حکومەت نوێنەرایەتی دیکە لە دەرەوە دەکاتەوە

گۆڕان هێشتا هیچ نوێنەرایەتییەکی لە دەرەوە وەرنەگرتووە

ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێ بەپێی رێککەوتننامەی نێوان بزووتنەوەکەیی و پارتی، دەبوو لە کابینەی نۆیەمی حکومەت دوو نوێنەرایەتی دەرەوە وەربگرن "بەڵام هێشتا کات ماوە بۆ وەرگرتنی ئەو نوێنەرایەتییانە" پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتی، بە هەمانشێوە رەخنەی لە شێوازی دابەشکردنی نوێنەرایەتییەکان دەگرێت "ئێمە تەنیا دوو نوێنەرایەتیمان هەیە و هەمووی بەدەست پارتییەوەیە".

ژیان - کۆچەر عەزیز: ئەو نوێنەرایەتییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە هەیەتی، هەمان ئەو ستافەن لە کابینەی هەشتەمی حکومەت دانراون و هێشتا نەگۆڕاون. لەو کابینەیەدا، بزووتنەوەی گۆڕان

نوێنەرایەتی حکومەتی لە فەرەنسا وەرگرتبوو، بەڵام بەهۆی کشانەوەیان لە حکومەت، ئەو پۆستەشیان لێوەرگیرایەوە و لەوکاتەوە لەلایەن پارتییەوە بەڕێوەدەبرێت. بەڵام بەپێی ئەو رێککەوتننامەیەی گۆڕان و پارتی بۆ بەشدارییکردن لە کابینەی نۆیەم واژۆیان کردووە، دەبێ دوو نوێنەرایەتی پیبدرێت.

بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان،دەڵێ، بڕیاربوو سەرلەنوێ پۆستەکان بەسەر لایەنە بەشداربووەکانی کابینەی نۆیەم دابەشبکرێنەوە و بڕیارە بزووتنەوەی گۆڕان دوو نوێنەرایەتی وەربگرێت "بەڵام هێشتا کات ماوە بۆ دابەشکردنی پۆستەکان، تەنانەت هەندێک پۆستی ناوەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماون دابەشبکرێن".

زیاتر لە شەش مانگ بەسەر پێکهێنان کابینەی نۆیەم تێپەڕیوە و، زۆربەی پۆستەکانی کابینەکە پڕنەکرانەتەوە و بە بەتاڵی ماونەتەوە یاخود لەلایەن ئەو کەسانەوە بەرێوەدەبڕین کە لە کابینەی هەشتەم دانراون.

رێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی فراکسیۆنی پارتی،  لەپەرلەمانی کوردستان، دابەشکردنی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک بابەتێکی سیاسیی دەبینێ دەڵێ، و پەیوەستە بە رێککەوتنی نێوان هێز و لایەن سیاسییەکانەوە  "هێز و لایەنە سیاسییەکان، بە کردار نەهاتوونەتە سەر ئەو بابەتە، چونکە هەندێک پۆستی گرنگتر هەیە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەبێت یەکلایی بکرێنەوە، بۆیە تاوەکو ئێستا نازاندرێت نوێنەرایەتییەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێت یاخود نا"

هەروەك رێبوار بابکەیی باسیدەکات، ئەوان لە پەرلەمانی کوردستان بریاریانداوە هەلسەنگاندن بۆ کاروچالاکی نوێنەرایەتییەکانی حکومەت بکەن لە دەرەوە "لەم خوولەی پەرلەمان هەڵسەنگان بۆ نوێنەرایەتییەکانی حومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بڕیارە هەر جارە و نوێنەرێک بانگ بکەین بۆ پەرلەمانی کوردستان و هەڵسەنگاندن بۆ کاروبارەکانیان بکەین".

 حکومەتی هەرێمی کوردستان، ١٤ نوێنەرایەتی هەیە لە وڵاتانی دەرەوە و سەرجەمیان پارتی و یەکێتی بەڕێوەیان دەبەن. بەڵام پەرلەمانتاران گلەییان لە شێوازی دابەشکردنی نوێنەرایەتییەکان هەیە.

دوو نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و ئێران بەدەست یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوەیە.ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کە هاوکات جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانە، پێیوایە بەڕێوەبردنی هەموو نوێنەرایەتییەکان لەلایەن پارتییەوە پەسەندکراو نییە "دەبێت هەموو نوێنەرایەتیەکان رێکخستنەوەیان بۆ بکرێت"کاروان گەزنەیی، هەروەها وتیشی "هەموو حزبە بەشداربووەکانی حکومەت، مافیان هەیە نوێنەرایەتییان هەبێت لە دەرەوە، بۆیە دەبێت بە پێی بەرکەوتەی هەڵبژاردنەکان دابەشبکرێنەوە، ناکرێ لە 14 نوێنەرایەتی، 12 یان لای پارتی بێت".

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەڵمانیا، سوید، بەلجیکا، بەریتانیا، پۆڵەندا، ئوسترالیا، ئەمریکا، ئیمارات، ئێران، فەرەنسا، چەند وڵاتێکی دیکە نوێنەرایەتی هەیە.

لە کۆی ئەو ١٤ نوێنەرایەتییە، پارتی دیموکراتی کوردستان ١٢ نوێنەرایەتی بەرێوە دەبات، پەرلەمانتارێکی ئەو حزبە دەڵێت، لەسەر بنەمای هەڵبژاردن ئەو نوێنەرایەتییانە دابەشکراون و جۆرێک لە دادپەروەریی تێدایە. رێبوار وتیشی، لەم "خوولەدا کار بۆ ئەوە دەکەین چەند نوێنەرایەتییەکی دیکە لە وڵاتان بکەینەوە".

پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن، کە حزبەكانیان بەشداریی حکومەتییان نەکردووە، پێیانوایە، ئەو نوێنەرایەتییانە بە پشکپشکێنەی حزبی دابەشکراون  بەهۆی رێزنەگرتن لە واژۆ و بەڵێن و رێککەوتننامە سیاسییەکان لە نێوان لایەنەکاندا. رەتیدەكەنەوە  لەم خوولەی پەرلەماندا ئەو پۆستانە یەکلایی بکرێنەوە و وەک خۆیان دەمێننەوە.

ئەبوبەكر هەڵەدنی،ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو رەخنە لەوە دەگرێت،جگە لە پارتی و یەكێتی هیچ لایەنێكی دیكە پشكی نییە لە نوێنەرایەتییەكانی دەرەوە " دەبوو دابەشكردنی ئەو پۆستانە لەسەر بنەمای حكومەتداریی بێت، چونکە ئەوانە کاری فەرمی دیبلۆماسی دەکەن، دەبێت کەسی شارەزا لە بواری دیبلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەو پۆستانە بەڕێوە ببەن".

عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان هەمانشێوەی هەڵەدنی رەخنە لە شێوازی دابەشكردنی ئەو پۆستانە دەگرێت و پێیوایە پارتی و یەكێتی هەمووشتەكانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشكردووە.