چۆن ئیگۆر سێچین گەیشتە نێو کەرتى نەوتى هەرێمى کوردستان


ژیان: بنكۆڵكارى
بەپێی قسەى سەرچاوەیەکى ئاگادارى عێراقى، ئیگۆر سێچین له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى 2017 و ته‌نیا 5 ڕۆژ له‌دواى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم، نامه‌یه‌كى ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق كردووه‌ و پێشنیارى كارى هاوبه‌شى خستووه‌ته‌ به‌رده‌میان به‌ مه‌به‌ستى په‌ره‌پێدانى كاره‌كانیان له‌ كێڵگه‌كانى باشوورى عێراق "به‌ڵام حكومه‌تى فیدراڵى هیچ وه‌ڵامێكى ئه‌وتۆى بۆ نامه‌كه‌ى سێچین نه‌بووه‌، بۆیه‌ ڕوویكردووه‌ته‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى و ئاشتى هه‌ورامى، كۆبووه‌ته‌وه‌" ئەو کۆبوونەوەیە، بووە سەرەتاى دەستپێکردنى قۆناخێکى نوێ لە هەژموونى رووسیا بەسەر کەرتى وزەى هەرێمى کوردستان.

بەپێى بەڵگەنامەیەکى نوێ، خێزانى بارزانى ده‌ستیان به‌سه‌ر ڕێژه‌ى ٢٨٪ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان-دا گرتووه‌، ته‌واوى داهاته‌كه‌شیان له‌ هه‌ژمارێكى بانكیدا له‌ قوبرس هه‌ڵگرتووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى راسته‌وخۆى له‌گه‌ڵ ئاژانسى هه‌واڵگرى ڕووسیا هه‌یه‌.

كه‌رتى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان، یه‌كێكه‌ له‌و كه‌رتانه‌ى  زۆرترین ئاڵۆزى له‌سه‌ره‌ و ناوبه‌ناویش گه‌نده‌ڵى جۆراوجۆرى ئه‌م كه‌رته‌ و به‌رپرسه‌كانى ئاشكرا ده‌بێت، به‌تایبه‌تى له‌ داهاته‌كه‌یدا. له‌ نوێترین پێشهاتى له‌م شێوه‌شدا، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كى نهێنى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان كه‌ دزه‌ى پێكرابوو ئاشكرایكرد "ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ له‌ ١٣ى حوزه‌یرانى ٢٠٠٨، كه‌ ئاشتى هه‌ورامى، وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان بووه‌ داواى له‌ گرووپى كۆمپانیاكانى (كۆمێت ئێس ئا) له‌ وڵاتى مۆڵدۆڤا له‌ ئه‌وروپا كردووه‌، پاره‌ى گرێبه‌ستێكى نه‌وتی حكومه‌تى هه‌رێم بنێرێت بۆ دوو هه‌ژمارى كۆمپانیاى (ئۆوشن ئینێرجى (ئێف زى ئى) كه‌ كۆمپانیایه‌كى كه‌رتى تایبه‌ته‌ له‌ وڵاتى ئیمارات" له‌برى ئه‌وه‌ى بیخه‌نه‌ هه‌ژماره‌ بانكییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم.

ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئێستا، ئه‌م كه‌رته‌ بووه‌ته‌  مه‌یدانى یه‌كلایكردنه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانى زلهێزه‌كانى جیهان، وه‌ك: ئه‌مریكا، ڕووسیا، چین، توركیا، ئێران، به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا. به‌ڵام، ئه‌و شته‌ى كه‌ له‌م بابه‌ته‌دا هه‌میشه‌ جێگه‌ى سه‌رنجى میدیا و شیكه‌ره‌وەئابووری و سیاسییەکان و شاره‌زایانى كه‌رتى وزه‌ى جیهان بووه‌، بریتیه‌ له‌ تێوه‌گلانى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى وه‌ك خاوه‌نى پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێك له‌ بنه‌ماڵه‌ فه‌رمانڕه‌واكانى هه‌رێمى کوردستان و عێراق، له‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانى ئه‌م كه‌رته‌، چونكه‌ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ساڵى ٢٠٠٦ دامه‌زراوه‌ و به‌ (سندوقى ڕه‌شى) نهێنییه‌كانى وزه‌ داده‌نرێت، پشكى پارتى دیموكراتى كوردستانه‌ و ئاشتى هه‌ورامى كه‌ پێشتر وه‌زیربوو و ئێستا راوێژكارى سه‌رۆكى حكومه‌ته‌ بۆ كاروبارى وزه‌،، په‌یوه‌ندى ڕاسته‌وخۆى له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ى بارزانى هه‌یه.

به‌گوێره‌ى نوێترین به‌ڵگه‌كان كه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكرابوون، ئێستا ڕووسیا له ‌ڕێگه‌ى خێزانى بارزانییه‌وه‌، كۆمپانیاى ڕوسنه‌فت به‌كارده‌هێنێت بۆ جێبه‌جێكردنى پلانی داگیركردنى ئابورى هه‌رێمى كوردستان و عێراق.

سایمۆن واتكینس، نووسه‌رى به‌ناوبانگى ئابوورى و شیكه‌ره‌وه‌ى ئابوورى پێگه‌ى جیهانى ئۆیه‌ڵ پڕایس، ناوه‌ڕۆكى پلانى ڕووسیا و په‌یوه‌ندى به‌ بنه‌ماڵه‌ى بارزانییه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت "وڵاتى ڕووسیا له ڕێگه‌ى كۆمپانیاى ڕوسنه‌فت-ه‌وه‌ هه‌ژموونى خۆى به‌شێوه‌یه‌كى باش به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستاندا سه‌پاندووه‌، ‌ ئێستا هه‌نگاوده‌نێن بۆ سه‌پاندى ئه‌م هه‌ژموونه‌ به‌سه‌ر كه‌رتى غازى هه‌رێمى كوردستان دا".

ئه‌و نووسه‌ره‌ كه‌ خاوه‌نى پێنج كتێبى ئابورییه‌ و به‌ناوبانگترینیان بریتیه‌ له‌ (The Great Oil Price Fixes and How to Trade Them) ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: " ئێستا كۆمپانیاى ڕووسنه‌فت كۆنترۆڵى ته‌واوى ژێرخانى هه‌نارده‌ى بۆرى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌، ئه‌م پلانه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ تاوەکو كۆتایی ساڵى ٢٠٢٠ڕووسیا ده‌ست به‌سه‌ر كه‌رتى غازیشدا بگرێت".

ئه‌و شیكه‌ره‌وه‌ ئابوورییه‌ كه‌ هاوكات به‌ڕێوه‌به‌رى فۆڕێكس بووه‌ له‌ بانكى مۆنتریاڵ له‌ وڵاتى كه‌نه‌دا، ئاشكراشیده‌كات كة بنه‌ماڵه‌ بارزانى له‌ داگیركردنى ئه‌م كه‌رته‌وه‌ تێوه‌گلاون و رونیده‌كاته‌وه‌: "به‌هۆى ئه‌م پلانه‌وه‌ ڕووسیا به‌ هاوكارى ئێران، هه‌ژموونى خۆی سه‌پاندووه‌ به‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ى بارزانى-دا، به‌تایبه‌تیش مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان، هه‌ربۆیه‌شه‌ ئه‌م دوو كه‌سایه‌تیيه‌ دیاره‌ى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى ده‌ستیان به‌سه‌ر ڕێژه‌ى ٢٨٪ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستاندا گرتووه‌، پاره‌كه‌شى له‌ بانكێكدا له‌ باكورى قوبرس دانراوه‌ له‌ژێر ناوى (Masrour‌s then-mistress) ".

ئه‌و نووسه‌ره‌ نایشارێته‌وه،‌ په‌یوه‌ندى له ‌نێوان ئه‌و بانكه‌ و ده‌زگاى هه‌واڵگرى ڕوسیا دا هه‌یه‌. له‌سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌كانى ئێران-ه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌و بانكه‌ى كه‌ پاره‌كه‌ى تێدا هه‌ڵگیراوه‌ په‌یوه‌ندى به‌ ده‌زگاى هه‌واڵگرى ڕووسیا-ه‌وه‌ هه‌یه‌"

لایه‌نێكى ترى ئه‌م بابه‌ته‌ بریتیيه‌ لة ئیگۆر سێچین، به‌ڕێوه‌به‌رى جێبه‌جێكارى كۆمپانیاى ڕوسنه‌فت. ئه‌و ملیاردێره‌ى كه‌ حكومه‌تى ڕووسیا و كۆمپانیاى ڕووسنه‌فت به‌كاریده‌هێنێت بۆ جێبه‌جێكردنى سیاسه‌ته‌كانیان و به‌یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تیيه‌ دیاره‌كانى نزیك لة خێزانى بارزانى داده‌نرێت و له‌ڕووسیا به‌ "پیاوى سه‌روو یاسا" ناسراوه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى یه‌كێكه‌ له‌ هاوڕێ نزیكه‌كانى ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكى ڕوسیا.

له ‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى سێچین و خێزانى بارزانى، سه‌رچاوه‌یه‌ك كه‌ نایه‌وێت ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئیگۆر سێچین له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى 2017 و ته‌نیا 5 ڕۆژ له‌دواى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم، نامه‌یه‌كى ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق كردووه‌ و پێشنیارى كارى هاوبه‌شى خستووه‌ته‌ به‌رده‌میان به‌ مه‌به‌ستى په‌ره‌پێدانى كاره‌كانیان له‌ كێڵگه‌كانى باشوورى عێراق، به‌ڵام حكومه‌تى فیدراڵى هیچ وه‌ڵامێكى ئه‌وتۆى بۆ نامه‌كه‌ى سێچین نه‌بووه‌، بۆیه‌ ڕوویكردووه‌ته‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى و ئاشتى هه‌ورامى، كۆبووه‌ته‌وه‌، پێشنیارى فرۆشتنى بۆرى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستانى بۆ كردوون، له‌پاش ئه‌مه‌ ورده‌ورده‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان پته‌وتربووه‌ تا كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ى، سێچین له‌سه‌ر داواى نێچیرڤان بارزانى، چاوپێكه‌وتنێكى چه‌ند خووله‌كى له‌نێوان پوتین و نێچیرڤان بارزانى رێكخستووه‌".

له ‌باره‌ى ئه‌و یارییه‌شى كه‌ ڕووسیا به‌ به‌كارهێنانى ڕوسنه‌فت و له‌ڕێگه‌ى سێچینه‌وه‌ ده‌یكات، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: "پێشتر كۆشكى كریملن كۆمپانیاى ڕووسنه‌فتى وه‌ك ئامێرێك به‌كارهێناوه‌ بۆ زیادكردنى هه‌ژموونى سیاسى خۆى له‌ هه‌ولێر و، ته‌واوى جیهان دا".

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكرایده‌كات: "ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌یه‌ له‌ به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان، به‌هۆى فه‌رامۆشكردنى به‌رپرسانى به‌غداوه‌، باشترین هه‌لبوو بۆ ڕووسیا، كه‌ له‌ڕێگه‌ى ڕوسنه‌فته‌وه‌ هه‌ژموونى سیاسى خۆى له‌ عێراق بسه‌لمێنێت، ئێستاش به‌ویستى خۆى له‌ دژى ئه‌مریكا له‌ عێراق یارى ده‌كات ته‌نیا به‌و په‌یوه‌ندییه‌ى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان به‌ گشتى و ئاشتى هه‌ورامى و نێچیرڤان بارزانى به‌ تایبه‌تى هه‌یه‌تى".

هه‌ر له‌باره‌ى ڕۆڵى كۆمپانیاى ڕووسنه‌فت وه‌ك ئامرازێكى ئابوورى بۆ سه‌پاندنى هه‌ژموونى سیاسى ئیمس هۆكستۆین، راوێژكارى تایبه‌تى بوارى وزه‌ له‌ ئیداره‌كه‌ى باراك ئۆباما، سه‌رۆكى پێشووى ئه‌مریكا  ده‌ڵێت: "كۆمپانیاى رووسنه‌فت و كۆمپانیاكانى ترى ڕووسیا له‌ بوارى وزه‌دا بیر له‌ قازانج ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك یه‌كه‌ى سیاسیش رۆڵده‌بینن له‌كاتى پێویستدا. ڕاسته‌ هه‌موو ئه‌و ئیشانه‌ى كه‌ ده‌یكه‌ن سیاسى نین، به‌ڵام كاتێك كه‌ سه‌رۆك پۆتین  ویستى له‌سه‌ربێت  رێككه‌وتنى سیاسى بكه‌ن  یان رۆڵى سیاسى بگێڕن، راسته‌وخۆ و به‌بێگومان ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن. پێویسته‌ ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت كه‌ رووسیا  ئامرازى زۆرى هه‌یه‌ بۆ پیاده‌كردنى  هه‌ژموونى سیاسى، به‌ڵام وزه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كاریگه‌رترینیان".

نیگه‌رانییه‌كانى حكومه‌تى عێراق له‌باره‌ى پلانه‌كانى ڕووسیا بۆ كه‌رتى وزه‌ى عێراق زۆر به‌ڕوونى دیاره‌ و، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى عێراقى كه‌ نایه‌وێت ناوى بڵاوببێته‌وه‌ ده‌ڵێت "ڕووسیا زۆر زیاتر له‌وه‌ى ده‌وێت كه‌ له‌ناو ده‌قى ڕێككه‌وتنه‌كه‌یدا نوسراوه‌، له‌ كۆتایشدا ده‌ستيده‌كه‌وێت".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، نایشارێته‌وه‌ ‌ ڕووسیا سووربوونى له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانى له‌ڕێگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌شڵێت: "ئێستا ڕووسیا له‌ ڕێگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ سوربوونى خۆى له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانى ده‌گه‌یه‌نێت، داواكارییه‌كانیشى زۆر زیاتر بوون و داواى پشكى زیاتر ده‌كات بۆ كۆمپانیاكانى له‌ عێراق".