ناوی سێ كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕادەگەیەنیرێت


پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا، لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات ، لایەنە سیاسیەكان لەسەر ناوی سێ‌ كاندید ڕێككەوتون.بڕیارە بەم نزیكانە یەكێك لەوانە بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕابسپێرن.

 ژیان_بەغدا:  سەرچاوەیەكى نزیك لە سەرۆك كۆماری عێراق بە( ژیان )ی ڕاگەیاند:"چاوەڕواندەكرێت لە 24 كاتژمێری داهاتودا، سەرۆك كۆمار كاندیدی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتو رابگەیەنێت".

لەلایەكی دیكەوە عەبود عیساوی، پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەئێستادا ناوی سێ كاندید ئاراستەی سەرۆك سەرۆك كۆماری عێراق كراون تاوەكوو یەكێكیان بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رابسپێردرێت.

ئاشكرایكرد، لەئێستاشدا ناوی سێ كاندیدی ئاراستەی سەرۆك كۆماری عێراق كراوە  كە ئەوانیش (عەلی شوكری حەمەد تۆفیق عەلاوی، مستەفا كازمی)ن.

وتیشی:" ئەگەری هەیە گۆڕانكاری لەناوی كاندیدەكان بكرێت، بەڵام لەئێستادا عەلی شوكری نزیكترە لەو دو كاندیدەی دیكە تا بۆ پێكهێنانی حكومەت رابسپێردرێت".
لەڕۆژی 1-12-2019 عادل عەبدولمەهدی دەستلەكاركێشانەوەی لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕاگەیاندو ڕۆژی 15-12-2019ش، بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكرد، تا ئێستاش لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیاریكردنی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە رێكنەكەوتون.