عەبدولستار مەجید: ئەگەر ببمەوە بە جووتیار هەنار، هەرمێ، زەیتوون، پەتاتە دەچێنم

لە ئەڵمانیا لە باڵەخانەیەکى 10 نهۆمیى لە شارى نۆرنبێرگ کرێکاریم کردووە

دیوى یەکەمى ژیانى کەسایەتییە سیاسى و ئەدەبی و کۆمەڵایەتى و هونەرییەکان. لەو چاوپێکەوتنەدا، عەبدولستار مەجید، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان و وەزیری پێشووى کشتوکاڵى حکومەتى هەرێمى کوردستان، باسی ژیانى خۆی دەکات لە دەرەوەى سیاسەت و حکومەت.

عەبدولستار مەجید، گەردنى ئەو فرۆشیارانە ئازاد دەکات لە کاتى مامەڵەدا گرانفرۆشییان بەرامبەر کردووە و دەڵێ، لەوانەیە منیان بە کەسێکى ستەمکار و گەندەڵ زانیبێت و لەبەر ئەوە وایان کردبێت بەرامبەرم. هەروەها دەڵێ، لە شارێکى ئەڵمانیا لە بینایەکى 10 نهۆمیی کرێکارییەکى قوورسی کردووە.

ژیان: سلێمانى 

ژیان: پێش ئەوەی ببیتە وەزیری کشتوکاڵ، هیچ کەسێکی نزیکت ئامۆژگارییەکی نەکردی؟

عەبدوستار مەجید:  بۆ بابەتى وەرگرتن و وەرنەگرتنى پۆستى وەزیرى کشتوکاڵ، هیچ کەسێک هیچ قسەیەکى لەگەڵ نەکردم، بەڵام من خۆم ڕاوێژم بەهەندێک هاوڕێى دڵسۆزم کرد، ئەوانیش هەندێکیان پێیانباشبوو ئەو پۆستە وەربگرم و هەندێکیان بەباشیاننەزانى، بەڵام خاوەنى هەردوو بۆچوونەکة بەئەرکێکى قورسیان دەزانى و پێیانوابوو توشى گرفت و سەرئێشەى زۆر دەبم، لەناوخۆ و دەرەوە.

ژیان: ئەگەر سیاسەت نەبوایە، تۆ عەلی باپیرت دەناسی؟

عەبدوستار مەجید: بێگومان دەمناسى، چونکە ئەو ئەو پیاوێکى ناودارە، بەڵام ئەم جۆرە ناسین و تێکەڵاوییەى ئێستا نەدەبوو.

ژیان: لە خوێندندا لە کام وانەیە زیرەک بوویت و لەکامەش نمرەت باشنەبوو؟

عەبدوستار مەجید: بیرکارى و زانست.

ژیان: هاوڕێکانی قۆناخی سەرەتاییت دەناسییەوە؟

عەبدوستار مەجید: بەڵێ زۆربەیان دەناسمەوە، لەگەڵ هەندێکیان نێوانمان پتەوە و هاتوچۆمان بەردەوامە.

ژیان: بەراشکاوی خۆشەویستترین هاوڕێت ئەوانەن کە سیاسەت بۆی دروستکردوی یان خوێندن و لاوێتی؟

عەبدوستار مەجید: ئەوەى ڕاستى بێت لەهەردوو جۆرەکە برادەرى یەکى یەکیم هەیە، هەندێک لەبرادەرانى کاتى لاویم زۆر خۆشەویست و پلەیەکن، هەندێک برادەرى سەردەمى شۆڕش و پێشمەرگایەتى بۆى پەیداکردووم، زۆر بەڕێز و خۆشەویستن.

بەهۆى میشێل پلاتینییەوە هاندەرى یۆفانتۆسم

ژیان: هیچکام لە هاوڕێکانی منداڵیت هێشتا وەک هاوڕێی نزیک ماون؟

عەبدوستار مەجید: بەڵێ

ژیان: بە چ شتێک زۆر توڕە دەبیت؟

عەبدوستار مەجید: ستەمەکردن، بەتایبەت ئەگەر لەژن منداڵ بکرێت.

ژیان: چ کتێبێک هەیە زۆر حەزبکەی بیخوێنییەوە و هێشتا نەخوێندبێتەوە؟

عەبدوستار مەجید: تەفسیرى قورئانى زۆر بەپێزى مامۆستا عەلى باپیر دەخوێنمەوە.

ژیان: لە کابانیدا زیاتر حەزت لە چییە؟

عەبدولستار مەجید: نازانم چێشت لێبنێم،بەڵام لەکاتى پیشمەرگایەتى چێشتلێنەریم دەکرد، چوونکە بە نۆبەت بوو.بەلام چیشتى ئەوکات سادەبوو مەگەر چۆن برنج و شلە هەبوایە،ئەگینا هەر پەتاتە و تەماتە و رۆن و خورما هەبوایە.

ژیان: کرێکاریت کردووە؟

عەبدولستار مەجید: بەڵێ کردوومە.

ژیان: چ ئیشێک زۆر قورس بووە کە کردووتە؟

عەبدولستار مەجید: ساڵانى هەشتاکان کە قوتابى بووم، ژیان و گوزەرانمان خراپبوو، ناچاربووم لە پشووەکانى سەرى ساڵ و نیوەى ساڵ و هەندێکجار لە رۆژانى هەینى کرێکاریی بکەم. چیمەنتۆم دەکێشا، یان خشتم بۆ سەربان سەردەخست. لە ساڵى 1998 لە ئەڵمانیا لە باڵەخانەیەکى 10 نهۆمى لە شارى نۆرنبێرگ ، دەبوو دیوارى نێوانەکانى بشکێنین و چرت و چاڵەکەشی بە پشت ببەینە خوارەوە، ئەوەش کارێکى زۆ قورسبوو.

ئاسەوارى هیچ شەڕێکى منداڵى بەسەر جەستەمەوە نەماوە

ژیان: تۆ وەزیری کشتوکاڵ بوویت، ئەگەر ببیتەوە بە جووتیار حەزت لێیە چ جۆرە بەرهەمێک بچێنی؟

عەبدولستار مەجید: هەنار، هەرمێ، زەیتوون، پەتاتە.

ژیان: شەو درەنگ دەخەوی؟

عەبدولستار مەجید: نەخێر زۆربەى کات کاتژمێر 11 شەو دەخەوم، مەگەر میوانم هەبێت.

ژیان: لەکاتی منداڵی و هەرزەکاریدا شەڕت زۆرکردووە؟

عەبدولستار مەجید: شەڕمکردووە، بەڵام زۆرنا.

ژیان: هیچ ئاسەوارێکی برینداری شەڕی منداڵی بە جەستەتەوە ماوە؟

عەبدولستار مەجید: نەخێر.

ژیان: زۆرتر حەزت بە خوێندنەوەی نووسینەکانی کام نووسەری کوردە؟

عەبدولستار مەجید: نووسین و بابەتەکانى کاک ئەحمەدى موفتیزادە و مامۆستا عەلى باپیر و ناسری سوبحانى.

ژیان: حەزت لێیە بە تەنیا بازاڕ بکەی یان لەگەڵ ماڵەوە؟

عەبدولستار مەجید: هەندێکجار بە تەنیا، بەڵام ئەگەر پەیوەندى بەوانەوە هەبێت ، حەزدەکەم لەگەڵ ئەوان بازاڕ بکەم.

ژیان: لە ماڵەوە زۆرتر لەسەرچی گلەیت لێدەکەن؟

عەبدولستار مەجید: سوپاس بۆ خوا گلەییان لێم نییە، تەنیا گلەیی ئەوەیان هەیە کە کاتى کەمم بۆ ماڵ و منداڵ ماوە.

ژیان: هەرگیز بەهۆی بێپارەییەوە بەپێ رۆشتووی؟

عەبدولستار مەجید: بێپارەییم بینیوە، بەڵام بیرم نایێ لەبەر بێپارەیی بە پێیان رۆشتبم.

ژیان: بۆ یەکەمجار کەی و چۆن دەستت بە نوێژکردن کرد؟

عەبدولستار مەجید: لە ساڵى 1985 دەستم بە نوێژکردووە کە تەمەنم 15 ساڵ بوو. وردە وردە بە تێگەیشتنەوە دەستم بە خوداپەرستییەکان و کارى ئیسلامیی کرد.

ژیان: کێ هانیدای؟

عەبدولستار مەجید: دایکم  بەرەحمەت بێت، ئەو هانیدام، هەندێک برادەرى باشیشم هەبوون وەک شەهید هیوا، زۆر هانیان دەدام.

ژیان: ئەگەر لە بازاڕ فرۆشیارێک بتخەڵەتێنێ یان بە گران شتێکت پێبفرۆشێ، دواتر هەستت چۆنە؟

عەبدولستار مەجید: بە ئاسایی وەریدەگرم، چوونکە لەوانەیە بەهۆى هەژارییەوە بۆ خاترى بەخێوکردنى منداڵەکانى، گرانفرۆشیی بەرامبەرم کردبێت. یان لەوانەیە منى بە کەسێکى ستەمکار و گەندەڵ زانیبی، بۆیە گەردەنى ئازاد بێت.

بە چ سەرکردەیەک سەرسامی؟
عەبدوستار مەجید: مەهاتیر محمەد سەرۆکی مالیزیا، سەرکردەیەکی مەزنە و توانی پێشکەوتنی گەورە لەوڵاتەکەی دروستبکات.
بە چ زانایەکی بیانی سەردەم، سەرسامی؟
عەبدوستار مەجید: لەزاناکانی ئەم سەردەمە بە بەڕێزان (د.یوسف قەرزاوی، هاوکات زاناکانی دیکەش سەیدقوتب و محمەد قوتب،جی سی ماکس وێڵ، محمد عەممارە) سەرسامم.

ژیان: کاتێک گەنج بووی حەزتدەکرد ببیتە چی؟

عەبدولستار مەجید:مامۆستا، یان ئەندازیار.

ژیان: لایەنگری کام یانەی تۆپی پێیت؟

عەبدولستار مەجید: هاندەرى یۆفانتۆسم، هەر لەسەردەمى هەشتاکانەوە کە میشێل پلاتینى لەوێ یارییدەکرد.