حکومەت تاوەکو 2022 ناتوانێ کێشەی کارەبا چارەسەر بکات

ئومێد ئەحمەد: تاوەکو پرۆژەى پێوەرى زیرەک تەواو نەبێت کێشەى کارەبا دەمێنێ

بەڕێوەبەری گشتی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم دەڵێت، نایشارێتەوە هێشتا نەیانتوانیوە گلەیی خەڵک لەبارەى وزەی کارەبا کۆتایی پێبهێنن و دەڵێ، ئێستا کار لە کەرتی کارەبا دەکەین و خەریکی بەستنی پێوەری زیرەکین، تاوەکو ئەوکاتەی پێوەری زیرەک نەبەسترێت، کێشەی کارەبا چارەسەر نابێت.ئەندامێکى لیژنەى پیشەسازى و وزەى پەرلەمانی کوردستان، دەڵێ، وەزارەتى کارەبا سەربەستە کەرتى کارەبا لاى خۆى دەهێڵێتەوە یان نا " بەڵام دەزانین رەوشى کارەبا خراپە و بڕیارە وەزارەت پرۆژەیەک بۆ باشترکردنى کارەبا بهێنێتە پەرلەمان و گفتوگۆى لەسەر بکەین".

ژیان _ شەماڵ ناوپردانی:
لە دوو ساڵى رابردوو، وەزارەتى کارەبا ناچاربوو بیر لە رادەستکردنى کەرتى کارەبا بە کەرتى تایبەت بکات لە پێناوى چارەسەرکردنى کێشەى کەمى کارەبا و باشتر رێکخستنى. بەڵام ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم دەڵێت، حکومەت نیازی نییە کارەبای هەرێم بداتە کەرتی تایبەت " ئەگەر بڕیار بێت بدرێت بەکەرتی تایبەت، تەنیا سێکتەری دابەشکردنی کارەبا دەبێت و ئەوەش بۆ ئایندەیە نەک ئێستا" وتیشی: " ئەگەربکرێ، هەندێ کاری تایبەت به‌ بەڕێوەبردنی پێوەری زیرەک و کاروباری ڕێکخستنی کارەبا ده‌ده‌ینه‌ کەرتی تایبەت". 

وه‌زاره‌تى كاره‌با، ملیۆنێك و 574 هەزار هاوبه‌شی هه‌یه‌ و توانای به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان، 3 هه‌زار و 200 بۆ 3 هه‌زار و 500 مێگاواته‌، له‌كاتێكدا خواست له‌سه‌ر كاره‌با رۆژ له‌دواى رۆژ به‌رزه‌دبێته‌وه‌ و ئێستا حكومه‌ت پێویسته‌ 4 هه‌زار و 750 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌مبهێنێت.

خواست له‌سه‌ر كاره‌با رۆژ له‌دواى رۆژ به‌رزه‌دبێته‌وه‌ و ئێستا حكومه‌ت پێویسته‌ 4 هه‌زار و 750 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌مبهێنێت

ئومێد ئەحمه‌د، پێوەرى زیرەک بە تەنیا چارەسەرى دۆخەکە دەزانێ و پێیوایە، تاوەکو ئەوکاتەی پێوەری زیرەک نەبەسترێت کێشەی کارەبا چارەسەر نابێتز بەڵام کاتێک لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان ئەو پێوەرە بەسترا "دەتوانرێت کارەبای هەرێم بکرێته ۲٤ کاتژمێریی، ئەویش لەڕێگای زیادکردنی بەرهەم و زیادکردنی تۆڕەکانی کارەبا" وتیشی " ۱٥ هەزار پێوەری زیرەکی کارەبا، بۆ ماڵان بەستراوە و دوای نزیکەى دوو ساڵی دیکە، پڕۆسەی بەستنی پێوەری زیرەک، کۆتایی دێت". 

بەڕێوەبەری گشتی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم لە بارەى فرۆشتنەوەى کەرتى کارەبا بە کەرتى تایبەت، دەڵێ، ئەگەر حکومەت ئەو بڕیارە بدات، لە پڕۆسەیەکی پێشبڕکێدا (مەزاد) هەموو لایەن و کۆمپانیای تایبەت بەشداریی دەکەن و هەرکۆمپانیایەک مەرجەکانى ئێمەى پێهەڵسوڕا، لەگەڵی رێکدەکەوین. 

بەڵام هاووڵاتییان، نایانەوێ حکومەت کارەبا بداتە دەست کەرتى تایبەت. ئەشقی عەباس، پێیوایە کارەباى هەرێمى کوردستان لە دۆخى وڵاتێک دەچێت، چەندین ساڵ گیرۆدەى شەڕ بووبێت و هیچی بەسەر هیچەوە نەمابێت "پێویستە هەرچی دەسەڵاتداری هەرێمە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە کارەبا هەیە، دادگایی بکرێن". ئەو هاووڵاتییە، رەتیدەکاتەوە کارەبا بدرێتە کەرتى تایبەت "چوونکە کەرتی تایبەتیش هەر ئەوکەسانە دەبن، ئێستا بڕیارەکانیان بە دەستە و زۆرترین پارەمان لێدەستێنن". 

ئەوەى بیلال ئەحمەد، نیگەران دەکات، هەڵکردنى کارەباى نیشتمانییە لە درەنگانى شەودا "حکومەت توانای دابینکردنی ١٢ کاتژمێر کارەبای پچر پچری هەیە. کێشەی کارەبا، بەشێکی پەیوەندی بە هاووڵاتییانەوەیە و دەستبڵاوى زۆر دەکەن لە بەکارهێنانیدا، زۆر شارۆچکە و گەرەک و ڤیللاو کارگە و مەزرەعە هەن، تاوەکو ئیستا بەبێ پێوەر و بێ سنوور کارەبا بەکاردەهێنن، بێئەوەی نرخی تێچوو بدەن، حکومەتیش بەرامبەریان کەمتەرخەمە".  

گولیزار ڕەشید حاجی، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لەپەرلەمانی کوردستان، دەڵێ، ئێمە داواماننەکردووە کارەبای هەرێمى کوردستان بدرێتە کەرتی تایبەت و، حکومەتیش بە فەرمی و بە نووسراو هیچ داوایەکی پێشکەشی ئێمە نەکردووە "وەزارەت خۆی دەتوانێ ئەوە بکات" وتیشی، وەزارەتی کارەبا، نیازی هه‌یه‌ پڕۆژە یاسایەک بنێرنه پەڕلەمان و گفتوگۆ لەگەڵ ئێمە بکەن، سەبارەت به‌ باشکردنی ڕەوشی کارەبا.

 پێوەری زیرەک بەشێکی زۆر لەو کێشانە چارەسەر دەکات کە ئێستا هەیە

كه‌مال محه‌ممه‌د، وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، چەند مانگێک پێشکۆتایی هاتنى ساڵى 2019 سەردانى پەرلەمانى کرد و لەبارەى خراپى خزمەتگوزاریی کارەبا قسەى بۆ پەرلەمانتاران کرد و وتى، ١٢وێستگه‌ی كاره‌با كارناكه‌ن، بۆ چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م ئه‌و كێشانه‌ش پێویستمان به‌بودجه‌ و سوته‌مه‌نی هه‌یه. 

فەرهاد فارس، پسپۆری بواری کارەبایە لە وەزارەتی کارەبا، ناوبراو لەگەڵ ئەوە نییە کارەبا بدرێتە کەرتى تایبەت و پشتیوانى لە پێوەرى زیرەک دەکات و دەڵێ، پێوەری زیرەک بەشێکی زۆر لەو کێشانە چارەسەر دەکات کە ئێستا هەیە، دانانی ئەو پێوەرە لەبەر ئەوەیە  "چەندین شوێن و ماڵ هەیە، ئێستاش کارەباى فوولیان هەیە و هیچ پارە و حیسابێکیان لەگەڵ ناکرێت" وتیشی: لەمەودوا حکومەت، بەجدی کار بۆ نەهێشتنی ئەو زیادەڕۆییانە دەکات لە ڕێگای دەرکردنی بڕیاری بەستنی پێوەری زیرەک "بەمەش، بەشێکی زۆر وزە دەگەڕێتەوە بۆ وێستگە کارەباییەکان، ئەوکاتەش سیستەمێکی جوان و دادپەروەر لە پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان دێتە کایەوە".

لە بارەی کێشەکانی بەردەم بەستنی پێوەری زیرەک، فەرهاد فارس، دەڵێ، ناتوانین بە یەکجار وێستگەیەکی کارەبا کە ٦  فیدەری هەیە بکوژێنینەوە، چونکە ئەگەر ٦ فیدەر بەیەکەوە بکوژێتەوە، بۆ ماوەی ۹ كاتژمێر گەڕەکێکی گەورە کارەبای نامێنێ "بۆیە ئێمە فیدەر فیدەر دەکوژێنینەوە و کاری بەستنی پێوەری زیرەک بەو هۆیەوە بە سستى بەڕێوەدەچێت و كاتى زۆر دەوێت".