حافز خۆی و خۆشەویستەکەى بەنارنجۆک دەکوژێت


حافز نزار، دواى ئەوەى بۆى دەرکەوت ناگات بە حەنانى خۆشەویستى و هاوسەرگیری بەکەسێکى دیکە دەکات، نارنجۆکێکی بەخۆى و خۆشەویستەکەیدا تەقاندەوە و هەردووکیان گیانلەدەستدا.
ژیان _ سوریا:
حافز نزار، تەمەن ٢٣ ساڵ و حەنان عەبدوڵا ئەبوفەخری، تەمەن ٢٢ ساڵ، هەردووکیان لەگوندى "کەفرلحوفى" پارێزگاى سوەیداى سوریا دەژیان.

بە پێی گێڕانەوەى خەڵکى گوندى کەفرلحوف، حافز و حەنان، ساڵانێکە ئەویندارى یەکترین و خۆشەویستیەکى قوڵ لەنێوانیان هەیە، حافز لە ماوەى ساڵى ڕابردوو ئەمساڵیش و چەند جارێک چووەتە داواى حەنان، بەڵام کەسوکارەکەى رێگربوون لە هاوسەرگیرییان، ئەوە زۆر دڵى ئەوى شکاندووە.

یەکێک لە دانیشتوانى گوندەکە، خزمى حافزە باسى ئەوەیکردووە، حافز زۆر حەنانى خۆشدەویست لە خێزانەکەشی نەشاردبووەوە، بۆیە چەندین جار ئەو قسەیەى دووبارە کردووەتەوە کە تەنها حەنانى دەوێت.

حافز، چەندین جار سەردانى ماڵى حەنانى کردووە داوایکردووە هاوسەرگیرى لەگەڵ بکات، بەڵام ماڵى حەنان زۆر بێزارى دەکەن و ڕەتىدەکەنەوە ئەو ببێتە زاوایان، ئەمەش حافز بەتەواوى نائومێدەکات، بەڵام هیچ کات ئەوە ناشارێتەوە حەنان دەبێت بۆ ئەو بێت، حەنانیش ناچار دەبێت دەستبەردارى حافز ببێت.

خەڵکى گوندەکە هێشتا لە شۆکى ڕووداوەکەدا بوون، ئەوەیان دەگێڕایەوە، لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا، حەنان داوکارێکى نوێى هاتووە ئەوەش حافزى بەتەواوى بێتاقەت و توڕەکردووە، بۆیە بڕیارى کوشتنى خۆیى و حەنانی داوە.

بیوەڕۆی ئەمڕۆ، سێ شەممە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، کاتێک حەنان لە زانکۆ دەگەڕێتەوە دەیەوێت بڕواتەوە بۆ ماڵى خۆیان، حافز لە رێگەیەکى گوندەکە رێگە بە حەنان دەگرێت و نارنجۆکەکەى دەستى دەتەقێنێتەوە و هەردووکیان دەکوژێت.

چەند گەنجێکى گوندى کەفرلحوف دەیگێڕنەوە، ئەوان حافزیان بینووە نارنجۆکێکى پێبووە بۆ لای حەنان رۆیشتووە، ترسی ئەوەیان هەبووە کیشە دروست ببێت، بەڵام لەو بڕوایەدا نەبوون ئەو رووداوە گەورەیە رووبدات.

بەوتەى دانیشتوانى گوندى کەفرلحوفى، لە کۆتایى ساڵى ڕابردوو گەنجێکى سورى بەناوى "ڕامى" بە هەمان شێوەى حافز نارنجۆێکى هەڵدایە ناو ماڵى خۆشەویستەکەى و کوشتى، ئەوەش پاش ئەوەى خێزانەکەى ڕازینەبوون بە هاوسەرگیرى ئەو دوو گەنجە.

بەڕاى بەرپرسانى نێوخۆیى ناوچەکە، پەنابردن بۆ کوشتنى لەو جۆرە شتێکى ناوازەیە و، پەیوەستە بەو پاشماوە جەنگییانەى بەهۆى شەڕى حکومەتى سوریا و چەکدارانى ئۆپزسیۆنەوە لەناوچەکە جێماون.

ئەوان دەڵێن" بەهۆى دەستکەوتنى چەک خەریکە کوشتن لەسەر کیشە سۆزدارییەکان دەبێتە دیاردە، بۆیە حافز و حەنان ڕەنگە کۆتا قوربانى ئەو دۆخە نەبن".