سێ تەرم لە ماڵێكدا دۆزرانەوە


بەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە لە ماڵێكدا لە گەڕەکی عەنکاوەی شاری هەولێر تەرمی سێ کەس دۆزرانەوە کە خەڵکی شاری موسڵن و، بە هۆی شەڕی داعشەوە هاتوونەتە شاری هەولێر. 

ژیان _ هەولێر: هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر بە (ژیان)ی راگەیاند:  بەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە، ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ تەرمی دایک و کوڕێک و کچێک، لە گەڕەکی عەنکاوەی شاری هەولێر لە ماڵێکدا دۆزرانەوە.

دەشڵێت: ئەو خێزانە دانیشتووی شاری موسڵ بوون، بەڵام بە ھۆی شەڕی داعشەوە ھاتوونەتە ھەولێر و لەوێ نیشتەجێبوون.

وتیشی، دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیس لە رووداوەکە، دیاربوو گیانیان لەدەستدابوو، بۆ لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری گیانلەدەستدانییان نێردراون بۆ پزیشکی دادوەریی ھەولێر.