بازرگانە قەرزدارەکان دەڵێن با پیشتر حکومەت پارەکەى ئەوان بداتەوە

وەزارەتى دارایی: هەموو قەرزەکانمان لە بازرگانان وەردەگرینەوە

ژیان:جیهاد جەلال

پرۆژە یاسای چاكسازی لە مووچەو دەرماڵە و خانەنیشی، پرسی قەرزی ئەو كۆمپانیا و بەڵێندەرانەی هێنایەوە بەرباس كە ماوەی چەند ساڵێکە قەرزی حكومەتیان لایە و هێشتا نەیان گەڕاندووەتەوە.یەکێک لەو بازرگانە قەرزدارانەش دەڵێ، ئاسان نییە حکومەت بتوانێ بە ماوەی 3 مانگ پارەکانی کۆبکاتەوە.

رۆژی 16ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان، بە دەنگی 89 ئەندام، پرۆژە یاسای چاكسازیی پەسەندكرد، ئێستا یاساکە لە بەردەم سەرۆکی هەرێمی کوردستاندایە و وابڕیارە دوای ئەوەی واژۆیکرد، حكومەت و وەزارەتی دارایی لە ماوەی سێ مانگدا بڕگە و ماددەكانی پرۆژە یاساكە، بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە.

ماددەیەكی پرۆژە یاساکە، داوا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو 800 ملیار دینارە وەربگرێتەوە، لە ماوەی ساڵانی رابردوو، بە قەرز داویەتییە بازرگانانی هەرێمی کوردستان و ماوەیەکی زۆر ببوە جێگای مشتومڕی نێوان حکومەت و بازرگانان. چوونکە وەک لە یاساکەدا هاتووە، دەبێت ئەو پارەیەی وەردەگیرێتەوە، بەكاربهێندرێت بۆ پێداچوونەوە بە مووچەی خانەنشینی و، پێویستیشیکردووە لەسەر سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی قەرزیان لە حکومەت کردووە، لە ماوەی 3 مانگدا قەرزەکانیان بدەنەوە، ئەگینا دەستبەسەر موڵكەكانیاندا دەگیرێت، كە پێشتر وەك بارمتە لای‌ حكومەت دایانناوە.

شاخەوان رەئوف، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، باسی ئەو ماددەیەی پرۆژە یاساکە دەکات، تایبەتە بە قەرزەکانی حکومەت و دەڵێ، ئەوەی لەسەر پەرلەمانتاران پێویست بوو کردوویانە "پێویستە حکومەت یاساکە جێبەجێبکات و ئەو پارەیە لەو بازرگانانە وەربگرێتەوە"ئەو پەرلەمانتارە رەتیدەکاتەوە بە پەسەندکردنی یاساکە، ئەرکی پەرلەمان کۆتایی هاتبێت لەو بارەیەوە "لە پەرلەمانەوە چاودێریی حكومەت دەبین بۆ جێبەجێكردنی بڕگە و ماددەكانی پرۆژە یاسای چاكسازیی، بڕیارە دوای ئەوەی یاساكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، وەزارەتی دارایی ئەو كۆمپانیایانە ئاگادار بكاتەوە و پێویستە لەماوەی سێ مانگدا سەرجەم قەرزەكانیان بدەنەوە".

یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، ئەوە بە کارێکی ئاسان نابینێت، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک پرۆسەیەکی دوولایەنە سەیری بابەتی قەرزەکان نەکات. گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان داوا دەکات، حكومەت جیاوازی لە وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەدا بكات كە لای بازرگانەكانە.

 یاسین مەحموود رەشید، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەڵێ،بەرلەوەی پارەی حکومەت لای بازرگانان بێت "دوو ملیاردیناری بازرگانانیش لای حكومەتە و پێویستە ئەویش قەرزەكانی بداتەوە بە بازرگانان".

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، بڕیارەكە بە "باش"دەزانێ بۆ وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی ماوەیەكی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام پێیوایە، دەبێت ئەوەش روونبكرێتەوە "ئەو قەرزانەی دراون هەمەجۆرن و، هەر یەكەو بەجۆرێك وەرگیراوە"، بۆیە پێویستی دەزانێ لەسەر حكومەت و وەزارەتی دارایی، جیاوازیی بكات لەوەرگرتنەوەیان "بەجۆرێك، رەچاوی چۆنیەتی وەرگرتنەوەی قەرزەكان بكەن".

وەك یاسین مەحموود رەشید، باسیدەكات، بازرگان هەیە قەرزی لە حكومەت وەرگرتووە، بەڵام هیچ جۆرە كارێكی پێوەنەكردووە "هەشە بۆ پرۆژە وەریگرتووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیتوانیووە تەواوی بكات،بۆیە سوودی لەو قەرزە وەرنەگرتووە، بۆیە دەبێت جیاوازی بكرێت لەوەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەدا، چونكە زۆربەی بەڵندەران بارودۆخیان بەجۆرێكە، ناتوانن لەو ماوەیەی بۆیان دیاریكراوە، ئەو پارەیە بدەنەوە".
یاسین مەحموود رەشید، باسی ئەو دوو ملیار دۆلارەی كەرتی تایبەت دەكات كە لای حكومەتە و دەڵێ،، ئایا خۆی دەتوانێت ئەو قەرزەی بداتەوە؟ "هیوادارین ئەم بڕیارە نەبێتە هۆی ئەوەی، دیسان چەندین بەڵێندەری دیكە ئیفلاس بكات و زیانی نەبێت بۆ بازاڕی كوردستان".

بەپێی زانیارییەكانی (ژیان) كە لەچەند سەرچاوەیەكەوە وەریگرتوون، هەندێك كۆمپانیا ماوەی قەرزەكەی زۆر تێپەڕاندووە و تەنانەت سوودی قەرزەكەشیان نەداوەتەوە، بەپێویستی دەزانن حكومەت بەرامبەر بەوانە لێپرسینەوەی تەواو بكات.بەشێك لە هاووڵاتیان و چاودێرانیش هیوادارن ئەوجارەیان پەرلەمان پێداگیریی لەسەر جێبەجێكردنی یاساكەی بكات و بەدوایدا بچێت بۆ ئەوەی وەك یاساكانی دیكە لە پەراوێزدا نەمێنێتەوە.بەرپرسانی وەزارەتی دارایی بەڵێنی ئەوە دەدەن، تەواوی بڕگە و ماددەكانی پرۆژە یاساكە وەك خۆی جێبەجێدەكەن.

ئەحمەد عەبدولڕەحمان، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، دەڵێ چاوەڕوانی واژۆكردنی یاساكەن لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە "هەركات پەسەندكرا، ئەوكات دەست بەجێبەجێكردنی بڕگە و ماددەكانی دەكەین" وتیشی، بڕگەو ماددەكانی ئەو پرۆژە یاسایە، بە تایبەت ئەو پارەیەی لای بازرگانانە "پێشتر لەلایەن حكومەت و دواتریش لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند كراوە، بۆیە ئەوانیش جێبەجێیدەكەن و ئەو پارانە لە بازرگانان وەردەگرنەوە".