خانمە رۆماننووسی سوری، مەها حەسەن: ئایندەی ڕۆمانی ڕۆژهەڵاتیی بۆ ژنانە


بەشی یەکەم
سازدانی: شاخەوان سدیق، و/ ڕەنجدەر جەبار

ڕۆمانووس مەها حەسەن، یەکێک لە  ناوە دیارەکانی ئێستای ڕۆمانی عەرەبی، بەتایبەت ڕۆمان و ئەدەبیاتی سوری. لە شاری حەلەب لەدایکبووە و ئێستا لە پاریس نیشتەجێیە و بە هەردوو زمانی عەرەبی و فەرەنسی دەنووسێت. مەها، خاوەنی چەندین ڕۆمانی هاوچەرخە کە بەهۆیانەوە ناوبانگی دەرکردووە. تاکە ڕۆمانی، کە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدرابێت "الراویات" (کچانی چیرۆکخوان)ـە. لەلایەن (سەباح ئیسماعیل) وەرگێڕدراوە. مەها، لەم دیدارەدا بە تێروتەسەلی لە بارەی بەرهەمەکانی و دونیابینی خۆیەوە قسە بۆ خوێنەرانی هەفتەنامەی ژیان دەکات. 

ڕەنگدان: (مارتیڤ ئەرنۆڵدە) دەڵێت:"ئەدەب ڕەخنەی ژیانە" بەڕاستی ئێوە پێتانوایە ئەدەب بۆ کاری ڕەخنەگرتنه لە ژیان، یان ئەدەب بۆ خوڵقاندنی دونیایەکی نوێیه لەو دیو ژیانی واقیعییەوە، بەگشتی پەیوەندی ئەدەب، بەتایبەت شیعر بە ژیانەوە چۆن دەبینن؟ 

مەها حەسەن: ئەدەب ژیانێکی هاوتەریبە بە ژیانی ڕاستەقینەمان. هەر خۆی بریتییە لە ژیانێکی تەواو: مرۆڤ و ڕووداو و شوێن و هەست و کێشە.. بە ڕای من، ژیان لە ناو ئەدەبدا دەتوانێت یارمەتیمان بدات بۆ تێگەیشتن لە ژیانی ڕاستەقینە و ئەزموون و چارسەرگەلێکمان پێببەخشێت، بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ ژیان ڕابێین. مرۆڤ بەتەنیایی هاتووەتە دنیاوە و بارێکی قورسی لە ئاڵۆزیی و ئازار هەڵگرتووە. ئایین لەلایەک و ژیان لەلایەکی دی، هەوڵیانداوە بۆ تێگەیشتن لەم بوونەوەرە زۆر ئاڵۆزە و کونجوکۆڵکردنی. پێموایە، ئەدەب ڕوانگەیەکی جیاواز دەخاتە ڕوو، ڕوانگەیەکی کۆکەرەوە لە نێوان لایەنی هزری و دەروونی و سۆزداریی، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەخلاقیات و دادگاییکردنی گەردوون و ئەوانی دی. بەلای منەوە ئەدەب جۆرێکە لە جۆرەکانی دروستکردنی ژیان بەپێی خەون و ئارەزووەکان و ترسەکانمان.

 ڕەنگدان: چیرۆک یه‌کێکە له‌ژانره‌ کۆنەکانی ئه‌ده‌ب، ‌هه‌میشه ‌مرۆڤ له ‌قۆناغه ‌جیاوازه‌کاندا چ به‌زاره‌کی یان به‌نووسین هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی داوه‌، گرنگی چیرۆک وگێڕانه‌وه‌ بۆ مرۆڤ چین؟

مەها حەسەن: ڕوانین بۆ ژیانی کەسانی تر، یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە ژیانی خۆمان. بەدرێژایی ئەزموونەکانم لەگەڵ دەوروبەرم، یان لە ڕێگەی خوێنەرەکانمەوە هەستمکردووە، خەڵکی ئاوێتەی کەسایەتی ناو ڕۆمان و سینەما و ئەفسانەکان دەبن و، زۆربەمان پێمانوایە ئەو ژیانەی ئەو کەسایەتییانەی تێدا دەژین بە هەموو جیاکاریی و کێشەکانییەوە لە ژیانی خۆمان دەچێت. بەم جۆرە، گێڕانەوە ئەزموونەکانمان دەوڵەمەند دەکات و یارمەتیمان دەدات بۆ تێگەیشتن لە خۆمان و جیهانی دەوروبەرمان. ئەمە سەرەڕای ئەو چێژەی لە ڕێگەی گێڕانەوەوە بەدەست دێت، بەگەشتکردن بۆ وڵاتانی دی.. بۆ نمونە، کاتێک گەنج بووم، دیستۆفیسکیم دەخوێندەوە، بێئەوەی لە جێگای خۆم بجووڵێم، هەستمدەکرد گەشت بۆ ڕووسیا دەکەم، یان بەهاوەڵی مارکیز، گەشت بۆ وڵاتێکی گەرم دەکەم. 

بەڕای من بۆ ئەوەی لە گەلێک تێبگەین، پێویستە ئەدەبی بخوێنینەوە زیاتر لەوەی لە ڕێگەی مێژووەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەین. وەک دەزانین کتێبەکانی مێژوو بەدەستی گرووپە باڵادەست و سەرکەوتووەکان نووسراوە، بەڵام ئەدەب ئاوێنەی ڕاستەقینەی گەلانە، ژنان و پیاوانێکی خاوەن خەون نووسیویانە، زۆربەی کات لە دەسەڵات و ناوەندی بڕیار، دوور بوون.

ڕەنگدان: (واڵته‌ربنیامین) ده‌رباره‌ی گێڕانه‌وه‌ ده‌ڵێت" ڕه‌نگه ‌له‌داهاتوودا که‌سمان نه‌بێت توانای گێڕانه‌وه‌ی هه‌بێت" ئه‌م قسه‌یه‌ تا چه‌ند په‌یوه‌ندی به‌کاریگه‌ری ته‌کنه‌لۆژیاوه‌یه‌ له ‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌ت چیرۆک وگێڕانه‌وه‌، ئایا  ئێستا مه‌ترسی نه‌مانی کاریگه‌ری چیرۆک بۆ دونیای مرۆڤه‌کان هه‌یه‌؟

مەها حەسەن: لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نیم. هەمیشە کەسانێک هەن خەونیان هەیە، با بڵێین یۆتۆپین، هەمیشە ئارەزووی دەرچوون لە ڕێچکە باوەکانیان هەیە. بەپێچەوانەوە، دڵڕەقی ئامێر و تەکنۆلۆجیا تەوژمێکی ئەدەبی و هونەری جیاوازی لێپەیدا دەبێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دڵڕەقی و ئەم ساردییەی دەیەوێت مرۆڤ بێلایەن بکات. بە بۆچوونی من، ئەدەب یەکێکە لە هۆیەکانی ڕزگاربوون لە ترس و ڕقلێبوون و تەنیایی. تا ئەو کاتەی تەکنۆلۆجیا بێهەست بێت، ناتوانێت سەرکەوێت بەسەر مرۆڤدا، ناتوانێت کەسی خۆشبووێت، ڕق هەڵگرێت، بترسێت یان ئارزوو بکات.

ڕەنگدان: ‌ئێستا چیرۆکی مۆدێرن ئه‌وه‌نده‌ی پشت به‌ ته‌کنیک ده‌به‌ستێت، هێنده‌ گوێ به ‌ڕه‌گه‌زو ئامرازه‌و بنه‌ماکانی ترنادات که‌ له‌پێکهاته‌ی بونیادی چیرۆک دا پێویستن.  ‌به‌بڕوای هه‌ندێک ئه‌مه‌کاری له‌ چێژی گێڕانه‌وه‌ کردووه‌. ئێوه‌ پێتانوایه‌ مۆدێرنێته‌ تا چه‌ند زیانی له‌ بنه‌ماکانی چیرۆک وگێڕانه‌وه‌داوه‌؟

 مەها حەسەن: من لەگەڵ هەموو جۆرە تاقیکردنەوەیەکی شێوازە ئەدەبییەکانم، حەزیشم لە بەکارهێنانی تەکنیکە، چونکە پێموایە پلانێکی جیاوازە بۆ دروستکردنی (جیهانێک/ دەقێک). لەلایەکی تر، تەکنیک جۆرێکە لە یاریکردن لەگەڵ خوێنەر بۆ دوورکەوتنەوە لە بێزاربوون. من لە نووسیندا لەسەر بنەمایەک کار دەکەم، تەنها ئەوەندە بەس نییە چیرۆکێکی جیاواز بگێڕیتەوە، بەڵکو پرسیارە گرنگەکە لەوێدایە: چۆن چیرۆکەکەت دەگێڕیتەوە؟

ڕەنگدان: هه‌ندێک له ‌نووسه‌ران ده‌ڵێن، ئه‌وه‌ی به ‌چیرۆک ده‌ینووسین ده‌توانین بیکه‌ینه ‌ڕۆمان و، ئه‌وه‌ش به‌ ڕۆمان ده‌ینووسین، ده‌توانین بیکه‌ینه ‌چیرۆک، له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌ن؟ کاری واده‌کرێت؟

مەها حەسەن: ڕەنگە لە هەندێک حاڵەتی کەمدا بگوونجێت، بەڵام لە چوارچێوەیەکی گشتیدا، پێموایە هەر هونەرێک و ڕەگەزێکی ئەدەبی، یاسای خۆی هەیە.