ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا: چارەنووسی پێشمەرگەکانی رۆژ دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ


ژیان: کۆچەر عەزیز

لە ماوەى رابردوو، مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات دەستپێشخەرییەکى ئاشتیانەى بۆ لایەنە کوردستانییەکانى رۆژئاواى کوردستان راگەیاند، بە دیاریکراوى کۆبانێ مەبەستى لە ئەنەکەسە و پەیەدە بوو بۆ ئەوەى ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن. بەڵام هێشتا ئەو دوولایەنە هیچ هەنگاوێک لەوبارەیەوە نەچوونەتە پێشەوە.

ژیان: گفتوگۆى ئێوە و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە کوێ گەیشت؟

نەواف حەسەن: ئەو دەستپێشخەرییەی لە رابردوودا لە نێوان  ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا و هەسەدەدا کرا لەلایەن مەزڵوم کۆبانێ-وە بوو،  ئەنەکەسە و هەسەدە، زیاتر لە جارێک چاویان بەیەککەوت، خواست و داواکارییەکانی ئەنەکەسە بە شاندی  پەیەدە وتراوە، بۆیە ویستمان زەمینە سازییەک دروستبکەین و بە یەک پاکێج بێت. دەستگیرگیراوان و چالاکوان و سەرکردەکانمان زیاترن لە ١٠ کەس  و پێویستە ئازاد ببن، هەروەها گەڕانەوەی بارەگاکانمان  کە نزیکەی ٤٢ بارەگامان دەستیبەسەردا گیرابوو لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام  تا ئێستا هیچ زەمینە سازییەک نەبووە و تەنها یەک هاوڕێمان لە زیندان ئازاد بووە، ئەوانی دیکە ئێستاش هەر وەک خۆیان چارەنووسیان دیار نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بۆ یەکڕیزی کورد ئامادەین وەک چۆن  لە هەرسێ رێککەوتنی (هەولێری یەک  و دوو  و دهۆک) ئامادە بووین،ئێستاش ئامادەین و هیوادارین لایەنی بەرامبەر بتوانن شتێک بکەن.

ژیان:هەسەدە داوای لێکردوون بەشداری ئیدارەی خۆسەری بکەن؟

نەواف حەسەن: ئیدارەی خۆسەری شتێکی زۆر باشە بۆ یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان لە رۆژئاوا، هەسەدە زۆرترین دەسەڵاتی هەیە لە ناو ئیدارەکەدا  و دەسەڵاتی بەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی فوراتدا هەیە، تاوەکو دووری ٣٢ کیلۆمەتر ناوچەی کوردییە، ئێمە پێمانباشە لە نێوان هێزەکانی سوریاى دیموکرات و ئێمەدا لێکتێگەیشتنی باش پێکبێت و ئەنجامی هەبێت لە نزیکترین کاتدا، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێکی  باش دیار نییە.

ژیان: چارەنووسی پێشمەرگەکانی رۆژ چۆن دەبێت؟
نەواف حەسەن:
ئەگەر رێککەوتن بکرێت، هەموو لایەنەکان دەگرێتەوە. لایەنی رێکخستن وئیداریی و سیاسی و سەربازیی، ئەو کاتەی گەیشتینە رێککەوتنی سەبازیی، چارەنووسی پێشمەرگەکانی رۆژ دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ و دیالۆگ. لە رێککەوتنی  دهۆک لەسەر ئەوە پێکهاتین، سەرکردایەتییەکی هاوبەش لە پێشمەرگەی یەپەگە و رۆژ و یەپەدە بە شێوەیەکی کاتی  پێکبهێندرێت،  بەڵام بە داخەوە ئەو رێککەوتنە نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە. 

ژیان: وتوێژى ئەمدواییەى  نێوانتان هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە؟
نەواف حەسەن:
ئەو رێککەوتنە  قۆناغێکی نەبڕیوە، ئەو زەمینەسازییەی کە پێویست بوو دروستببێت، نەبووە، دانوستاندن لە  نێوانماندا نەبووە. هەسەدە و ئەنەکەسە هەریەکە و بە جیا کۆبوونەتەوە، نەگەیشتوونەتە قۆناغی دانوستاندن، ئەوانەی هەبووە، کۆبوونەوەی ئاسایی بووە.

ژیان:کێ بنیاتنەری ئەو چاوپێکەوتنانە بوو؟
نەواف حەسەن:
ئێمە هەموو کات وتومانە دەبێت گرەنتی هەبێت بۆ رێککەوتنەکان، رێککەوتنی (هەولێری یەک و دوو، دهۆک) لە ژێر  سەرپەرشتی مەسعود بارزانی و بە هاوبەشی یەکێتی نیشتمانی کوردستان  و عوسمان بایدەمیر و لەیلا  ئەنجامدرا، ئێمە پێمانخۆشە لە کۆبوونەوە و دانیشتنەکاندا گرەنتی نێودەوڵەتی هەبێت، بەداخەوە تا ئێستا هیچ دەوڵەتێک گرەنتی نەداوە، مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، ئامادەن بێنە ناو رێککەوتنەکانەوە،  چەند جارێکیش مەزڵوم کۆبانێ وتویەتى پێمانخۆشە  مەسعود بارزانی  و نێچیرڤان بارزانی، یان نوێنەرێکیان بێنە ناو رێککەوتنەکانەوە و ئامادەبن.