سێ پەرلەمانتاری نەوەی نوێ‌ جیابوونەوەیان ڕاگەیاند و فراكسیۆنیكی سەربەخۆ درووست دەكەن


هەریەك لە دیاری ئەنوەر، سیروان بابان، مەم بورهان قانع، ئەندامانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌، لەپەرلەمانی كوردستان، ڕایدەگەیەنن:مووچەی خانەنیشنی پەرلەمانتاری و نەوەی نوێ ڕەتدەكەنەوە و دەڵێن: وەك پەرلەمانتاری سەربەخۆ بەردەوام دەبین.

ژیان _سلێمانی : سێ‌ پەرلەمانتاری پێشووی  فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنن: بە هەمو شێوەیەك موچەی خانەنشینیی پەرلەمانیی رەتدەكەینەوە، وەك ئەوەی بۆ پەرلەمانتاران بڕاوەتەوە و تەنانەت ئەگەر پێویست بێت ئامادەین دەستەبەرداری موچەی پارلەمانیی-ش ببین.

ئەو پەرلەمانتارانە  ئاشكرای دەكەن ،چەند مانگێكیشە بەهۆی بەلارێدابردنی فراكسیۆن و جوڵانەوەی "نەوەی نوێ‌"وە لەلایەن سەرۆكی جوڵانەوەكەوە، هیچ پەیوەندییەكمان بە فراكسیۆن و جوڵانەوەكەوە نەماوە، هەربۆیە لە ئێستایشەوە بە فەرمیی جیابونەوەی خۆمان رادەگەیەنین و وەكو پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی كوردستان دەمێنینەوە.

دەشڵێن: پارەی خەڵكمان نەخواردوە و پارەی حكومەتیشمان لانییە (بەڵكو پارەیشمان لای حكومەتە) و "موزایەدە"یش بەسەر دەنگدەران و هاوپیشە و خەڵكانی غەدرالێكراوی كوردستان-ەوە ناكەین و بەڵێنیش دەدەین هەمیشە لە سەنگەری بەرگریكردن دا دەبین لە ماف و داخوازیی رەوای دەنگدەران و خەڵكی جوامێری كوردستان.