جەبار یاوەر بۆ ژیان : دەبێت لەم چوارساڵەدا هێزەکانی پێشمەرگە بە تەواوی یەکبخرێنەوە


ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، دەبێت لەم چوارساڵەدا هێزەکانی پێشمەرگە بە تەواوی یەکبخرێنەوە 

ژیان_هەولێر: گەرمیان خالید گڕاوی: جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە،سەبارەت بە یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە و یەکەکانی ٧٠ و٨٠، بە (ژیان)ی راگەیاند، چەند پڕۆژەمان ئامادەکردووە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە و بەڕێوەبەرایتی چاکسازیی، هەروەها لەگەڵ راوێژکارانی سەربە هاوپەیمانانی ئەمریکی و بەریتانی و ئەڵمانی، گفتوگۆی زۆرمان کردووە" تێکەڵکردنەوەی یەکەکانی حەفتا و هەشتا، لە ژێر وردبینیدایە و هەردوو سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە، وردبینی دەکەن و دەگەڕێین بە دوای باشترین میکانیزمدا". 

جەبار یاوەر، وتیشی" کارە ژمێریاریی و کارگێرییەکانیان، لە سەرەوە بۆ خوارەوە بە شێوازێکی گونجاو، چوونکە دەبێت بە شێوەیەک بێت، لەگەڵ دۆخی ئێستای پێکهاتەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بگوونجێت".

رۆژی 16 تشرینی دووەمی 2019 سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسە باڵاکانی ئەو وەزارەتە کۆبوونەوە، بە بەمەستی گفتوگۆگردن لە بارەی چۆنێتی یەکخستنەوەی هێزەکانی پیشمەرگە و، بڕیاردرا لیژنەیەکی باڵا بۆ یەکخستنەوەیان، دروستبکرێت.