سێ كەس بەتۆمەتی دراوی ساختە و فێڵكردن دەستگیر كران


ئاسایش سێ كەسی بە تۆمەتی ساختەكردنی درا و فێڵكردن لە خەڵكی دەستگیر كردووە كە فێڵبازەكە دانیبەوەداناوە لە ساڵی 2014وە فێڵكردن بووەتە پیشەی و لە هەڵەبجە و شارەزور و گەرمیان فێڵی لە خەڵكی كردووە. 

ژیان- گەرمیان: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان رایگەیاند: پاش چاودێری كردن و كۆكردنەوەی زانیاری ورد و لێكۆڵینەوەی تەواو لە 30.12.2019، دوو تۆمەتبار بە ناوەكانی (س، ا ع، لە دایكبووی1993، ش. م. ح، لە دایكبووی 1999) دەستگیر كران و لە كاتی دەستگیركردنشیاندا بڕی یەك ملیۆن و 175 هەزار دیناری ساختەی عێراقی و 500 دۆلاری ساختەی ئەمریكی پێیانەوە گیراوە. 

ئاشایشی گەرمیان لە راگەیەندراوێكدا دەشڵێت "لە كاتی لێكۆڵینەوەدا هەردوو تۆمەتباری ناوبراو كە بەڕەگەز كوردن و دانیشتووی ناحیەی رزگاریی قەزای كەلارن، دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە و لە لایەن دادوەری لێكۆڵینەوەوە بە پێی ماددەی 281 لە یاسای  یاسای سزادان راگیراون و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە". 

لە لایەكی ترەوە دوو هاوڵاتی لە یاریدەدەرێتی ئاسایشی كەلار سكاڵایان لە دژی تۆمەتبارێكی نەناسراو كرووە كە هەستاوە بە هەلخەڵەتاندن و فێڵ كردن لێیان و پارەی لێیان بردووەو یەكەمیان بری یەك ملیۆن و دووەمیان بڕی 450 هەزار دیناری عێراقی لێ بردوون.

ئاسایش دەڵێت دوای بەدواداچون و كۆكردنەوەی بەڵگەكان "لە رێگای كامێراكانی چاودێرییەوە توانرا لە ماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارەكە دەستنیشان و دەستگیربكرێت و روو بە رووی یاسا بكرێتەوە". 

لەبارەی ناسنامەی ئەو تۆمەتبارەوە دەشڵێت "ناوی تەواوی تۆمەتبارەكە (ا، ح، خ، ف) لە دایكبووی 1970 و دانیشتووی شاری سلێمانیە و بەرەگەز كوردە، لە كاتی لێكۆڵینەوەشدا دانی ناوە بەوەدا كە لە ساڵی 2014 ەوە فێل كردن و فریودانی كردوەتە پیشەو لە سنووری شارەزوور و هەڵەبجە چەندین تاوانی هاوچەشنی ئەنجامداوە".