دابان محەمەد: 800 ملیۆن دۆلاری حکومەت لای کۆمپانیا و سەرمایەدارانە


ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، كۆى ئه‌و پاره‌یه‌ى لاى كۆمپانیاكان و سه‌رمایه‌دارانه‌، 800 ملیۆن دۆلاره‌، له‌ یاساى چاكسازیدا جێگیرمان كردوه‌، حكومه‌ت پابه‌ندكراوه‌ له‌ ماوه‌ى سێ مانگدا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌.

ژیان _ پەرلەمانی کوردستان: دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، بە گێڕانەوەی ئەو بڕە پارەیە دەتوانرێت كه‌مترین خانه‌نشینى بكرێت به‌ 400 هه‌زار دینار كه‌ مانگانه‌ پێویستى به‌ 45 ملیۆن دۆلاره‌.

دەشڵێت" دەتوانرێت بەو بڕە پارەیە ده‌رماڵه‌ى كۆى خوێندكارانى زانكۆ و په‌یمانگاكان بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ كه‌ 6 ملیۆن دۆلارى پێویسته‌، هاوکات دوو موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دابه‌شبكرێت له‌ یه‌ك مانگدا، كه‌ پێویستى به‌ هه‌مان بڕ هه‌یه‌".

ئەو پەرلەمانتارە باس لەوە دەکات، هه‌ندێك له‌و خه‌ڵكانه‌ى قه‌رزارى حكومه‌تن، ته‌نیا به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ملیۆنێرن، ئه‌گه‌ر قه‌رزه‌كانیان لێوه‌ربگیرێته‌وه‌، مایه‌پوچ و قه‌رزار ده‌بن و ناتوانن وه‌ك خه‌ڵكێكى ئاسایى بژین.

دابان محەمەد، ئاماژەی بەوەشکردووە، له‌ كاتى قه‌یرانى دارایدا، چه‌ند سه‌رمایه‌دارێكى تر پاره‌یان به‌ قه‌رز داوه‌ته‌ حكومه‌ت، ئه‌مانه‌ش به‌ ڕێگاى نامه‌شروع و له‌ ڕێگه‌ى سپیكردنه‌وه‌ى چه‌كى پاره‌، هه‌وڵیانداوه‌ قه‌رزه‌كانیان وه‌ربگرنه‌وه‌ چه‌ندین ملیۆن دۆلار قازانج بكه‌ن، ئه‌و جۆره‌ هه‌وڵانه‌شمان ڕاگرتووه‌.