بەهۆی كەوتن لە دوو وانە خۆى کوشت


رووداوى خۆکوشتنى خوێندکارێکى تەمەن 15 ساڵ لە گەرمیان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى تەنییەوە و خێزانەکەشی دەڵێن، خۆکوشتنەکەى تەنیا پەیوەندى بە وەرگرتنەوەى نمرەکانى دوو وانەى خوێندنەوە هەبووە. 

ژیان - ئاریان كەریم: رابیعە، زۆر بانگى کوڕەکەیکرد بۆ ئەوەى لە خەو هەستێت و نانى بەیانى خوات، بەڵام وەڵامى دایکى نەدایەوە. دایکى دەڵێ، چووە بۆ ئەوەى نانى بەیانى لە نانەواى نزیک ماڵى خۆىیان بهێنێت، بەڵام کاتیک گەڕاوەتەوە، گوێی لە دەنگى فیشەکێک بووە لە نێو ماڵەکەیدا "کاتێک گەیشتمە ژوورەکەى، هەموو شتێک کۆتایی هاتبوو، بەهاوار و ناڵەناڵ خەڵکم کۆکردەوە، بەڵام کوڕەکەم مردبوو"

رابیعە محەممەد،  هێشتا رەنگى چاوەکانى ئاسایی نەبوونەتەوە بەهۆى ئازارى لە دەستدانى کوڕەکەى. ئەو ژنە هێشتا ناتوانێ وەڵامى ئەو پرسیارە بداتەوە کە بەردەوام مێشکى دەجاوێ، ئەوە ئەوەندە گرنگ بوو کوڕەکەى وا لەخۆى بکات؟ ئەو رووداوەکە لە سەرەتاوە دەگێڕێتەوە و دەڵێ، ئەو بەیانییە زۆر بانگم كرد بۆئەوەى لەناوجێگەى نووستنەکەى بێتەدەرەوە و نانی بەیانی بخوات، بەڵام نەدەهاتە دەرەوە و نەشدەچوو بۆ قوتابخانە "من لەدوكانی نانەوا دەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە و لەو حەشەكەدا بووم، گوێم لە دەنگی فیشەكێك بوو، كاتێك چوومە ژورەوە، سەیرمكرد نالی لە ژووری نووستنەكەیةتى و فیشەكێكی داوە لەسەری خؤى، كوڕەکەم لەسەر پشت كەوتبوو ‌و خوێنی لەبەر دەڕۆشت".

 كاتژمێر 10:20 خوولەكی سەرلەبەیانى ڕۆژی سێشەممە، 28/1 كوڕێكی تەمەن 15 ساڵ، بەناوی نالی وەلی، لە قەزای كەلار بەهۆی كەمی نمرەكانی خێندنەوە، لە ژووری نووستنەكەی بە فیشەكێك کۆتایی بە ژیانى خۆیدەهێنێت. ئەو، قوتابی پۆلی حەوتەمی بنەڕەتی بوو، ماوەی دوو ساڵ بوو لەیەك قۆناغی خوێندندا مابووەوە، ڕۆژێك پێشئەوەی خۆی بكوژێت، لە كاتی وەرگرتنەوەی نمرەكانیدا، مامۆستاكانی پێیدەڵێن لەدوو وانەدا كەوتووە.

دایكی نالی، دەڵێ کاتێک کوڕەکەى بەو دۆخەوە بینیوە لەسەر جێگاى نووستنەکەى، هەرئەوەندە پێكراوە هاوار بکات "فریام بکەون، نالى خۆى کوشت" دواى چەند خوولەکێکى کەم، دراوسێكانى رژاونەتە نێو ماڵەکەیەوە و پاشان هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتن "هەر لەوێدا پێیانوتم: كوڕەكەت گیانی لەدەستداوە و دواتر دەستیانکرد بەڵێكۆڵینەوە لە هۆكاری خۆكوشتنەكەى، پاشان بەتانییەکیان پیچا لە تەرمەکەیەوە و بە ئۆتۆمبیلی فریاكەوتن، گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێوەوە بۆ پزیشكی دادوەریی "دواتر ئێمە تەرمەكەیمان وەرگرتەوە".

محەممەد وەلی، برای نالییە و زۆر پەسنى براکەى دەدا لە ژیری و وریاییدا " هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووین، دەستببات بۆ چەکەکەى باوکم و بەو شێوە دڵهەژێنە خۆى بکوژێت، چوونکە ئەو بەردەوام بیری لە خوێندنەكەی دەكردەوە" نالى، لە قوتابخانەی شێروانە دەیخوێند لە قەزای كەلاری كۆن، ماوەی دوو ساڵ بوو لە قۆناغی حەوتی بنەڕەتی مابووەوە.رۆژێک پیشتر هەواڵى کەوتنى لە دوو وانە لە مامۆستاکانى وەرگرتبوو محەممەد دەڵێ، براکەى هیچی لای ئێمە و هاوڕێكانیشی باسنەکردبوو، نەیدەیگوت بێزارم و تەنانەت رۆژێک پێش خۆکوشتنى، زۆر ئاسایی هەڵسوکەوتى دەکرد و دەچووە دەرەوە لە ماڵ " دایك ‌و باوك و كەسوكارەكەم سەریان سوڕدەمێنێت، چۆن دەستی چووەتە ژیانی خۆی بەو شێوەیە كە خۆی بكوژێت؟ ساڵی پار كە سەركەوتوو نەبوو لەخوێندنەكەیی و دەرنەچوو، هیچمان پێنەوت و تەنیا باوكم ئامۆژگاریی دەكرد بۆ ئەوەى ئەمساڵ نمرەی باش بەدەست بهێنێت".

د. كەریم شەریف قەرەچەتانی،  توێژەری دەروونی منداڵان‌ و مامۆستای زانكۆیە. ئەو زۆر بایەخ بە پرسی پەروەردەى خێزانیی دەدات و لە بارەى خۆكوشتی نالییەوە دەڵێ، ئەو لەبەر كەمی نمرەكانی خۆی نەكوشتووە "بەڵكو كۆمەڵێك هۆكار هەبوون هانیانداوە بۆ ئەو کارە، ئەم خوێندكارە لەلایەنی عەقڵییەوە هێشتا منداڵبووە و گەشەی نەكردووە، مرۆڤ تاوەکو تەمەنى نەبێتە بیست‌ و پێنج ساڵ، پەردەی مێشكی دروستنابێت و بە بچووكترین كێشە، هەڵدەچێت".

د. قەرەچەتانى، پێیوایە ئەم خوێندكارە، یان دایك‌ و باوكی مامەڵەیەکى تەندروستیان لەگەڵنەکردووە و لێیانداوە و هەڕەشەیان لێكردووە بەوەى، ئەگەرنمرەکانى باشنەبێت ئازارى دەدەن،ئەوەش لە مێشکیدا کۆبووەتەوە و کاتێک ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى خۆى بۆ دەرکەوتووە، وایکردووە خۆى بکوژێت" یان هۆکارى دیکەى پەروەردەییە.

عەلی جەمال قەدووری، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، رووداوەکەى نالى بە "رووداوێکى خۆکوژى" ناودەبات و دەڵێ، سەرلەبەیانى بەیانی ڕۆژی سێشەممە 28.1.2020 لە گەڕەكی جووتیارانی قەزای كەلار، مێرد منداڵێك بەناوی نالی والی، لە دایكبوی ساڵی 2005 لە ماڵی خۆیان فیشەكێك دەنێت بەسەریەوە و خۆیدەكوژێت. وتەبێژى پۆلیسى گەرمیان، وتیشی "ماوەی دوو ساڵە لە حەوتی بنەڕەتی بووە و لەدوو وانەی خوێندن دەرنەچووە و خۆیكوشتوە" تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادوەريی كەلار كراوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و وتەی كەسوكارەكەی وەرگیراوە.