وتەبێژی حکومەت: رازی نابین ئەوانەی بەشداری حکومەت دەکەن قسەی پێ بڵێن


 وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێم لە هیچ کەسێکی قبوڵ ناکات بەشداری حکموەت بکات و قسەی پێ بڵێت و بڵی لە ئەدای حکومەت رازی نین.

ژیان _ سلێمانی: جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت،  بەداخەوە ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە ناوی "چالاک موهەندیس" کۆمەڵێک قسەی بێ بنەما و دوور لە راستی کردووە بەرامبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئێمە ئەو تۆمەتە بێ ویژدانانە بە تووندی رەتدەکەینەوە. 

دەشڵێت"حکومەتی هەرێم قبووڵ ناکات خەڵکانێکی هاوشێوەی چالاکی موهەندیس، کە بە فیتی کەسانی دیکە هەڵدەسوڕێندرێن، بەشداری لە حکومەتدا بکەن تاکو بڵێن لە ئەدای حکومەت رازین یان نا".

"بزووتنەوەی گۆڕان لە لای ئێمە ئەو سەرکردایەتی و کەسە خاوەن هەڵوێست و ئەو وەزیرە بەڕێزانەن، کە لە حکومەتدا بەشدارن و ئەندام و لایەنگرە نیشتمانپەروەرەکانیانن. چاکسازیش بەرنامەی سەرەکی حکومەتە، موزایەدەی ئەو جۆرە کەسانە، لە دەسکەوتەکانی حکومەت و متمانەی خەڵک بە حکومەت کەم ناکاتەوە".