هاتوچۆی هەولێر كۆمپانیاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و هاووڵاتییان ئاگاداردەكاتەوە


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی هه‌ولێر، ئاگادارییه‌كی بۆ سه‌رجه‌م هاووڵاتییان، شۆفێران و كۆمپانیاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بڵاوكرده‌وه‌.

ژیان_هەرێمی كوردستان: ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21/1/2020، موقه‌ده‌م فازڵ حاجی، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی هه‌ولێر، راگەیەندراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ی له‌ په‌یجی تایبه‌تیی خۆی، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا سه‌رجه‌م هاووڵاتییان، شۆفێران و كۆمپانیاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌، ڕه‌زامه‌نی دراوه‌ به‌ تۆماركردنی ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ مۆدێل 2017انه‌ی كه‌ له‌گومرگی باشماخه‌وه‌ داخڵی هه‌رێمی كوردستان كرابوون به‌بێئه‌وه‌ی تووشی سزای دارایی ببن، به‌ مه‌رجێك تاوه‌كو ڕۆژی 16/2/2020به‌ مه‌به‌ستی تۆماركردنی ئۆتۆمبێله‌كانیان، سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆ بكه‌ن.

باس له‌وه‌ش كراوه‌، دوای تێپه‌ڕبوونی ئه‌م ماوه‌یه‌، سزای دواكه‌وتن ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر هه‌ر ئۆتۆمبێلێك، كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی بۆ تۆماركردن له‌ ماوه‌ی دیاریكراودا سه‌ردانی هاتوچۆی نه‌كردبێت.