تێكۆشان دەتوانێت جەنگەكان ڕابگرێت


بەرزان یونس
دەربارەی فیلمی 1917 "تاکە شتێک بتوانێت ئەم جەنگە ڕابگرێت، تێکۆشانە هەتا کۆتا سەرباز" فیلمی 1917، هیوابەخشین بەلقی سینەماتۆگرافی 124 ساڵەی تەمەنی سینەما و بازدان بەسەر خەونەکانی هەریەک لە جوسێف ڤالانتین و ویلیام سکێل و ئیمانوێل لۆبزکی. کەشی فیلم، گرنگی کەشی فیلمەکە لەوەدایە کاتێک بەتامەزرۆوە دەتەوێت ببیتە بینەری ئەم فیلمە و خۆت ئامادە دەکەیت لە سەرەتاوە بەنەرمی هەڵتدەگرێت و دەیەوێت کەشێکت بۆ دروستبکات هزرت هەزمی بکات، پاشان لەگەڵ کەشێکی جەنگئامێز تیکەڵت دەکات و لەگەڵ دووکەسایەتی بەتۆوە سیان، دەتگەڕێنێتەوە بۆ سەدەیەک بەرلە ئێستا و دەبیت بە بەشێک لەو جەنگە. دەتباتە سەردەمێک لە رابردوو یان داهاتوو، جرجی نێو جەستەی تەرمەکانت پێئاشنا دەکات، جەستە لەچاڵنراوەکانت بۆدەردەخات، ئاژەڵ و بوونەوەرە قوربانیيەکانی دەستی مرۆڤت پێدەناسێنێت، ئاشنای ئەو شارانەت دەکات کەهەڵگیراون، غەرقت دەکاتە نێو جەنگێک پاشان بەبینینی هەموو ئەمانە و زێدەتریش، ئامۆژگاریمان دەکات و دەڵێت ئائەمەیە جەنگ. ئەمە ئەوجەنگەیە کە لەهەموو شوێنێک باسدەکرێت.

 تەواوی فیلمەکە ١٣ جوگرافیای مەیدانی هەیە، هەر کاتێک لە لۆکەیشنێک دەڕواتە سەر لۆکەیشنێکی تر، لۆکەیشنی پێشوو دەبێتە ڕابردوو و دەتەوێ ببیتە بینەری لۆکەیشنی داهاتوو، لەچەند دیمەنێکیشدا بەشيَوەی لۆنگ شۆت، دەچێتە سەر لۆکەیشنی داهاتوو، کەواتە دەتەوێ بگەی بەکۆتایي فیلمەکە و بەرةکانی پێشەوەی جەنگ بۆ تەسلیمکردنی هەواڵی پاشەکشە دەرهێنان: لەگەڵ ئەستەمی دروستکردنی فیلمەکە سام مێندز، بەشێوازێکی زۆر ورد کاری لەسەر دەرهێنان کردووە، سەرەڕای ڕاستی چیرۆکەکە بەڵام مێندز کاری لەسەر هەموو هەستە سایکۆلۆژییەکان کردووە کە لەنێوان تۆ و فیلمەکەدا پچڕان نەبێت، بەڵکو تێکەڵاوبوون هەبێت.

 لەماوەی کەمتر لە٢٤ کاتژمێر، چیرۆکی ڕزگارکردنی ١٦٠٠ سەربازت بۆدەگێڕێتەوە لەڕێگاى وێنەوە ، بەبێئەوەی لە فیلمەکە داببڕێیت و ٢٤ کاتژمێرت بۆدەکاتە ٢ کاتژمێر. دابەشکردن و وێناندنی چرکەساتە درامی و مەئسات و قەلەقی و هیواکان، زۆر زیرەکانە کاری لەسەر کراوە. پڕکردنەوەی دووکیلۆمەتر لە سەرەتاوە هەتاوەکو کۆتایی بەبێکەلێن و هەستکردن بەکەمتەرخەمی کەدواتر دێینە سەری.

 ئەکتەر و کۆمبارس و دیکۆر ئەکتەر: لەم فیلمەدا، سەرەڕای ئەوەی حەلقەی پەیوەندی سەرەتا ۆ کۆتایی فیلمەکە ئەکتەرە ، بەڵام نواندن لاوازیی پێوە دیارە، لاوازی نەک لەڕووی ئەزموون و تواناوە، بەڵکو نەبوونی مەجالی نواندن و ئازادی نواندن لەڕووی بەکارهێنانی جەستە و بەکارهێنانی پێوەرەکانی نواندنەوە، چونکە ئەکتەر بەردەوام لە گەشتکردن و ڕۆیشتن و هەوڵداندایە، هەربۆیە هیچ یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکان نەپاڵێوراون بۆبەدەسهێنانی خەڵاتی باشترین ئەکتەر.

 کۆمپارس : بوونی کۆمبارس و بەکارهێنانی کۆمپارس وەکو زەماوەند، فیلمەکەی ڕازاندووەتەوە. کاریگەریەکی تەواوی هەبووە بەسەر فەزای فیلمەکەوە، ئەگەر هەتا ئێستا کۆمبارس ڕۆڵێکی کاریگەریی نەبووبێ یاخود تەنها بۆ پڕکردنەوە و خزمەتکردنی بابەت و شوێن و لۆکەیشن هەبووبێ، لەم فیلمەدا ڕۆڵى سەرەکی بینیبوو، هەر لەسەرەتاوە هەتا کۆتایی لەزیندوەکانەوە هەتاوەکو مردووەکان، هەر لە سەرکردەوە هەتاوەکو لەگۆڕ نراوێ.

 دیکۆر : گەرچی زۆرکات لە سینەمادا دیکۆر کارێکی گەورەناکات، لەبەر هەبوونی تەکنەلۆجیا و شوێن و هەموو پێداویستییەکانی دیکە، بەڵام لێرەدا بەدوورییەکی زۆر دیکۆر ئامادەکراوە لە دەشتاییەک و دروستکردنی جوگرافیایەکی کلاسیک و مەیدانێکی جەنگ لە سەرەتاوە هەتاوەکو کۆتایی، هەست بە بەتاڵی ناکەی لەچوارچێوەی فرەیمی کامێراکە، لەسەرزەوی و لەژێرزەوی.

سینەماتۆگرافی: ئەوەی گرنگە و جەختی لەسەر کراوەتەوە، لایەنی وێنەگرتنی فیلمەکەیە. ڕەنگە من لەئاستی بریاردان یاخود شیکردنەوەی بەرفراوانی زیرەکی و گەورەیی سینەماتۆگرافەرەکەدا نەبم، بەڵام ئەمە تەنها نووسینێکە و ڕای خۆمە و هیچی تر. بلیمەتانە کاکردن لەگەڵ کامێرا و بەدووری دووکیلۆمەتر هەروائاسان نییە و زۆر بە وردی و بەئەزموونانە کاری لەسەرکراوە بەنموونە، کاتێک مۆڤمێنتی کامێرە بەجۆرێک لەگەڵ هەست و دەروونتا دەجوڵێت، دەڵێی خۆتە و بەدوای ڕووداوەکان دەکەویت ، گواستنەوەی کامێرە لەپشتەوە بۆپێشەوە لە ڕاستەوە بۆچەپ لەئاسمانەوە بۆزەوی، بەبێهەستکردن بەو ئاڵوگۆڕە، بەبێپەڕینی ڕووداوەکان، لە تەواوی فیلمەکە ١٣ جوگرافیا هەیە، هەر جوگرافیایەک کەشوهەوای خۆی پێبەخشراوە لەگەڵ نەبوونی کەتی مەنتقی هەموو شۆتەکانی تر، دەبینیت هەر لە xls هەتا xcaی ، دەبینیت لەگەڵ هەردیمەنێک یاخود لەچەند دیمەنێک لە سەرەتا یاخود کۆتایی قوڵایی مەیدانت بۆدیاریدەکات، دەتوانین بڵێی بەجۆرێک داهێنەرانە کاری لەسەرکراوە، قابیلی قسەکردن نییە و ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە کامێرەیە.

 کەتەکان: ئەگەرچی دەڵێن فیلمەکە بەیەک گرتەیە، بەڵام وەک  بینینی من لە سێ شوێن گومانی کەتی تێدەکەوێت، بەڵام بەشێوازێک بەکەتی نازانیت یاخود کەت نییە و شوێنەکان وان، یەکەمیان دیمەنی تەقینەوەی ژێرزەمینەکە کە بەشێوازێک چەند چرکەیەک پاش تەقینەوەکە سکۆفێلد لەژێر داروبەرددایە کە لێرەدا تاریکییەک دروستدەبێت و پاش چەند چرکەیەک لانک لەژێر بەردە نوقم بووە، دووەم،  لە خوولەکی ١٠٥ کاتی ڕووبەڕوبوونەوەی بلەیک لەگەڵ سەربازەکە و گۆڕینی کات لەرۆژەوە بۆشەو. سێیەم بەربوونەوەی بلەیک بۆنێو ئاوەکە و گۆڕینی کاتی شەو بۆ ڕۆژ.

 پەیام :  جەنگ ئەوەبوو لەنێو فیلمەکە بینیت، بۆیە ببە بەبەشێک لەئاشتی. هەمیشە سەرکردەکان هۆکارێک دەدۆزنەوە بۆ پاڵنانی سەربازەکان بۆجەنگ، ئەوی لەجەنگەکاندا براوەن تەنها جرجەکانن. هەمیشە لەئاسوودەیی و ژێرداری سەوزی ژیانەوە جەنگ دروستدەبێت و دەڕوات بەرەو خەندەق و ئاشووب و لێکەوتەکانی جەنگ و لەکۆتاییشدا،هەر دەبێت بچینەوە ژێر داری پیریی سەوزی ژیان و، دووبارە دروستکردنەوەی ژیان. سوپاس بۆ ئەلفرێد ئێچ میندز، بۆگێڕانەوەی ئەم چیرکە و دروستکردنی فیلمی 1917 دەربارەی جەنگ.