیاكان ئەو پارانە بگێڕنەوە، دەكرێت ھەزاران كیلۆمەتر شەقام و ڕێگاوبانی پێ چاكبكرێتەوە. سەدان قوتابخانەی بۆ مناڵانی كەمدەرامەت پێدروست بكرێت. دەیان نەخۆشخانە و سەدان پرۆژەی ئاوەدانكردنەوەی پێبكرێتەوە.